فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت سەبارەت بە حووسییەکان پەسەند کرا
پێنجشەممە ۲۱-۱۰-۱۴۰۲   |  11-01-2024

شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی بە دەنگی زۆرینەوە پەسەند کرد کە داوا لە حوسییەکانی سەر به ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات دەستبەجێ هێرش بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان ڕابگرن.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار بڕیارنامەی پێشنیاری سەبارەت بە حوسییەکان، لەلایەن ١٥ ئەندامی شۆرای ئەمنییەتەوە بە ١١ دەنگ پەسەند کرا.
ڕووسیە و چین لەو وڵاتانە بوون کە دەنگیان بەم بڕیارنامەیە نەدا.
ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە حوسییەکانی سەر بە ڕژیم کردووە کە هێرشە نایاساییەکانیان لە دەریای سوور بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە دەبێتە هۆی مەترسی و تێکدانی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک لە جیهاندا ڕابگرن.
جان کێربی ڕێکخەری پێوەندییە ستراتێژییەکانی شۆرای ئەمنییەت لە کۆشکی سپی لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بڕیارنامەیە ڕایگەیاند دەقی بڕیارنامەکە بە ئاشکرا داوا لە حوسییەکان دەکات تاکوو هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ڕاگرن و هەروەها داوای پشتیوانی لە شۆرای ئەمنییەت بۆ هاتوچۆی خاترجەمی کەشتییەکان لە دەریای سوور دەکات.
کێربی لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر ئەم هەوڵانە بێسوود بن ئەو کات ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی دیکە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وتووێژ دەکات.
هەروەها ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دایە حوسییەکان و کۆماری ئیسلامی کە ئەگەر هێرشی حوسییەکانی سەر بە ڕژیم لە دەریای سوور ڕانەگیرێت، دەبێت چاوەڕوانی ئاکامەکەی بن.
عەبدولسەلام ئەلحووسی وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن، پێش لە بڕیارەکەی شۆرای ئەمنییەت ڕایگەیاند هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دەریای سوور بدات، وڵامی دەدرێتەوە.