
کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە بارودۆخێکدا کار و ژیان و خەباتیان بەڕێوە دەبەن کە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی حیزبییە. حیزب و هێزە ناسیۆنالیست و بورژوازییەکان لە کوردستاندا هەن و چالاکی دەکەن و هەر لە ئێستاوە خەریکە تەسەوری خۆیان لە سەرکەوتنی بزووتنەوەی کوردستان لە ناو بیروڕای گشتیدا بانگەشە دەکەن. ئەم هێزانە دەیانهەوێ دامەزراندنی حکوومەتێکی پارلەمانی فێدراتیو وەک شکڵ و ناوەرۆکی سەرکەوتن بە خەڵک قالب بکەن. بە خەڵک دەڵێن کە حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای سیستمی پارلەمانی، ئەو شێوازە لە دەسەڵاتە کە بە باشترین شێوە بەشداریی خەڵک لە کاروباری سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەستەبەر دەکات. دەڵێن کە خەڵک لە ژێر دەسەڵاتداریەتیی حکوومەتی فێدراتیودا خواستەکانیان دێتە دێ. لە بەرامبەر ئەم پێچەوانەوێژی و پڕوپاگەندەیەی هێزە بورژواییەکاندا دەبێ حەقیقەت بە خەڵک بوترێت و ئەڵترناتیڤی شۆڕشگێڕانە و شۆرایی بخرێتە پێشیان. حکوومەتی فێدراتیو پارلەمانی کە ئەم هێزانە بەڵێنی دەدەن، هەروەک ئەزموونی حکوومەتی فێدرالی لە کوردستانی عێراق بە ڕوونی نیشانی داوە، جەماوەری بێبەشکراوی کۆمەڵگا لە دامودەزگای ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگا و لە دەسەڵاتداریەتی بەسەر چارەنووسی خۆیان دوور دەخاتەوە. لە سیستمی حوکمڕانی پارلەمانیدا، مافی حوکمڕانی سیاسی لە جەماوەری خەڵک وەردەگیرێت و دەدرێتە دەست نوێنەری هەڵبژێردراوی ناو پارلەمان. لەم فۆرمەی حکوومەتدا دەنگدەران هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر کردەوەی نوێنەراندا نییە. لە نیزامە پارلەمانییەکاندا دەنگدەران هەر چەند ساڵ جارێک دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان تا بە دەنگدانی خۆیان بەکردەوە لە دەورونەخش نواندنی ڕاستەوخۆ لە ئیدراە و دەسەڵاتی سیاسیی کۆمەڵگا دوو بخرێنەوە. لە نیزامی پارلەمانیدا ئەگەر دەنگدەران هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر پارلەمانەوە نییە، نوێنەرانی پارلەمانیش هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکار و چۆنیەتیی جێبەجێ کردنی یاساکانەوە نییە. پارلەمان دەسەڵاتەکەی سنووردارە و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی ئۆرگانە جێبەجێکارەکان، وەزارەتخانەکان، ئەرتەش، پۆلیس و ڕێکخراوە ئەمنییەکاندایە. لەم دیموکراسییە سەرمایەدارییەدا پارلەمان دەبێتە شوێنی مشتومڕ و مانۆڕی سیاسی بۆ پارتە بۆرژوازییەکان. وە ئۆرگانە جێبەجێکارەکان دەسەڵات و حوکمڕانی بۆرژوازی دەسەپێنن. لەو نیزامە پارلەمانییەدا کە هێزە بورژوا ناسیۆنالیستەکان بەڵێنی دەدەن، هەر چەند ساڵ جارێک نوێنەرانی پارلەمان دەگۆڕدرێن، کابینەی وەزیرانی دەوڵەت دەگۆڕدرێ، بەڵام پێکهاتە و ئۆرگانە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دەستی ئەرتەش، پۆلیس و دەزگای ئەمنیەتیدا دەمێننەوە. هەر بەم هۆکارە سادەیەیە کە خەڵک ناتوانن لە ڕێگەی پارلەمانەوە داخوازییەکانیان بێننە دی. بێگومان ئەگەر ئەو تەسەورەی کە هێزە بورژوا ناسیۆنالیستەکان لە ئاسۆی سەرکەوتن لە کوردستان هەیانە بێتە دی و حکوومەتی فێدرالی کوردستان کە حکوومەتێکی بورژواییە بێتە سەرکار، ڕوون و ئاشکرایە کە هەر لە سبەینێی “سەرکەوتن”دا، خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان تووشی چ چارەنووسێک دەبن.
