رۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندان، سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی رایگەیاند:” دەبێت دەوڵەتی ئیسرائیل رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن و سزادانی هاندەرەکان بۆ جینۆسایدکردنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە بگرێتەبەر. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دادگای دادی نێودەوڵەتی هەروەها ڕایگەیاندووە: پێویستە ئیسرائیل رێکاری دەستبەجێ و کاریگەر بۆ گەرەنتی کردنی دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستی مرۆیی بگرێتەبەر، تا دۆخی خراپی ژیانی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە چارەسەر بکات”. ئەم بڕیارە لەحاڵێکدایە کە دادگای دادی نێودەوڵەتی بڕیاری خۆی سەبارەت بە سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل، لەبارەی تێوەگلانی لە جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەرکرد. جێگای ئاماژەیە، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەر، بەتۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەکەرتی غەززە، ئەفریقای باشوور لە دادگای دادی نێودەوڵەتی سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەیکە کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیسرائیل، بەهۆی کاردانەوەکانی سکاڵای ئەفریقای باشوور لە دژی ئیسرائیل لە دادگای دادی نێودەوڵەتی، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەم وڵاتە رابگرێت.