فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بڕیارنامەی ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییە سەربەخۆکانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستا و ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار!
چوارشەممە ۱۳-۰۲-۱۴۰۲   |  03-05-2023
بڕیارنامەی ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییە سەربەخۆکانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستا و ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار!

ڕۆژی مامۆستا و ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ لە حاڵێکدا بەڕێوە دەبەین کە کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، دادخوازان، نەتەوە ژێرستەمەکان، خوێندکاران، خانەنشیان و گشت جەماوەری ستەمدیدەی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدان دژبە سیستمی دژەئینسانیی زاڵ بەسەر ئێران. بەڵام سەرەڕای سەرکوتی خوێناویی حکوومەت لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران هەروا زیندوو و چالاکە و ڕۆژ نییە خەڵکی وەگیانهاتوو لە چوار گۆشەی ئێران لە شەقام و لە شوێنی کار و ژیانیان بەشێوەی جۆراوجۆر دژبەم ڕژیمە ئیعتڕاز نەکەن. دەسەڵاتێک کە لە مەدرەسەکان کچانی لاو و تازەلاو دەکاتە ئامانجی هێرشی شیمیایی و ژنان وەک ستوونی سەرەکیی کۆمەڵگای ئینسانی بێجگەلە بێبەریکردن لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانیان لەسەر شەقام دەداتە بەر وەحشیانەترین هێرشی جەستەیی و دەروونی، دەسەڵاتێک کە گەندەڵی و دزی بەشێکی گرینگە لە مەوجوودیەتی، دەسەڵاتێک کە تەنانەت بۆ ماوەی یەک هەفتە ناتوانێ تەوەرۆم و گرانی کۆنتڕۆڵ بکات و کۆمەڵگایەکی نەوەد ملیۆنی لە وڵاتێکی دەوڵەمەنددا نوقمی هەژاری و فەلاکەت کردووە، دسەڵاتێک کە مامۆستا، کرێکار، سینەماکار، هونەرمەند، چالاکی مەدەنی و سیاسی، پیر و لاو و هەموو پەیکەرەی کۆمەڵگا بەرەنگاری بووەتەوە، نە شیاوی مانەوەیە و نە دەتوانێ درێژە بە حەیاتی بدات.

ئیتر بۆ هەموو چاوەدێرێکی ڕۆشنبین ڕوون و ئاشکرایە کە دوای تێپەڕینی نزیک بە هەشت مانگ لە ئاخێزی سەرانسەری خەڵکی ئێران، ئەوزاعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵات ناگەڕێتەوە قۆناغی ڕابردوو و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران پێشڕەویی خۆی تا پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی درێژە دەدات.

لە جەرگەی هەلومەرجی بابەتی و پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێستادا دەمێکە باڵە جۆراوجۆرەکانی چینی دەسەڵاتدار لە ئێران چ لە پۆزیسیۆن و چ لە ئۆپۆزیسیۆندا بێئۆقرەتر لە هەر سەردەمێکی مێژوویی تر دەستیان کردووە بە بەند و بەست لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی سیاسی لەسەر سەری خەڵکی ئێرانەوە تا بەشێوەی ڕابردوو، ئەمجارەشیان ئازادیخوازی و بەرابەری تەڵەبیی خەڵکی ئێران بکەنە قوربانیی بەرژەوەندی دژەئینسانیی خۆیان و داگیرکەران و تاوانکارانی نێونەتەوەیی.

بەڵام ئەو دیاردەیەی کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووریی ئێراندا لەئارادایە، دەتوانێ وەها ئاوڵوگۆڕێک پێک بێنێ کە دەستپێکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی مەزن لە ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت و مێژووییەکی نوێ لەم ناوچە گرینگ و ستراتێژییەی جیهان بخوڵقێنێت.

هەر بەم هۆکارەشە کە ئێمە لە مەنشووری داخوازیی لانیکەمی بیست ڕێکخراوی سینفی و مەدەنیدا وێڕای تەئکید لەسەر کاریگەریی قووڵی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ئێستا و داهاتوو، بوارە سەلبی و ئیسباتییەکانی ناڕەزایەتیی بنەڕەتیی خەڵکی ئێرانمان لە ئیعتڕازاتی سەراسەری دژبە قەتڵی جەنایەتکارانەی ژینا لەم مەنشوورەدا باس کردووە و ڕامانگەیاندووە کە ئاڵای ئەو ناڕەزایەتییە بنەڕەتییەی کە ئەمڕۆ لە ئێران بەدەستی ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکاران، دادخوازان، هونەرمەندان، پەلکە زێڕینەکان، نووسەران و گشت جەماوەری ستەمدیدەی ئێران هەڵکراوە، ناڕەزایەتییە دژبە ستەمی ژن، نائەمنیی بەرینی ئابووری، کۆیلەتیی هێزی کار و هەژاری و نەهامەتی و ستەمی چینایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی، و شۆڕشێکە دژبە هەر شێوەیەک لە دیکتاتۆری مەزهەبی و غەیری مەزهەبی کە لەماوەی زیاتر لە یەک سەدەی ڕابردوودا بەسەر ئێمە خەڵکی ئێراندا سەپاوە.

ئەگەرچی مەنشووری داخوازیی لانیکەمی بیست ڕێکخراوی سینفی و مەدەنی لە جەرگەی ئاخێزی سەرانسەری ژن، ژیان، ئازادی و لە ناخی کۆمەڵگاوە سەریهەڵدا و ڕێنوێنی خەباتی ئەمڕۆی ئێمەیە بۆ پێکهێنانی پێکهاتەیەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە داهاتووی ئێران بەڵام بەسەرەنجدان بە گشت بارودۆخ و هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێستای وڵات، ئێمە لەو باوەڕەداین کە چینی کرێکاری ئێران لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی داهاتوودا پێگەی سەرەکیی دەبێت و دەتوانێ ئاسۆی ڕزگاریبەخش و مێژوویی خۆی گەشە پێبدات.

ئێمە وێڕای پشتیوانی لە مانگرتنی بەرینی کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، بۆ جارێکی تر و بەبۆنەی ڕۆژی مامۆستا و ڕۆژی جیهانیی کرێکار، بە هێنانی دوازدە خواستی مەنشووری داخوازیی لانیکەمی بیست ڕێکخراوی سینفی و مەدەنی، وەک خواستی لانیکەمی خۆمان لەم بڕیارنامەیەدا، داوا لە خەڵکی ئێران دەکەین کە خۆیان لە ڕێکخراو و شوراکانی شوێنی کار و مەحەلاتدا ڕێکبخەن، خەباتیان بۆ تێپەڕاندنی هەلومەرجی نامرۆڤانەی ئێستا بنیات بنێن و ئایندەیەک لەسەر بنەمای بەدیهێنانی خواستی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە، بە پشتبەستن بە ئیرادە و یەکگرتوویی خۆیان دابڕێژن.

١ – ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو زیندانییانی سیاسی، مەنعی بە تاوان دانانی چالاکیی سیاسی و سینفی و مەدەنی و موحاکمەی عەلەنی هۆکار و بڕیاردەرانی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک.

٢ – ئازادیی بێ شەرت و مەرجی ڕادەربڕین و ئەندێشە، چاپەمەنی، تەحەزوب، ڕێکخراوی مەحەلی سەرانسەریی سینفی و خەڵکی، کۆبوونەوە، مانگرتن، ڕێپێوان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا سەوتی و تەسویرییەکان.

٣ – هەڵوەشاندنەوەی دەسبەجێی یاسای دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای مەرگ، ئێعدام، قەساس و ڕێگری لە هەرجۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی.

٤ – ڕاگەیاندنی دەستبەجێی بەرابەریی کامڵی مافەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری و بنەماڵەیی، نەمان و هەڵوەشاندنەوەی بێ شەرت و مەرجی یاسا و ڕێسای داسەپێنەری هەڵاواردن دژبە ئاراستە جنسی و جنسیەتییەکان، بەڕەسمی ناسینی کۆمەڵگەی پەلکە زێڕینەکان “ئێڵ جی بی تی کیو ئێی پلاس”. ڕێگری لە بەتاوان دانانی هەموو ئاراستە جنسیەتییەکان و پێبەندبوونی بێ شەرت و مەرج بە هەموو مافەکانی ژنان لەپێوەند لەگەڵ جەستە و چارەنووسی خۆیان و ڕێگری لە داسەپاندنی کۆنتڕۆڵی پیاوسالارانە.

٥ – دین بابەتی خسووسیی تاکەکانە و نابێ لە یاسای سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووریدا دەخاڵەت و حزووری هەبێت.

٦ – دابینکردنی ئیمەنیی کار، ئەمنییەتی پیشە و بردنەسەرەوەی دەستبەجێی حەقدەستی کرێکاران، مامۆستایان و هەموو زەحمەتکێشانی شاغڵ و خانەنشین بە حزوور و دەخاڵەت و تەوافوقی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ڕێکخراوە سەربەخۆ و سەرانسەرییەکانیان.

٧ – هەڵوەشاندنەوەی یاسا و هەرجۆرە ڕوانگەیەکی پارێزەری هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی و ئایینی و شکڵدانی پێکهاتەی گونجاو بۆ پشتیوانی و دابەشکردنی عادڵانە و بەرابەری ئیمکاناتی دەوڵەتی بۆ گەشەی کلتوور و هونەر لە هەموو ناوچەکانی وڵات و دابینکردنی ئیمکاناتی پێویست و بەرابەر بۆ فێربوون و فێرکردنی هەموو زمانە باوەکان لەناو کۆمەڵگەدا.

٨ – نەمان و هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانەکانی سەرکوت، سنووردارکردنی ئیختیاراتی دەوڵەت و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی خەڵک لە ئیدارەی وڵات لەڕێگەی شۆرا مەحەلی و سەرانسەرییەکان. لەسەرکارلابردنی هەر کاربەدەستێکی دەوڵەت لەلایەن هەڵبژێرانەوە لە هەر کاتێکدا، پێویستە بەشێک لە مافی بنەڕەتیی هەڵبژێران بێت.

٩ – دەستبەسەرداگرتنی ئەمواڵی هەموو کەس و ناوەندە دەوڵەتی و خسووسییەکان کە بە دزینی ڕاستەوخۆ یان بە ڕانتی حکوومەتی، ئەمواڵ و سەروەتی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێرانیان تاڵان کردووە. ئەم سەروەتە دەسبەسەرداگیراوانە، پێویستە دەستبەجێ بۆ مۆدێرن کردن و نۆژەنکردنەوەی بواری پەروەردە، سندووقەکانی خانەنشینی، ژینگە و پێداویستیی ناوچەکان و توێژێک لە خەڵکی ئێران تەرخان بکرێت کە لە ماوەی دوو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی سەڵتەنەتیدا، بێبەشکراون و ئیمکاناتێکی کەمتریان لە ئیختیاردا بووە.

١٠ – کۆتایی هێنان بە وێرانکاریی ژینگە، بەڕێوەبردنی سیاسەتی بنەمایی بۆ نۆژەنکردنەوەی ژینگە کە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوام تەخریب کراوە و عموومی کردنی ئەو بەشانە لە سرووشت (بۆ نموونە لەوەڕگە و لێوارئاو و دارستان و داوێنی کێوەکان) کە لە قالبی خسووسی سازیدا لە خەڵک زەوت کراون.

١١ – ڕێگری کردن لە کاری منداڵان و دابینکردنی ژیان و پەروەردەیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بنەماڵە. دابینکردنی ڕەفاهی گشتی لەڕێگەی بیمەی بێکاری و کۆمەڵایەتی بۆ هەموو کەسانی سەرووی تەمەنی یاسایی ئامادە بەکار و یان کەسانێک کە توانای کاریان نییە. بەخۆڕایی کردنی پەروەردە و تەندروستی و دەرمان بۆ هەموو خەڵک.

١٢ – ئاساییکردنی پەیوەندی لە باڵاترین ئاستی خۆیدا لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای پەیوەندی عادڵانە و ئیحترامی بەرامبەر، ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و تێکۆشان بۆ ئاشتیی جیهانی.

بە باوەڕی ئێمە داخوازییە لانیکەمەکانی سەرەوە بەسەرەنجدان بە سەروەتی ژێر زەمینی بەرینی وڵات و وجوودی خەڵکی وشیار و توانا و نەسلێک لە لاوان و تازەلاوان کە ئەنگیزەی فراوانیان هەیە بۆ پێکهێنانی ژیانێکی شاد و ئازاد و خۆشبژێو، دەستبەجێ وەدی دێن.

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران

ئیتحادی خانەنشینان

شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت

شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی غەیری ڕەسمی نەوت (ئەرکانی سالس)

شۆرای سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللیی فولادی ئێران (ئەهواز)

شۆرای کرێکاری خانەنشینانی سازمانی تەئمینی ئیجتماعی (بستا)

سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە

کومیتەی پەیگیریی پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی ئێران
ئەنجومەنی سینفیی کرێکارانی بەرق و فلزی کرماشان

نێدای ژنانی ئێران

شۆرای خانەنشینانی ئێران
کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان
ناوەندی داکۆکیکارانی مافی کرێکار

سەندیکای نەقاشانی ئۆستانی ئەلبۆرز
ئیتحادی ئازادی کرێکارانی ئێران

یەکشەممە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٢


تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co