کرێکاران، زەحمەتکێشان، هەژاران و بەشمەینەتانی کۆمەڵگا نەتەنیا تێیدا هیچ دەورونەخشێکیان نابێت بەڵکوو ئەمجارە هێزە بورژواییەکان لە چوارچێوەی حکوومەتی کوردستانی فیدرالدا، ئاڵای نەتەوەیی، ئەفسانەی نەتەوەیی و سروودی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ بەلاڕێدابردنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بەکار دێنن. ئەمجارە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا دەبێ بۆ نیشتمانی خۆیان زیاتر کار بکەن، زیاتر ماڵیات بدەن، کەمتر بەکار بێنن و مانگرتن و خۆپیشاندان نەخەنە ڕێ. حکوومەتی فیدرالی کوردستان، دەسەڵاتی کەمینەی کۆمەڵگا بەسەر زۆرینەدا دەبێت. دەسەڵاتێک دەبێت کە تەنیا بورژواکان، نوخبەکانی کۆمەڵگا و سەرانی حیزبە بورژوازییەکان دەتوانن سەرکەوتنی سەرەکی بەدەست بێنن.
ئەگەر کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان نایانهەوێ ئەم چارەنووسەیان بەسەر بێت، پێویستە هەر لە ئێستاوە بیر لە داڕشتنی بناغەی دەسەڵاتی شۆرایی خۆیان بکەنەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان پێویستە بیر لە داڕشتنی پایەکانی دەوڵەتێک بکەنەوە کە هەر ژن و پیاوێکی کرێکاری سادە، هەر ئینسانێکی زەحمەتکێش بتوانێ بەشێوەی شۆرایی ئامرازەکانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و ڕاستەوخۆ لە حەیاتی سیاسی و ئیداریی کۆمەڵگادا دەورونەخش بنوێنێت. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتی خەڵک لە کوردستان بەنیازە ئیمکانی پایەڕێژیی وەها دەسەڵاتێک واتە “دەسەڵاتی شۆرایی” بە خەڵک نیشان بدات. کۆمەڵە دەیهەوێ زەروورەتی دەسەڵاتی شۆرایی بکاتە ئاگایی گشتیی خەڵکی کوردستان، تا لەوە کەمتر بە سەرکەوتن حیساب نەکەن و لەوە کەمتریان قەبووڵ نەبێت. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان دەیهەوێ بە خەڵک بڵێ کە بابەتی دەسەڵاتداریەتی لە کوردستانی ئازادکراو مافی ڕەوای کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانە و کۆمەڵە ئامادە نییە لە داهاتوودا لەگەڵ هیچ حیزب و گرووپێک لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات دانوستان و وتووێژ بکات. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان دەیهەوێ نیشان بدات کە دوای تێکشکاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ماشێنە سەرکوتەکەی لە کوردستان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، خەڵکی فەقیر و بێبەش کە زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دێنن، دەتوانن دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. دەیهەوێ نیشان بدات پێکهاتەی شۆرایی، ئەوپەڕی ئیمکانی بەشدرایی جەماوەر لە دەسەڵاتدا دابین دەکات. لە حکوومەتی شۆراییدا هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە ئەندامێکی دەوڵەت بە حیساب دێن و لە ڕێکخستنی دەوڵەتدا جێگایان هەیە. لە دەسەڵاتی شۆرشگێڕانە لەسەر بنەمای شۆراکان، کە لە بەرنامەی کۆمەڵەدا تەئکیدی لەسەر کراوە، خەڵک لە شۆرای گەڕەکەکاندا ڕێکدەخرێن و دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان لە دەستدایە و هەر کات ئیرادە بکەن دەتوانن نوێنەرانی خۆیان بانگ بکەن و لەسەر کار لایان بەرن. وە بەمجۆرە هەموو تەشریفات و بەربەستە بوروکراتیکەکان لە بواری هەڵبژاردندا هەڵدەوەشێتەوە و نامێنێت. حکوومەتی شۆرایی کە مافی ئازادانەی لەسەر کار لابردنی هەڵبژێردراوان لە هەموو کاتێکدا بە خەڵک دەدات، هەتا کاتێک ئەم مێکانیسمە بەرقەرار بێت، گەندەڵی هەڵناگرێت. بەمجۆرە، گەندەڵیی ئیداری، کە نەخۆشیی لەمێژینە و درێژخایەنی هەموو حکوومەتە بورژوازییەکانە، بەهۆکاری بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵک بۆ هەمیشە بنبڕ دەبێت. لە ئیدارەی شۆراییدا، هەموو کاربەدەستانی ئیداری و سیاسی و قەزایی لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت و هەر کات زۆرینەی هەڵبژێرەران ئیرادە بکەن، دەتوانن لەسەر پۆستەکەیان لایان بەرن. لە ئیدارەی شۆراییدا، بەرپرسان لە باڵاترین ئاستدا وەک خزمەتگوزار کار بۆ خەڵک دەکەن و بەقەد کرێکار یان بەرهەمهێنەرێکی شارەزا حەقدەست وەردەگرن. هەربۆیە جەماوەرێک کە لە نیزامی شۆراییدا ڕێکخراون، هەم داڕێژەری یاسان و هەم بەڕێوەبەری یاسا. ئەوەیکە لە بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتی جەماوەری لە کوردستان تەئکیدی لەسەر دەکرێت، دەسەڵاتی شۆراییە کە لە سەروویەوە کۆنگرەی سەرانسەریی نوێنەرانی شۆراکان و لە خوارترین ئاستیشیدا شۆرای شار و گوندەگان و شوێنی کارە. وە لەڕێگەی سیستمی شۆراییەوە ڕاستەوخۆ وەک ئەندامێکی دەوڵەت لە بابەتی دەسەڵاتدا دەوری چالاکانە دەبینن و لەڕێگەی نوێنەرانی خۆیانەوە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی وەک کۆنگرەی ناحیەیی، ئەیالەتی، مەحەلی و سەرتاسەری لە هەموو بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتیدا بەشداری دەکەن. هێزی چەکداری مەحەلی لەژێر فەرماندەیی کۆنگرەی سەرانسەریی شۆراکاندایە و ئەرکی بەرگری لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشە و دەستدرێژیی دەوڵەتی ناوەند و یان هەر هێزێکی تری وەئەستۆ دەبێت. ئەم هێزە مافی دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی کوردستاندا نابێت.
کۆمەڵە هەر لە ئێستاوە بەرنامەی سیاسیی خۆی بۆ دەسەڵاتداریەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان گەڵاڵە کردووە و هەوڵ دەدات لە کاتی خۆیدا لەلایەن نوێنەرانی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستانەوە پەسندی بکات تا بیخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە.
گشت ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، داواکاریی ڕەفاهی و فەرهەنگی، ماف و داخوازییەکانی ژنان لە بواری بەرابەریی تەواو لەگەڵ پیاوان، مافی منداڵان، ڕێوشوێنی پاراستنی ژینگە، هەروەها بنەماکانی یاسایەکی کاری شۆڕشگێڕانە کە لە بەرنامەی لانیکەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا هاتووە، لە کوردستانی ئازادکراودا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کوردستانی ئازادکراودا مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە مانای ئازادیی جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابین دەکرێت و بارودۆخی پێویست بۆ کەڵک وەرگرتنی هوشیارنە لەم مافە فەراهەم دەکرێت. خەڵکی کوردستان دەتوانن بە دابینکردنی کردەوەیی وە یان ڕەسمیی بارودۆخێک کە لە بەرنامەی سەرەوەدا گونجێندراوە لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە یان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان پێک بهێنن و لە ئێران جیا ببنەوە. لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەگەر خەڵکی کوردستان بڕیار بدەن لە بارودۆخی بەرقەراربوونی حکوومەتێکی کرێکاری وە یان لە بارودۆخێکی دیموکراتیک و شۆڕشگێڕانە لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە، بە دابین کردنی بارودۆخی سەرەوە و بە گرتنەبەری سیاسەتی هوشیارانەی پەروەردەیی و فەرهەنگی، هەموو جۆرەکانی نابەرابەری و ناهەماهەنگی لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکان لەوانە نەتەوەی کورد و غەیری کورد کۆتایی دێت و پێناسی ئینسانی تاکەکانی سەربە نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ڕێگای پێکەوەژیانیان وەک ئینسانی ئازاد و یەکسان هەموارتر دەبێت. بێگومان وەها کۆمەڵگایەک لەگەڵ دیاردەی ستەمی نەتەوایەتی نامۆ دەبێت.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn