بە گوێرەی زانیاری دانیشتووانی ناوچەکە، رۆژی هەینی ٢٤ی سەرماوەز، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکییە چەندین جار سنووری گوندەکانی “وڵاتژێر”یان لە ناوچەی بارزان بۆردومان کردووە.
بۆردومانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای تورکییە بەردەوامە و رۆژی سێشەممەی ڕابردووش جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکییە نزیک سەنتەری ناحیەی بامەڕنێ لە قەزای “ئامێدی”یان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و سێ هاووڵاتی دیکەش برینداربوون. جێگای ئاماژەیە، چەندین ساڵە سپای تورکییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پەکەکە و رێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە، ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، لەناو خاکی عێراق و سوورییە ئەنجام دەدات و بانگەشەی ئەوەش دەکات، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی و سنوورەکانی بەردەوام دەبێت لە بەگژداچوونەوەی ئەو گرووپانە. ئۆپەراسیۆنی ” قفڵی چنگ”ی تورکییە لە مانگی خاکەلێوەی پارەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان دەستپێکرد، بە ئامانجی نەهێشتنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە. جێگای ئاماژەیە، ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکییە و پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤وە تا ئێستا بەردەوامە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکییە و پەکەکە، زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە شەڕی پەكەكە و توركییە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون و بەهۆی ئەو شەڕانەوە نزیکەی ٨٠٠ گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.