فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بنەماڵەی قوربانییان و کرێکارانی بەندەری ڕەجایی هەروا بەشوێن حەقیقەتەوەن
دوشەممە ۱۹-۰۳-۱۴۰۴   |  09-06-2025

زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە تەقینەوەی ترسناک و مەرگباری بەندەری ڕەجایی تێدەپەڕێت. تەقینەوەیەک کە نەتەنیا کرێکارانی کردە قوربانی و ئەم بەندەرەی وێران کرد، بەڵکوو گەندەڵیی ڕیشە داکوتاوی ناو دەسەڵاتی ئیسلامیشی زیاتر ئاشکرا کرد. ئەو دەسەڵاتەی کە تێیدا سوود و قازانج فەرمانڕەوای موتڵەقی گیان و بژێوە. ئەو بنەماڵانەی کە ئازیزانیان لەناو بڵێسەی تەماع و نابەرپرسایەتیدا لەدەستداوە خوازیاری سەرەتایی ترین مافی ئینسانی، واتە حەقیقەتن. ڕاگەیاندنی ڕەسمیی هۆکاری کارەسات، ناساندن و دادگایی کردنی بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەم جنایەتە کەمترین چاوەڕوانی لە نیزامی سیاسییە. بەڵام لە پێکهاتەیەکدا کە وەدیهێنانی ئەم مافە سەرەتاییانە بە دەسەڵات و قازانجەوە بەستراونەتەوە، تەنانەت ئەم داواکارییەش وەک هەڕەشە بۆسەر نیزامی دەسەڵاتدار چاوی لێدەکرێت.

ئەمڕۆ بەندەری ڕەجایی بووەتە هێمای کار و ڕەنج و مەرگ. ئەو کرێکارانەی داغی لەدەستدانی هاوڕێکانیان بەسەر دڵیانەوەیە، هەموو ڕۆژێ دەچنەوە ئەو شوێنی کارەی کە بۆ زۆرێک بووەتە گۆڕی بەکۆمەڵ. ئەم ڕستە هێمایینەی کە “هەموو بەیانیان پێ لەسەر گۆڕی هاوڕێیانی دۆینێ دادەنێین”، تەنیا وێنەسازییەکی ئەدەبی نییە. بەڵکوو ڕەوایەتێکی ڕوونە لە بارودۆخی ئیمەنی و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتێک کە سێبەری بەسەر کار و ژیانیاندا کێشاوە.

لە لۆژیکی سەرمایەداریدا کە قازانج سەرەکیترین بابەتە، ژیانی ئینسان دەبێتە شتێکی کەم بایەخ. گیان بەختکردنی دەیان ئینسان لە بەندەرێکدا کە دەبوو شوێنکێ ئەمن بۆ کار و ژیان و گوزەران بێت، نەک ڕووداوێک، بەڵکوو ئاکامی زاڵبوونی نەزمێکە کە پێگەی کرێکاری بۆ ئاستی چەرخ دەندەیەکی بێ بایەخ هێناوەتە خوارێ.

ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بە سانسۆڕ، هەڕەشە، و بایکۆتی میدیایی نیشانی دا کە حەقیقەتیش دەبێ لەگەڵ موناسباتی دەسەڵاتدا بگونجێ. لەم ڕەوایەتەدا، نەک تەنیا تەقینەوەکە بەڵکوو هەڵسووکەوت کردن لەگەڵی، نیشانەی ڕوونی دەسەڵاتێکی ئابووری – نیزامییە کە بێتوانایە لە وڵامدانەوە. چونکە خۆی لە پێگەی تاوانبار دایە. ئەنبارکردنی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکانی وەک سۆدیۆم پەرکلۆرات، بەبێ هیچ هۆشدارییەکی سەلامەتی لە ناوچەیەکی پڕجەمعییەت، هەڵەیەکی تاکەکەسی نییە. بەڵکوو نموونەیەکی ئاشکرا و ڕوونە لە ئەولەوییەتدان بە سوود و قازانج لە جیاتی ئیمەنی و سڵامەتیی شوێنی کار.

پێکهاتەیەکی گەندەڵ کە تێیدا دامەزراوە نیزامییەکان و کۆمپانیا نیمچە دەوڵەتییەکانی لە هەر جۆرە چاودێری و وردبینییەکی سەربەخۆ موعافن، ناتوانێ سڵامەتی گشتی دەستەبەر بکات، بەڵکوو خۆی سەرچاوەی مەترسییە. پرسیار ئەوەیە ئایا لەماوەی ئەم ٤٤ ڕۆژەدا، تەنانەت یەک بەیاننامەی ڕەسمیی شەفاف سەبارەت بە هۆکار و ئەنجامدەرانی ئەم کارەساتە مەرگبارە بڵاوکرایەوە؟ وڵام نەخێرە. وە ئەوە خۆی پێمان دەڵێ کە ئاشکراکردنی حەقیقەت، ڕاستەوخۆ دەبێتە بەرنگاری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات.

دەزگای قەزایی، میدیا ڕەسمییەکان، و تەنانەت بەدەنەی مودیریەتی، لە شاردنەوەی بەرینایی ئەم کارەساتەدا دەوری ڕاستەوخۆ دەبینن. ئەم پەیوەندییە ئۆرگانیکەی دەوڵەت و سەرمایە، لە شێوازی جۆراوجۆردا دیاردەیەکی پێکهێناوە کە تێیدا، تەنانەت ڕاپۆرت نووسی سەربەخۆش دەکرێتە ئامانجی هەڕەشەی ئەمنیەتی. لە وەها فەزایەکدا، بنەماڵەی قوربانییان و کرێکارانی داغدار، بوونەتە گرینگترین بێژەرانی حەقیقەت. ئەم گۆڕانی پێگەیە، زیاتر لەوەیکە ئیحساسێک بێت، نیشانەی قەیرانێکی قووڵترە، نیشانەی داڕمانی کۆمەڵگایەکە کە تێیدا حەقیقەت بووەتە کاڵایەکی ئەمنیەتی.

داخوازیی “ڕاگەیاندنی ڕەسمیی هۆکاری ئەم کارەساتە و سزادانی بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی” پۆتانسیەلی ئەوەی هەیە کە لە خواستێکی یاسایی بچێتە سەرتر و ببێتە داخوازییەکی سیاسی – چینایەتی. داخوازییەک کە دەتوانێ هاوپشتیی لە نێوان بزووتنەوەی کرێکاری، بنەماڵەی قوربانییان و هێزە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزتر بکات. تەنیا بە هاوپشتیی و لەڕێگەی ڕێکخستنەوە دەتوانین بەرەنگاری ئەم چەرخەی مەرگ و بێمافییە بینەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێ سەرەنج بدرێتە بابەتی ڕێکخستن و ڕێکخراوەی سەربەخۆی کرێکاری لە بەندەرەکان، پاڵاوگەکان، کارخانەکان، مافی چاوەدێریی ڕاستەوخۆی کرێکاران بەسەر شێوەکانی ئەنبارداری، گواستنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەمنیەتی، یەکگرتوویی بنەماڵەی قوربانییان لەگەڵ ڕێکخراو و ناوەندە سەربەخۆ کرێکارییەکان و کۆمیتە مەحەلییەکان بۆ بەدواداچوونی مافی کرێکاران، پەرەپێدانی فێرکاریی ئیمەنیی سەربەخۆ و سەربەخۆکردنی سیستمەکانی هۆشدار لە شوێنەکانی کار. ئەم ڕێکارانە نەک هەر کاردانەوەیەک بەم کارەساتە، بەڵکوو هەنگاوێکە بەرەو دروستکردنی پێکهاتەیەک کە تێیدا، ئیمەنیی شوێنی کار و ژیان لە پێش قازانجەوەیە.

لە بەندەری ڕەجایی هەتا بەیرووت، کارەساتەکانی سەرمایەسالاران هەڵگری یەک پەیامن: ئەو نەزمە سەرمایەدارییەی کە تەنیا بیر لە قازانج دەکاتەوە، درەنگ یان زوو دەبێتە هۆی تەقینەوە. بنەماڵە جەرگسووتاوەکانی ئەمڕۆ پێشەنگی یەکسانی کۆمەڵایەتی سبەینێن. ئەم هاوارە تەنها خەم و پەژارە نییە، هیوایە بۆ بنیاتنانی نەزمێکی نوێ.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv