فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بڕیارنامەی کۆنگرەی نۆزدەی کۆمەڵە لەدژی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە، لەدژی کۆچی زۆرەملێ و داگیرکاری و بۆ هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین
دوشەممە ۰۳-۰۶-۱۴۰۴   |  25-08-2025

کۆنگرەی نۆزدەی کۆمەڵە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە نزیکەی ٢٢ مانگ لە قۆناغی نوێی جینۆسایدی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە تێدەپەڕێت. لەماوەی ٢٢ مانگی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل سەدان هەزار بۆمب و مووشەکی بەسەر غەززەدا بەرداوەتەوە، خەڵکی برسیی لە ناو ڕێزەکانی وەرگرتنی خۆراکدا وەبەر گولـلە داوە و زیاتر لە ٦٠ هەزار کەسی کوشتووە، پتر لە ١٣٠ هەزار کەسی بریندار کردووە و ماڵ، نەخۆشخانە، خوێندنگا، ئەنبارەکانی دانەوێڵە، چاڵەکانی ئاو و هەموو ژێرخانە ئابووری، فەرهەنگی و خزمەتگوزارییەکانی لەم کەرتە وێران کردووە، هەموو دانیشتووانی ئاوارە کردووە و غەززەی کردووەتە وێرانەیەک کە ئیتر بۆ ژیان نابێت. دەوڵەتی ئیسرائیل تەنانەت لە قۆناغی کورتی ئاگربەسدا، کاتێک کە بوردومان ڕاگیرابوو، بە سەپاندنی قاتی و برسیەتی، گەلێک دیمەنی دڵتەزێنی لە جینۆساید و مەرگی منداڵانی غەززە بەدنیا نیشاندا. ئەم شەپۆلە نوێیە لە تاوانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی غەززە لەدوای هێرشی تیرۆریستیی ڕێکخراوی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بۆسەر بنکە نیزامییەکانی ئیسرائیل و خەڵکی سڤیل لە چەندین ناوچە، کە بەهۆیەوە سەدان کەس لە خەڵکی ئیسرائیل بەشێوەیەکی کارەساتبار کوژران و بەدیلگیران، دەستیپێکرد. بەڵام شەڕ و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین مێژوویەکی خوێناوی و پتر لە حەفتا ساڵەی هەیە. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل زیاتر لە ٧٠ ساڵە بە پشتیوانیی دارایی و چەکی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دیکەی لە ئورووپا، بە شەڕەنگێزی و میلیتاریزم، بە کوشتن و ڕفاندن و دروستکردنی شاروچکە لە وڵاتی فەلەستیندا، بەردەوام و بێ پسانەوە سیاسەتی داگیرکەرانەی خۆی بەرەوپێش بردووە.

دەوڵەتانی ئەمریکا، بریتانیا، کانەدا، فەڕانسە، ئاڵمان و ئیتالیا و … لەماوەی ٢٢ مانگی ڕابردوودا بە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرجیان لە دەوڵەتی ئیسرائیل لەژێرناوی بەڕەسمی ناسینی مافی بەرگری بۆ ئیسرائیل، لەم جینایەتە جەنگییە و لە کۆمەڵکوژیی غەززەدا شەریک بوون. دەوڵەتی ئیسرائیل لەژێر سێبەری پشتیوانیی بێ دریغی ئەمریکادا توانیی لە میانەی شەڕدا، ستراتێژی شەڕەکەی دووبارە پێناسە بکاتەوە و بۆ پێکهێنانی نەزمی دڵخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵ بدات. داگیرکردنی تەواوی غەززە و کۆچ پێکردن بە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە خەڵکی فەلەستین لە وڵات و زادگای خۆیان، سیاسەتێکە کە ترامپ و نەتانیاهۆ لە ستراتێژی نوێی شەڕدا گرتوویانەتە بەر. ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناتۆ و میدیاکانی سەر بەوان، بە سڕینەوە و نادیدە گرتنی بەستێنە مێژووییەکانی شەڕ و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین، هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبردا بە هۆکاری سەرەکیی ئەم شەڕ و قەیرانە پێناسە دەکەن و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی حەماس دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلیان بۆ ئەم نەسلکوژییە ئاشکرایە ئاواڵە هێشتووەتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل لەماوەی ئەم ساڵانەدا هەموو یاساکانی “شەڕی شارستانیانەی جیهانی ئازادی سەرمایەداری” و هەموو بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین و گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلەستین، خستووەتە ژێر پێوە.

تاوانەکانی شەڕ دژبە خەڵکی فەلەستین و حەمامی خوێنێک کە لە غەززە کەوتووەتە ڕێ، وە قاتی و برسیەتییەک کە بەسەر دانیشتووانی ئەم باریکەیەدا سەپاوە، بیروڕای گشتی مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی لە سەرانسەری جیهان دژبە دەوڵەتی داگیرکەر و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل هانداوە. فشاری ئەم بزووتنەوە جیهانییە و تووڕەیی و بێزاریی بیروڕای گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژبەم جینایاتە جەنگییەی دەوڵەتی ئیسرائیل، گرووپی ٧، بلۆکی وڵاتانی سەرمایەداریی سەنعەتی لەسەر بەڕەسمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین تووشی ناکۆکی کردووە. هێندێک لە سەرانی دەوڵەتانی ئورووپایی لە درێژەدان بە بێدەنگی و ڕەزایەتی مونفەعیلانە شەرمەزار کرد و حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەی لەوانە ئۆردۆن، میسر، عەرەبستان، قەتەر، ئیمارت یەکگرتووی عەرەبی و عێراق و تەنانەت دەوڵەتی فاشیستی تورکیەی ناچار کرد تا فریوکارانە دیفاع لە خەڵکی فەلەستین بکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەم حکوومەتە سەرمایەدارییانە کە لەسەر دەریایەک لە سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایانە دەسەڵاتداری دەکەن و هۆکاری هەژاری و بێبەشی و بێمافیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشن، لەماوەی ئەم ساڵانەدا هیچ دەرفەتێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و سات و سەودا لەگەڵ ئەمریکا لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان و لەدژی قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین لەدەست نەداوە.

سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش لەم قۆناغەدا بە بیانووی تاوانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانیی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئورووپا لەم جینایاتە و بە درۆودەلەسە سەبارەت بە دیفاع لە خەڵکی فەلەستین، هەوڵیاندا بێجگەڵە بەرەوپێشبردنی ئامانجە ناوچەییەکانیان، بیروڕای گشتیش لە ئاست هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و نەهامەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لەئاست جینایاتێک کە دژبە خەڵکی ئێران ئەنجامی دەدەن بەلاڕێدابەرن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی ئەم ساڵانەدا بە پشتیوانیی ماڵی و تەسلیحاتیی لە حەماس، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕاستترین حیزبەکانی ناو ئیسرائیل پێکهێناوە تا بە گەورەکردنەوەی مەترسیی حەماس و گرووپە ئیسلامییەکانی دیکە، ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی بگرنە دەست. ئەوان بە بیانووی حەماس، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵا لە لۆبنان و باقیی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، کرێکاران و خەڵکی لایەنگری ئاشتییان لە ئیسرائیل و فەلەستین سەرکوت کردووە. ئاکامی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پشتیوانیکردنی لە ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی ناوچەکە ئەوە بووە کە وڵاتانی حەوزەی کەنداو بوونەتە ئەنباری چەکی ئەمریکا و بەردەوام داهاتە نەوتییەکانی ئەم وڵاتانە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژئاواوە تاڵان کراوە.

٢٢ مانگ شەڕ و جینۆساید لە غەززە لە هەمان کاتدا کە سرووشتی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەوپەڕی فریوکاریی نەزمی نێونەتەوەیی دیموکراسی لیبڕاڵ و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئاشکرا کردووە، شکست و بنبەستی تەواوی حەماس و گرووپە ئیسلامییەکانی هەم وەک مۆدێلێک بۆ حکوومەت و هەم وەک ستراتێژی سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داگیرکاری و سیاسەتی ئاپارتایدی ڕەگەزیی دەوڵەتی ئیسرائیل نیشان داوە. حەماس و گرووپە ئیسلامییەکان بە ستراتێژی، تاکتیک و توندڕەوییەکانیان، لەوانە بە هێرشی تیرۆریستیی حەوتی ئۆکتۆبر و ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە، بەکردەوە خزمەت بە بەهێزبوونی ڕەوتە ڕاست و فاشیستەکان لە ئیسرائیل و نەسکوژی لە غەززە دەکەن. حەماس بەشێک لە ڕێگاچارەی مەسەلەی فەلەستین نییە، بەڵکوو خۆی بەشێک لە کێشە و گرفتی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستینە. بزووتنەوەی فەتحیش بەخاتری گەندەڵیی سیستماتیک و سرووشتی ستراتێژی و ناکارامەیی سیاسەتەکانی لە بەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل بەکردەوە خزمەتی بە گەشەی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی کردووە. سەرهەڵدان و بەهێزبوونی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە فەلەستین لە گرەوی ئەوەدایە کە لە مەسیری خەبات لەدژی داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕزگاریی ڕاستەقینەدا، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین لە ژێر نفووزی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستانە بێنێتە دەر و بە ستراتێژی سۆسیالیستی، یەکگرتوویی و هاوپشتییان لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە بەهێز بکات و لەم مەسیرەوە ئاسۆی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و ڕزگاریی یەکجاری بەڕووی میللەتی فەلەستیندا بکاتەوە. ئێستا لە هەلومەرجێکدا کە میللەتی فەلەستین لە نێوان ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل، غەززە، لێواری ڕۆژاوا و کەمپی ئاوارەکان لە ئۆردۆن و لۆبناندا چەند لەت بووە، بەڵام هیوا بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و هیوا بۆ ڕزگاریی ڕاستەقینە هەروا زیندوویە. تەنیا بەهێزکردنی ئەم پەیوەندی و هاوپشتییە و درێژەی بزووتنەوەی جیهانی لەدژی جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل و لە دیفاع لە ئازادیی فەلەستین دەتوانێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی ئەم نەتەوە ستەملێکراوە بگۆڕێت و ئاسۆیەکی هیوابەخش بەڕووی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا بکاتەوە.

کۆنگرەی نۆزدەی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین تەئید دەکات. کۆنگرەی نۆزدەی کۆمەڵە وێڕای مەحکووم کردنی توندی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ڕاگەیاندنی هاوپشتیی قووڵ لەگەڵ خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین، داوا لە کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان دەکات کە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی جیهانی لەدژی نەسلکوژی و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل و لە دیفاع لە ئازادیی فەلەستین ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی و ئازادیخوازی لە کوردستان تەنیا بە یەکگرتوویی و پشیتوانی لە بزووتنەوەی کرێکاری لە سەرتاسەری ئێران و بە قووڵکردنەوەی ستراتێژی ئەرکە ئەنترناسیۆنالیستییەکانی خۆی، واتە بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک بنکەی سەرەکیی کۆنەپەرستیی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە دەتوانێ شنەی شۆڕشێکی سەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە ڕێ و هێزێکی تازە بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە فەلەستن و ناوچەکە ببەخشێت.

گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی

ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی