خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان بە مانگرتنی گشتیی خۆیان لە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە ناڕەزایەتی بەدژی ئێعدامی چوار بەندکراوی سیاسی و بۆ وتنی نا بە ئێعدام، بۆ جارێکی دیکە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خۆیان بەرانبەر جەنایاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نیشان دا و لاپەڕەیەکی دیکەیان بە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان زیاد کرد. خەڵکی خەباتکاری کوردستان بە مانگرتنی یەکگرتووانەی خۆیان نیشانیان دا کە شەپۆلی ئێعدامەکان، میلیتاریزم و ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای شارەکان نەتەنیا ئەوان چاوترسێن ناکات، بەڵکوو عەزم و ئیرادەیان بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی قایمتر دەکات. مانگرتنی گشتیی ١٠ی ڕێبەندان لە درێژەی ناڕەزایەتیی دەیان ڕێکخراوی کرێکاری و خوێندکاری، ناوەندی نووسەرانی ئێران و مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی ژن دژبە ئێعدامەکان، بزووتنەوەی خەبات بەدژی ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسیی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە. مانگرتنی گشتیی شکۆمەندی ١٠ی ڕێبەندان بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پایەکی سەرەکیی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئێرانە.
سەرکەوێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵکی کوردستان
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی
٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٤ی زایینی