فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بڕیارنامەی کۆمیتەی سەرتاسەریی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ٧ی ژوئەن لە بەرامبەر ڕێکخراوی جیهانیی کار
چوارشەممە ۲۳-۰۳-۱۴۰۳   |  12-06-2024

١١٢هەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ٣ تا ١٤ی ژوئەن، بە بەشداریی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەموو ئەم هەیئەتە لە دەست و پەیوەند و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی پێکهاتووە. هەیئەتی بەناو کرێکاریی ئێران، پێکهاتوو لە سەرانی “ڕێکخراوە کرێکارییەکان”ی سەربە دەوڵەتە. ئەو ڕێکخراوانەی کە لە سەرکوت و کۆنتڕۆڵکردنی خەباتی کرێکاراندا دەورونەخشی ڕاستەوخۆیان بینیوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتیدا لەڕێگەی ئۆرگانەکانی سەرکوتەوە مافی سەرەتایی کرێکاران لەوانە ئەو مافانەی لە ڕێککەوتنە بنەڕەتییەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کاردا هاتووە بەردەوام لە ئاستی بەریندا پێشێلی کردوون. هەرجۆرە تێکۆشان و خەباتێکی کرێکارانی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆی کرێکاری، پەیمانی بەکۆمەڵ، مانگرتن و ناڕەزایەتیی بە هەڕەشە و گرتن و زیندان وڵام داوەتەوە. هەموو ساڵێ سەدان چالاکی کرێکاران و موعەلیمان تەنها بەخاتری چالاکیی کرێکاری و سەندیکایی کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە بابەتێکی ئاسایی دادەندرێت، هەڕەشەیان لێدەکرێ، لەسەر کار دەردەکرێن، زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. هەر ئێستا لانیکەم ٤٠ چالاکی کرێکاران و موعەلیمان لە زینداندا بەسەر دەبەن.

ژنانی کرێکار و ژنان بە گشتی، جگە لە سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لەلایەن حکوومەتەوە، کە هەموو هاووڵاتیان دەگرێتەوە، لە شوێنی کار و کۆمەڵگادا بەرەوڕووی جیاکاری و هەڵاواردنی دوو هێندە دەبنەوە؛ ڕێژەی دامەزراندنی ژنان لە ئێران نزیکەی ١٤%ە کە لە ئاستی ناوچەییدا یەکێک لە کەمترین ڕێژەکانی بەشداریی ژنانە. لە زۆرێک لە پیشەکاندا، بەتایبەت لە کارگەکان و پیشە چکۆلەکانی دیکەی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، ژنانی کرێکار حەقدەستێکی کەمتر وەردەگرن کە تەنانەت لە لانیکەمی حەقدەستی یەکجار کەمی ڕەسمیش، کەمترە. ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لە یەک کەلامدا ئاپارتایدی ڕەگەزیی بەسەر وڵاتدا سەپاندووە و کردوویەتە یاسا. داسەپاندنی پۆششی خوازراوی حکوومەت بەسەر ژنان (واتە حیجابی ئیجباری)، بەندبوونی مافی کار و سەفەرکردنی ژنان بە ئیجازە وەرگرتن لە هاوسەر، نەبوونی مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵ و مافی جیابوونەوە، بێبەری بوون لە هەندێک کار، نایەکسانی یاسایی لە بواری قەزایی کە بە ڕوونی لە یاسا فەرمییەکانی وڵاتدا گونجێندراون، دەرخەری گۆشەیەکن لە هەڵاواردنی ڕەگەزیی داسەپاو بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا. ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی کە پایەکانی حکوومەتی ئیستبدادیی ئێرانی خستە لەرزە و لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بەر لە هەموو شتێک ناڕەزایەتی لەدژی ئاپارتایدی ڕەگەزی و نایەکسانیی داسەپاو بەسەر ژناندا بوو. خەبات و نەبەردی بوێرانەی ژنان دژبە پۆششی زۆرەملێ بەردەوام لەئارادایە و ڕژیم سەرەڕای وەڕێخستنی شەڕی شەقام و لێدان و توندوتیژی، گرتن و جەریمە کردنی ژنانی بێحیجاب نەیتوانیوە دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیی ژنان کپ بکات.

کاری منداڵان بووەتە بابەتێکی باو. ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی سێ تا چوار ملیۆن منداڵی کار دەکەن. تەنها ساڵی ڕابردوو بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان زیاتر لە ٩٣٠ هەزار منداڵ بەهۆی هەژاری خێزانی و قبوڵنەکردنی کەمترین بەرپرسیارێتی لەلایەن حکوومەتەوە لە خوێندن بێبەش بوون یان وازیان لە خوێندن هێنا. زۆربەیان بە لەشکری بێشوماری منداڵانی کارەوە پەیوەست بوون. واتە ئەو منداڵانەی لە دونیای منداڵییان بێبەرین، بە توندی دەچەوسێنەوە و بەردەوام لەبەردەم هەموو جۆرە توندوتیژی و ئازاری دەروونی و جەستەیی دان.

چینی کرێکاری ئێران سەرەڕای هەموو دژوارییەکان، قوربایی بێدەنگی ئەم دەستدرێژی و هێرشە بەرینەی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار نەبووە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، خەباتی ئاشکرا، بێ ئەمان و دژواری چینایەتی لە نێوان کرێکاران و چینی دەسەڵاتداردا لەئارادایە. لەماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا هەموو ساڵێ نزیکەی دوو هەزار مانگرتن، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی لەلایەن کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و توێژەکانی دیکەی چینی کرێکارەوە بەڕێوەچووە. لە هەموو ئەم ماوەیەدا کرێکاران و چالاکانی کرێکاری بۆ بەهرەمەندبوون لە مافی پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆ، مافی مانگرتن، ناڕەزایەتی و کۆبوونەوە، بردنەسەری بڕی حەقدەست و موزدی بەرابەر لەبری کاری بەرابەر، هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە هەڵاواردنێک و نەمانی گرێبەستی کاتی و شیرکەتە پەیمانییەکان، خەباتیان کردووە. هەموو نیشانەکان پێمان دەڵێن کە کرێکارانی ئێران خوازیاری گۆڕینی بنەڕەتیی ئەو بارودۆخە دژەئینسانی و تاقەت پڕووکێنەن کە چینی دەسەڵاتدار و سەرکوتگەر بەسەریانیدا سەپاندووە.

ئێمە وێڕای هاوپشتی لەگەڵ خەباتی کرێکاران لە ئێران و پشتیوانی لە خواستەکانیان، ڕایدەگەیەنین:

١ – هەیئەتی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار، بەتەواوی لە عەوامل و کارگێڕانی حکوومەتی ئێران پێکهاتووە و کرێکارانی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەریان نییە. درێژەی بەشداریی ئەم هەیئەتە لەم کۆبوونەوەیە بەتایبەت لە کاتێکدا کە چالاکانی کرێکاری لە زینداندا بەسەر دەبەن، بە سووکایەتیکردن بە چینی کرێکار لە ئێران دادەنرێت.

٢ – ئێمە خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ مەرجی هەموو زیندانییانی سیاسی لەوانە کرێکاران، موعەلیمان، چالاکانی کرێکاری و خانەنشینان و هەڵوەشاندنەوەی سزای قیزەونی ئێعدام و هەمووجۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونین.

٣ – پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری، ڕێککەوتنی دەستەجەمعی، مافی مانگرتن، گردبوونەوە، ڕێپێوان، دروستکردنی ڕێکخراو و حیزب، ئازادی ڕادەربڕین و بیروڕا لە مافە بنەڕەتییەکانی کرێکارانن و هیچ حکووومەتێک بۆی نییە ئەم مافانە بە هیچ بیانوویەکەوە زەوت بکات. ئێمە زەوتکردنی ئەم مافانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەتوندی مەحکووم دەکەین.

٤ – سەربەخۆیی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بابەتێکی بنەڕەتییە. ئێمە، پێکهێنانی ڕێکخراو و “کۆنفێدراسیۆنی کار” لەسەر سەری کرێکارانەوە و لەژێرناوی کرێکارانی ئێران، بە پێشێلکردنی مافی کرێکاران دەزانین و مەحکوومی دەکەین.

٥ – خوازیاری مافی یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاسایانەین کە لەسەر بنەمای هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی، نەژادی و ئایینی و زمانی داڕێژراون.

٦ – ئێمە هاوڕێ لەگەڵ زۆرێک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان، هێزە پێشکەوتنخوازەکان و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان، کوشتاری بەردەوامی منداڵان، ژنان و بەگشتی خەڵکی سڤیل لە غەززە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل کە نموونەی جینۆساید و کۆمەڵکوژییە بەتوندی مەحکووم دەکەین و خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم تاوانە و بەرقەراربوونی ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانین. ئێمە وێڕای دەربڕینی دژایەتی لەگەڵ ڕەوتە چەکدارە ئیسلامییەکان، لە مافی خەڵکی فەلەستین بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان کە لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە زەوتکراوە، لێبڕاوانە پشتیوانی دەکەین.

٧ – داوا لە یەکیەتییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوەکانی بەرگریکاری مافی مرۆڤ، ناوەند و ڕێکخراوە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکان دەکەین کە بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و بەتایبەت ڕاگرتنی شەپۆلی ئێعدامەکان لە ئێران هەوڵی کرداری بدەن.

٨ – سەمیمانە سپاس و دەستخۆشی دەکەین لە هەموو بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە، لە وتاربێژان و یەکیەتییە کرێکارییەکان کە لەم کۆبوونەوەیە حمایەت و پشتیوانییان کرد.

بژی هاوپشتی کرێکاران لە سەرتاسەری جیهان!

کۆمیتەی سەرتاسەریی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ٧ی ژوئەنی ٢٠٢٤ لە ژنێڤ