بڕینی ئاوی زیندانەکان و باج سەندن لە زیندانیانی خوڕەمئاوا
پێنجشەممە ۲۳-۰۱-۱۴۰۳   |  11-04-2024
زیندانیانی خوڕەمئاوا ڕووبەڕووی بڕینی ئاو و کێشەی تەندروستی دەبنەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، بڕینی ئاوی زیندان یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی زیندانیانی خوڕەمئاوا بوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەگەڵ بڕینی ئاوی زیندانەکە، ئاودەست و حەمامەکانی زیندانەکە بێ ئاون، هەروەها زیندانییەکان لە لانیکەمی پاکوخاوێنی بێبەشن. ئەمەش بووەتە هۆی تووشبوونی زیندانیەکان بە نەخۆشی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بە بەندکراوان ڕاگەیەندراوە کە پێویستە پارەی نۆژەنکردنەوەی سیستەمی ئاوی زیندانەکە بدەن. بەڵام دوای وەرگرتنی پارە لە زیندانییەکان، چاکسازییەکان نەکراوە و کێشەی بڕینی ئاویش هەر وەک خۆیە.
زیندانی ناوەندی خوڕەمئاوا یەکێکە لە زیندانە پڕ دانیشتووەکانی ئێران کە زیندانیانی تێدا لەسێدارە دەدرێن.