فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران لەژێر باری کەمەرشکێنی هەڵاوسانی ئابووریدا
یەکشەممە ۲۸-۰۴-۱۴۰۵   |  19-07-2026

بەرزبوونەوەی سەعات بە سەعاتی نرخی کاڵا و پێداویستییە ڕۆژانەکان و هەڵاوسانی بێسنوور، ژیان و گوزەرانی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژە چەوساوەکانی لە ئێران خستووەتە ژێر گوشارێکی توندەوە. کاتێک کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئامار، ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە جۆزەردانی ١٤٠٥دا دەگاتە ٨٨٫٦ لەسەد، هەڵاوسانی ساڵانە لە ٦٢ لەسەد تێدەپەڕێت، هەڵاوسانی گوندەکان سنووری ١٠٨ لەسەد دەبەزێنێت و نرخی خۆراک لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا نزیکەی ١٣٥ لەسەد بەرز دەبێتەوە، ئیتر ناکرێت ئەم پرسە تەنیا لە چوارچێوەی “گرانی” یان “شێوانی کاتیی بازاڕ”دا کورت بکرێتەوە. ئەم ئامارانە باس لە قەیرانێک دەکەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکانی دەسەڵات، خاوەندارێتی و بەرهەمهێنانەوەی چینایەتی ئاشکرا دەکات. بەرزبوونەوەی ١٣٩ لەسەدی نرخی نان و دانەوێڵە، هەڵکشانی زیاتر لە ١٧٨ لەسەدی نرخی گۆشتی سوور و مریشک، و چوونەسەری زیاتر لە ٢٧٨ لەسەدی نرخی ڕۆن و چەورییەکان، لە هەلومەرجێکدا ڕووی داوە کە کەمترین حەقدەستی مانگانە، بە لەبەرچاوگرتنی نرخی دراو لە بازاڕی ئازاددا، بۆ نزیکەی ٩٥ دۆلار دابەزیوە. ئەم کەلێنە قووڵەی نێوان داهات و خەرجی، بە واتای گواستنەوەی بەردەوامی سامانە لە هێزی کارەوە بۆ چینی دەسەڵاتدار و ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی.

یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە لە شیکردنەوەی دۆخی ئێستادا دەبێت سەرنجی بدرێتێ، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ئەو قازانجەیە کە لە هەڵاوسانەوە دەستی دەکەوێت. چڕبوونەوەی سەرچاوەکانی دراو و یەدەگی ئاڵتوونی وڵات لە دەستی دەوڵەتدا، ئەوە دەردەخات کە حکوومەت لە پراکتیکدا قازانج لە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکات. دەوڵەتی ئیسلامی تەنیا لە یەک ڕۆژدا نزیکەی ٥٠٠ کیلۆگرام ئاڵتوون دەخاتە بازاڕەوە و قازانجی کڕین و فرۆشتنەکەی دەخاتە گیرفانی خۆیەوە. ئەم نموونەیە، نیشاندەری لۆژیکی کارکردنی حکوومەتێکی گەندەڵە کە قەیرانی کردووەتە سەرچاوەی داهات. تا بەهای دراوی نیشتمانی زیاتر دابەزێت، سەرمایە دراوییەکان و ئاڵتوونەکانی دەوڵەت بە ڕیاڵ بەهایەکی زیاتر پەیدا دەکەن، بەمەش دەرفەتی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە ڕێگەی هەڵاوسانەوە زیاتر دەبێت. لە ئەنجامدا، دابەزینی بەردەوامی توانای کڕینی خەڵک دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی دابینکردنی دارایی بۆ حکوومەت. پێکهاتەی گەندەڵی حکوومەتی ئیسلامی لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی دراو، سیستەمی بانکی، کۆمپانیا نیمچە-دەوڵەتییەکان و قۆرخکاریی بازرگانیی دەرەکییەوە، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە قەیرانی ئابووری لە بەرژەوەندیی خۆی بەڕێوە ببات.

ساڵانێکە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات سەرجەم قەیرانە ئابوورییەکان بخاتە ئەستۆی گەمارۆ دەرەکییەکان. بێگومان گەمارۆکان گوشارێکی بەرچاویان خستووەتە سەر ئابووریی ئێران، بەڵام کورتکردنەوەی هەموو باری قەیرانەکە لەم هۆکارەدا، چاوپۆشی کردنە لە پێکهاتەی ڕاستەقینەی ئابووریی سیاسیی وڵات. لە ساڵانی دواییدا دەیان ملیار دۆلار داهاتی بەدەستهاتوو لە هەناردەی پترۆشیمی، بەپێی پلانێکی داڕێژراو لە دەرەوەی وڵات ڕاگیراوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ سووڕی ئابووری، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هاوکات دەوڵەت بۆ ئازادکردنی نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار لە سەرچاوە دەستبەسەرکراوەکان دەچێتە نێو دانوستانە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکانەوە. ئەم ڕاستییە ئەوە دەسەلمێنێت کە کەمیی دراو تەنیا بەرهەمی گوشاری دەرەکی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی شێوازی ڕێکخستنی ئابووری و کۆبوونەوەی سەرچاوەکانە لە دەستی چینی دەسەڵاتدار و ئەو دامەزراوانەی کە وەڵامدەرەوەی خەڵک نین. گەمارۆ تەنیا کاتێک دەبێتە قەیرانێکی گشتگیر کە پێکهاتەی ئابووری لەپێشترەوە تووشی ناتەبایی و ناکۆکییەکی قووڵ بووبێت. ئابووریی ڕانتی، پشتبەستن بە هەناردەی کەرەستەی خاو، قۆرخکاریی بازرگانیی دەرەکی، گەندەڵیی سیستماتیک و هەژموونی سپا، ئەو زەمینانەن کە گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر دادەنێن. بۆیە دەبێت بۆ هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووری، نەک لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵکوو لە نێو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا بگەڕێین.

یەکێک لە کارکردە گرنگەکانی هەڵاوسان، دابەزاندنی بەهای ڕاستەقینەی هێزی کارە. سەرمایەداران لە زۆرێک لە وڵاتان بۆ زیادکردنی قازانج، ڕاستەوخۆ حەقدەستەکان کەم دەکەنەوە؛ بەڵام لە ئابوورییەکدا کە هەڵاوسانێکی درێژخایەنی هەیە، ئەم ئەرکە خودی هەڵاوسان جێبەجێی دەکات. کاتێک نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە دوو هێندە بەرز دەبێتەوە، بەڵام حەقدەستەکان تەنانەت نیوەی ئەو بەرزبوونەوەیەش قەرەبوو ناکەنەوە، لە کردەوەدا پشکی کرێکاران لەو سامانە کۆمەڵایەتییەی کە بەرهەمی دەهێنن کەم بووەتەوە. دابەزینی بەهای ڕاستەقینەی حەقدەست، بەبێ پەسەندکردنی هیچ یاسایەک یان ڕاگەیاندنێکی فەرمی، دەبێتە هۆی گواستنەوەی هەمیشەیی بەها لە هێزی کارەوە بۆ خاوەن سەرمایەکان و دەزگای دەوڵەتی و نیمچە-دەوڵەتی. ئەمەش بە واتای توندبوونەوەی چەوساندنەوەیە. کرێکار هێشتا هەمان سەعات کار دەکات، بەڵام بەشێکی زیاتر لە بەهای بەرهەمەکەی لە شێوەی قازانج، ڕانت یان داهاتی دەوڵەتیدا لێ زەوت دەکرێت. کەواتە هەڵاوسان، یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی پەرەپێدانی چەوساندنەوە لە سەرمایەداریی ئیسلامیدا.

بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی خانووبەرەش، وێنەیەکی ڕوونی لۆژیکی سەرمایەداری دەخاتە ڕوو. لە هەلومەرجێکدا کە ملیۆنان بنەماڵە بێبەشن لە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، هەزاران یەکەی نیشتەجێبوونی چۆڵ یان نیوەچڵ بۆ ساڵانێکی زۆر بەبێ بەکارهێنان ماونەتەوە. نموونەی ئەو باڵەخانانەی کە بۆ ماوەی سێ دەیە تەنیا پەیکەرەکەیان لە ناوچەکانی باکووری تاران ماوەتەوە و سەرمایەداران پاش وەرگرتنی ملیۆنان دۆلار ئاسانکاریی بانکی، وڵاتیان جێهێشتووە، ئەوە دەردەخات کە سەرمایە ئیتر پێویستییەک بۆ چوونە نێو پرۆسەی بەرهەمهێنان نابینێت. قازانجکردن لە قۆرخکردنی زەوی، بەرزبوونەوەی نرخی داراییەکان و هەڵاتنی سەرمایە، زۆر زیاترە لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە. ئەم دۆخە دەرئەنجامی سروشتیی هەژموونی سەرمایەی داراییە بەسەر ئابوورییەکەدا. خانووبەرە لە ئێران بووەتە ئامرازێک بۆ پاشەکەوتکردنی بەها و کەڵەکەبوونی سەرمایە. لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، قەیرانی خانووبەرە سەرچاوە دەگرێت لە زاڵبوونی لۆژیکی قازانج بەسەر پێویستیی مرۆڤەکان بۆ نیشتەجێبوونێکی گونجاو. ئەم دۆخە نموونەیەکە لە میکانیزمی سیستەمی سەرمایەداری لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا، کە تێیدا دەوڵەت لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی باج و گومرگ، قەدەغەکردنی هاوردە و پاڵپشتییە داراییەکانەوە، قازانجی کۆمپانیا وابەستەکانی مسۆگەر دەکات و تێچووەکەشی لە گیرفانی بەکاربەران و کرێکاران دەستێنێت.

ئەزموونی دەیەکانی ڕابردوو نیشانی داوە کە گۆڕینی دەوڵەتەکان لە سیستەمی ئیسلامیدا و ئاڵوگۆڕی بەڕێوەبەران یان چاکسازییە سنووردارە دراوی و داراییەکان، توانای کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکەیان نییە. تا ئەو کاتەی کە پێکهاتەی خاوەندارێتی، قۆرخکاریی سەرچاوەکان، گەندەڵیی دامەزراوەیی، ڕانتخۆری و هەژموونی سەرمایەی دارایی جێگیر و بەردەوام بێت، هەڵاوسانیش بە شێوازی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنرێتەوە. پرسەکە تەنیا کۆنترۆڵکردنی نرخەکان یان جێگیرکردنی نرخی دراو نییە، بەڵکوو گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەیە کە قەیرانەکە بەرهەم دەهێنن. کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردندا، کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر سەرچاوە سروشتییەکاندا، سیستەمی بانکی، بازرگانیی دەرەکی و پیشەسازییە بنەڕەتییەکان، و هەروەها بەرنامەداڕشتن لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی کۆمەڵگا، مەرجی پێشوەختەی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی پایداری ئابوورین. ڕێگای ڕزگاری لەم بازنە هەمیشەییەی قەیران، لە هۆشیاریی چینایەتی و خۆڕێکخستنی کرێکاران لەسەر بنەمای خەباتەکانی ئەم چینە، بەردەوامیی تێکۆشان لە پێناو پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران، دروستکردنی تۆڕێکی پێکەوەگرێدراوی ڕێبەرانی کرێکاری و پەرەپێدانی هۆشیاری سەبارەت بە زەروورەتی ڕاپەڕین دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان دایە، ئەمەش بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخەی ئێستا و گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانیی گشتی.