فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بنبەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئەرکی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان
سێشەممە ۲۵-۱۰-۱۴۰۳   |  14-01-2025

پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاوی خەڵک یەک لە دوای یەک دەڕووخێن. دوای ئەوەیکە حیزبوڵڵا لە لۆبنان زیانی قورسی بەرکەوت و تووشی شکستێکی سەرشۆڕانە بوو، سیستمی بەرگریی مووشەکیی سپای پاسداران لە بەرامبەر هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هیچی پێنەکرا، ڕووخانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد دوایین بزماری لە تابووتی ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە” و هێزەکانی “میحوەری موقاومەت” دا. پاش ئەم شکستانە هێزەکانی حەشدی شەعبی و تاقمە ئیسلامییەکانی دیکەی سەربە ڕژیمی ئیسلامی لە عێراقیش زەمینگیر بوون و حوسییەکانی یەمەنیش کەوتوونەتە دۆخێکەوە کە دەبێ پێداچوونەوە بەسەر ستراتێژی مانەوەیاندا بکەن. بەم ڕووداوانە، یەکێک لە پایەکانی ستراتێژی مانەوەی کۆماری ئیسلامی تێکشکا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە ستراتێژی شەڕی پێشگرانە و لەڕێگەی هێزەکانی “میحوەری موقاومەت”ەوە دەیهەویست ببێتە هێزێکی باڵادەستی ناوچەیی و لەم ڕێگەوە سەرەنجی دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و جیهان بەرەو گرینگیی وەبەرهێنان لە ئێران ڕاکێشێ و بەستێنی گەشەی ئابووریی سەرمایەداریی ئێران فەراهەم بکات. خامنەیی و قاسمی سولەیمانی گەلێک جار وتبوویان کە بۆ ئەوەی ئەمنیەت لە خۆڕەمشار و تاران دابین بکەین دەبێ لە لۆبنان و سووریە بەشەڕ بێین. بەڵام ئێستا داڕێژەرانی ئەم سیاسەتە هەم لە لۆبنان و هەم لە سووریە شکستیان خواردووە و شەڕ گەیشتووەتە سەنگەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوەوەی ئێران.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چاوپۆشیی ئەمریکا توانیبووی بە بردنەسەری ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەرزان فرۆش کردنی نەوت و بە سات و سەودای پشتی پەردە لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ گواستنەوەی دۆلاری نەوت و بە تاڵانکردنی سندووقی خانەنشینان، دەوڵەت لە وەرشکستەیی ماڵی نەجات بدات، لەئێستادا لەگەڵ هاتنە سەر کاری ترامپ لە ئەمریکا و ئاسۆی توندبوونەوەی سزا ئابوورییەکان، بەرەوڕووی کێشە و گرفتی زیاتر بووەتەوە. ئەویش لە بارودۆخێکدا کە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و ئاکامی سزا ئابوورییەکان لە قەیرانی سووتەمەنی و کەمبوونی بەرق و دابەزینی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی بەهای پارەی ئێران، لە گرانی و بێتوانایی ڕژیم لە دابینکردنی نان و ئاو، بەرق و هەوای سالم بۆ هەناسەکێشان، خۆی نیشان داوە.

کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەرینایی ئەم قەیرانە ئابوورییە و بەهۆی سرووشتی چینایەتیی سیاسەت و ئەولەوییەتەکانی، ناتوانێ وڵامی داخوازیی بەپەلەی چینی کرێکار، خانەنشینان و پەرستاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بداتەوە. هەر ئەم ڕاستییەش پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەریی خستووەتە ئاسۆوە.

ژنانی ئێران لە درێژەی پێشەنگایەتی و دەورونەخشیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی واتە پایەیەکی ڕژیمی دیکتاتۆریی سەرمایەیان تێکشکاند، لەئێستادا بێباکانە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە گۆڕەپانی خەبات بەرامبەر بە یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی. لە ترسی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، یاسای کۆنەپەرستانەی حیجاب و عیفاف کە لە حەوت خانی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیبوو، خرایە لاوە و نەیانوێرا بەڕێوەی بەرن. ژنانی ئازادیخوازی ئێران لە خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەردا سەرکەتنێکی مێژووییان تۆمار کرد. لە ئاکامی خەباتی بوێرانەی ژناندا دیواری جیجابی ئیجباری داڕماوە.

دەزگای ئیدئۆلۆژیک و ڕووحانییەتی کۆماری ئیسلامی لە خامنەییەوە بگرە هەتا حەوزەی عیلمییە  و قافڵەی ئیمامانی جومعە، ناتوانن مەشرووعییەت بدەن بەو هەمووە شکست و زەلیلییەی کە بەسەر کۆماری ئسیلامیدا هاتووە. ناتوانن مەشرووعییەت بدەن بەو هەمووە هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە، بەو هەمووە بێ مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و زۆرینەی خەڵکی ئێران گرفتاری بووە. تاکتیکی پەرەپێدانی سەرکوت کارایی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و ناتوانێ کۆمەڵگا چاوترسێن بکات.

هەرچی بنبەستەکان، شکست و ناکامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئاشکراتر دەبێت، کابووسی شۆڕش و هەڵچوونی تۆڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری، سەرانی ڕژیم زیاتر تووشی ترس و خۆف دەکات و کێشمەکێش و ناکۆکی و قەیرانی ناو باندەکانی حکوومەت پەرەدەستێێت. ئەمڕۆ تەنانەت لە ئاڵقەی پارێزکاران و بناژۆخوازانی ڕژیمدا، سەردەمی خامنەیی بە گەندەڵیی سیستماتیک پێناسە دەکەن و بۆ مانەوە و ڕاگرتنی نیزامی ئیسلامی باس لە پێویستیی تێپەڕبوون لە سەردەمی خامنەیی دەکەن.

لە کاتێکدا کە حکوومەتی ئیسلامی گەیشتووەتە بنبەست، هەموو باڵەکانی دەسەڵات ڕەمزی مانەوەی نیزامی ئیسلامی لە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوتدا دەبینن. چوونە سەری ٢٠٠%ی بوودجەی هێزە نیزامییەکان و ئۆرگانەکانی سەرکوت لەژێرناوی بردنەسەری بوودجەی بەرگریی وڵات، تەرخانکردنی سەدان ملیارد تمەن بە گەڵاڵەی کۆنەپەرستانە و دژەژنی کلینیکەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەدحیجابی، پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام بەتایبەت ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و درێژەی دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕوونی پێگەی سەرکوت لە ستراتێژی مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نیشان دەدات. بەڵام ئەزموونی هەموو حکوومەتە دیکتاتۆرەکان و ئەزموونی ڕووخانی دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد لە سووریە جارێکی تر نیشانی دا کە بە پشتن بەستن بە ستراتێژی سەرکوت ناتوانن حکوومەتە ئیسلامییەکەیان لە “مەترسی”ی ڕووخان ڕزگار بکەن.

لەژێر فشاری قەیرانەکان و بنبەستێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێیدا گرفتار بووە، ئەگەری زۆرە سەرانی ڕژیم و کادری ڕێبەریی سپای پاسداران، خۆیان بۆ سازشێکی گەورە و یەکجار “قارەمانانە” لە پەیوەند لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی ئامادە بکەن. سازش لە هاوسەنگییەکی هێزدا کە ڕژیم ئامرازی فشاری “میحوەری موقاومەت”ی لەدەستداوە، بێتوانابوونی لەبواری دیفاع کردن لە خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل ئاشکرا بووە و لە ناوەوەی ئێرانیش لەگەڵ گرفت و ئاستەنگیی زۆر بەرەوڕوو بووەتەوە. بژاردەیەکی دیکەی ڕژیم ماجەراجوویی ئەتۆمی و دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە. ئەم ئەگەرە بەتایبەت بەلەبەرچاوگرتنی پێگەیەک کە سپای پاسداران لە ئابووریی ئێراندا پەیدای کردووە، پێدەچێت لاواز بێت. لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەکان ئەگەری کوودتای نیزامیی سپای پاسدارانیش ئەگەرچی زۆر لاوازە بەڵام نابێت لەبەرچاو نەگیرێت. هەرچەند، هەر ئێستاش سپای پاسداران هەموو ئامرازەکانی سەرەکیی دەسەڵات، هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکان، مەجلیس، سەدا و سیما و ئابووریی لەدەستدایە و کوودتا تەنیا دەتوانێ بەمانای ڕاگەیاندنی فەرمیی حکوومەتی نیزامی بێت.

لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی بنبەست و تەنگانە بووەتەوە، نە تەنیا ئەزموونی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١، بەڵکوو ئەزموونی هەموو شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم و ئاخێزە ئینقلابییەکانی سەدەی بیست و یەک نیشانیان داوە کە لە بارۆدۆخی ئەمڕۆی ئێراندا مانگرتنی سەرتاسەری کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری وێڕای گەڵاڵەکردنی ئەو داخوازییانەی کە بوونەتە بڕبڕەی پشتی مانگرتنی گشتی و سیاسی، گونجاوترین ڕەوتی پێشڕەوەیی خەبات بەرەو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە. هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەئاستی سەرتاسەریدا پێویستە لەم ڕاستایەدا، ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە و شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری بکەنە ئەولەوییەتی چالاکییەکانیان. ئەم بارودۆخە سیاسییە و پێگەی کۆماری ئیسلامی، ئەرک و ئامادەیی تایبەت لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە کوردستان دەخوازێت.

  • هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە بە بەرینایی شار و گوندەکانی کوردستان لە تۆڕێکی بەریندا پێگەوە پەیوەندییان هەیە. ئەم توێژە لە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە جەرگەی چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە جەرگەی ڕێکخستنی مانگرتنە گشتییەکان لە کوردستان، لە جەریانی ڕێکخستنی یارمەتی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە و لافاو و هیتر، ڕێکخستنی ئاکسیۆن و گوڵگەشتەکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن و ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لە جەریانی ئاخێزە جەماوەرییەکان و هیتر، یەکتریان ناسیوە و پێکەوە پەیوەند دراون. لە جەریانی ئەم چالاکییانەدا متمانەیان بە یەکتر پەیدا کردووە. لە بارودۆخی ئێستادا چالاک کردنی ئەم پەیوەندییانە، قایمکردن و پەرەپێدانیان بەرەو چالاکان و کەسایەتییە خۆشناوەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتی و باقیی تێکۆشەرانی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان، یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵەیە.
  • لەم قۆناغەدا پێویستە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە زیاتر لە هەموو کاتێک لە پێگەی ڕێکخەر و ڕێبەری بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگادا دەرکەون. هەوڵ بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەی دژی بێکاری، وەڕێخستنی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە گرانی و نەبوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی لە شارەکان و یارمەتیدان بۆ ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە پێویستە ببێتە ئەولەوییەتی چالاکییەکان. ئەو ئاژیتاتۆر و موبەلیغانەی کە لە جەرگەی چالاکییەکانی ئێستادا پەروەردە بوون، دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هێنانە مەیدانی جەماوەری ناڕازیدا هەبێت.
  • یارمەتیدانی ڕێکخستنی کرێکارانی بیناسازی و پڕۆژەیی و کرێکارانی شارۆچکە سەنعەتییەکان گرینگییەکی تایبەتی هەیە. پێویستە بەردی بناغەی ئەم ڕێکخراوانە دابنرێت بۆ ئەوەی لە کاتی باشتربوونی هاوسەنگی هێزدا بەخێرایی جەماوەری ببنەوە. موعەلمیانی تێکۆشەری کوردستان و خانەنیشنان بە پەیوەندییان لەگەڵ موعەلیمان و خانەنشینانی سەرتاسەری ئێران لە جەریانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵانی ڕابردوودا تا ئاستێک ڕیزەکانیان ڕێکخستووە. پێویستە ئەم هەوڵانە بەرز بنرخێنین. پێویستە یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی ئەم ڕێکخستە بەرەو هەموو خوێندنگا و شارەکانی کوردستان پەرەبستێنێت. پێویستە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی موعەلیمانی تێکۆشەر، لە پێکهێنانی ناوەندەکانی خوێندکاران لە مەدرەسەکاندا یارمەتیدەر بین.
  • ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە گەڕەکەکانی پەراوێزی شارەکان لەناو شۆرا و ئەنجومەنەکان دەتوانێ لە هێنانە مەیدانی هێزی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژندا ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەبێت. هێنانە مەیدانی ئەم هێزە مەزنە و کۆمەک بە ڕێکخستنی، یەکێک لەو بوارانەیە کە پێویستە سەرنجی بخرێتە سەر.
  • لەگەڵ گەشەکردنی شۆڕش و لەگەڵ گۆڕانی زیاتری هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ڕاپەڕینی شار و شۆڕش، پێویستە دەستبەجێ شۆراکان و باقیی ناوەندەکانی جەماوەری لە گەڕەکەکانی شارەکان، شاروچکە و گوندەکان دامەزرێن. دەبێ ئامادە بین کە لەگەڵ سست بوونەوەی پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیم لە کوردستان و پاشەکشە کردنی، ژنان و پیاوانی ڕێکخراو لەناو شۆراکان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری کۆنتڕۆڵ و ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن. نابێ ڕێگە بدەین حیزبە ناسیۆنالیستەکان لەسەر سەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستانەوە، دەسەڵات زەوت بکەن.
  • هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی دەستپێکی لێکهەڵوەشانی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە کوردستان، گرتنەوە و چەککردنی پایەگا نیزامییەکانی دوژمن بخەنە دەستووری کارەوە. بەلەبەرچاوگرتنی بوونی سوننەتی خەباتی چەکداری لە کوردستان، وە بەهۆی وجوودی هەزاران کادری بەئەزموون کە خەباتی چەکدارییان تەجروبە کردووە، دەکرێ لەگەڵ لێکهەڵوەشان و هەرەسهێنانی هێزەکانی ڕژیم لە کوردستان دەست بە کاری هێنانە مەیدانی خەڵک بکرێت بۆ چەک کردنی پایەگا نیزامییەکان. پێویستە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستان لەئاستی جەماوەریدا چەکدار بکرێن و بە هێزی چەکداری خۆیان لە دەسەڵات و دەستکەوتەکانیان پارێزگاری بکەن.
  • هەرچی لە سەردەمی ڕاپەڕینی سیاسی و شۆڕشگێڕانە نزیکتر دەبینەوە، هەوڵی ڕەوت و گرووپە کۆنەپەرستەکان بۆ پێکهێنانی تەفرەقەی نەتەوەیی و ئایینی زیاتر دەبێت. پێویستە بە هۆشیارییەوە ئەم تەفرەقەنانەوەیە پووچەڵ بکرێتەوە.
  • لە کاتکێدا کە حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان بۆ “ڕووخاندن”ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چاوی هیوایان لە فشاری زۆرینەی ترامپ بڕیوە، وە بۆ زەوتکردنی دەسەڵات لەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە پلان دادەڕێژن، هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە پێویستە خەڵکی کوردستان لەژێر نفووزی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەیە بێننە دەر. وە باوەڕ بە هێزی خۆیان و هێزی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە سەرتاسەری ئێران بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی هەرچی زیاتر بەهێز بکەن.
  • هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە جەرگەی ئەم چالاکییانەدا پێویستە پایەی کۆمەڵایەتی و نفووزی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان پەرەپێبدەن و بە پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێران دەورونەخشی خۆیان بۆ مسۆگەرکردنی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان هەتا هەڵکردنی ئاڵای سەرکەوتن و دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، بەجێ بێنن.
  • لەڕێگەی ئەم چالاکییە ئینقلابییانە و کاری نەخشەمەند و ڕێکخەرانە دەتوانین دەرفەتی تازە بۆ پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پێکبێنین. دەتوانین لەو دەرفەتانەی کە پێش دێت بەشێوەی گونجاو کەڵک وەرگرین و ئەو مەترسییانەش کە هەرەشە لە خەڵکی کوردستان دەکەن پووچەڵ بکەینەوە.