فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بۆنی گەنیوی زبڵی شەقامەکانی پاریس، بۆنی گەنیوی نیزامی سەرمایەداری
پێنجشەممە ۱۷-۰۱-۱۴۰۲   |  06-04-2023

ئەمساڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری شایەدی شەپۆلی بەرینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری دژبە کەمبوونی حەقدەست، بارودۆخی سەختی کار، هەڵاوسان و چوونەسەرەوەی نرخەکان، سیاسەتی ڕیازەتی و دژەکرێکاریی دەوڵەتانی بورژوازی و هەروەها سیاسەتی شەڕنانەوەی ئەم دەوڵەتانە بوون. لە ئورووپا و ئەمریکا کە سیستمە دەسەڵاتدارەکان، ڕووخانی سەرمایەداری شۆرەوییان بە شکستی سۆسیالیسم و کۆتایی مێژوو پێناسەکردووە، ملیۆنان کرێکار دژبەم سیستمە هاتوونەتە سەر شاقام تا ڕایگەیەنن کە کۆتایی مێژوو نییە و تا کۆتایی نیزامی چینایەتی، مێژووی هەموو کۆمەڵگاکان، مێژووی خەباتی چینایەتی و مێژووی خەباتی کرێکاران دژبە چینی دەسەڵاتدار دەبێت.

دەوەڵەتانی سەرمایەدرای بەدوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ ملیاردها دۆلار لە خزمەتگوزاریی گشتی و ئیمتیازاتی کرێکارانیان بڕی و دایانە بانک و خاوەن شیرکەتەکان تا بەرانبەر بەم قەیرانە پشتیوانییان لێ بکەن. جەماوەری کرێکار و توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا هێستا لە دواهاتەکانی قەیرانی ٢٠٠٨ دەرباز نەببوون کە ئەم دەوڵەتانە بەبیانووی گشتگیربوونی کۆرۆناوە بەشێکی تر لە مافەکانی کرێکارانیان پێشێل کرد. ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بێکار بوون و ئیمکاناتێکی زۆر بە قیمەتی گیان و ماڵی کرێکاران، خرایە ئیختیار سەرمایەدارانەوە. لەئێستاشدا زیاتر لە یەک ساڵە کە شایەدی شەڕی ڕووسیە و ئۆکراینین بە نیابەتی ناتۆ کە ئاکامەکانی لەوانە گرانی، کەمبوونی کاڵا ئەساسییەکانی خەڵک، تەورەۆم و هاتنەخوارەوەی ئاستی حەقدەستەکان ژیانی کرێکارانی دژوارتر کردووە. بەرانبەر بەم ئاڵقە بێ پایانە لە قەیران، گرانی، تەورەۆم، ڕکوود، شەڕ و سیاسەتی ماڵوێرانکەر و دژەکرێکاریی نیزامی سەرمایەداری و سەران و دەسەڵاتدارانە کە شایەدی موقاومەت و سەرهەڵدانی خەباتی خەیابانیی ملیۆنان کرێکارین دژبە دەسەڵاتەکان.

خۆپیشاندانی بەرینی پەرستاران و کارمەندانی بەشی دەوڵەتی لە بریتانیا، خۆپیشاندانی پەرستاران و مامۆستایان لە ئەمریکا، ناڕەزایەتیی هەزاران مامۆستا لە پورتەغاڵ، خۆپیشاندانی بەرینی کرێکاران و خوێندکاران لە یونان دژبە نائەمنی بارودۆخی کار و کەمبوونی ئیمەنی لە هێڵەکانی ڕێگەی ئاسنی یونان بەدوای ڕووداوی مەرگباری قەتار لە فێوریەی ٢٠٢٣، مانگرتنی پزیشکان، کارمەندانی نەخۆشخانە و باقیی کارمەندانی چاوەدێریی سەرەتایی لە ئیعتڕاز بە حەقدەستی کەم و بارودۆخی سەختی کار لە سپانیا، مانگرتنی کرێکارانی بەشی دەوڵەتی و کرێکارانی بەشی ڕێگەی ئاسن و باقیی بەشەکانی سیستمی گواستنەوەی گشتی لە ئاڵمان، و لە هەمووان بەرچاوتر و شکۆدارتر ناڕەزایەتیی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری فەڕانسە دژبە بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی لەلایەن ئێمانۆئێل مەکڕۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە، کە لە ١٩ی ژانویەی ٢٠٢٣ەوە دەستی پێکرد، هەر هەموویان سیمای موقاومەت و خەباتی کرێکاران دژبە هێرشی دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆسەر حەقدەست و ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا نیشان دەدات.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی شکۆداری کرێکاران لە فەڕانسە کە دژبە چوونەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ەوە بۆ ٦٤ ساڵ دەستی پێکرد، مانگی مارس بە پەیوەستبوونی کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری چووە قۆناغێکی نوێوە. کرێکارانی پاڵاوگەکان، بەندەرەکان، بەشی گاز و وزە، بەشی تەندروستی، کارمەندانی فڕۆکەخانە، کرێکارانی ڕێگەی ئاسنن، کرێکارانی شارەداری، خوێندکارانی زانکۆ و مەردەسەکان، مامۆستایان و بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بەم ناڕەزایەتییانە پەیوەست بوون. دوای ئەوەیکە مەکڕۆن لە ڕۆژی ١٦ی مارسدا سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەرین و دژایەتی زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی فەڕانسە، لەڕێگەی ئیختیارانی تایبەتی یاسایی و بەپێی دەستووری فەڕانسە و بەبێ پەسەندکردنی لە پەرلەمان، بردنەسەری تەمەنی خانەنشینیی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ پەسندکرد، لە ٢٣ی مارسدا سێ و نیو ملیۆن کەس و لە ٢٨ی مارسدا زیاتر لە دوو ملیۆن ناڕازی شەقامەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی فەڕانسەیان کرد بە مەیدانی خەبات لەدژی دەسەڵاتی دژەکرێکاری سەرمایەدران. ئەم دەریایە لە تووڕەیی و خەباتکاری، چینی دەسەڵاتداری خستە وەحشەتەوە و بۆ کۆنتڕۆڵی ئەوزاع و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان، هێزی سەرکوتگەری پۆلیسیان لە گیانی ناڕازییان بەردا و نقابی دیموکراسیی لە ڕوخساری دەوڵەتانی سەرمایە هەڵگرت. کرێکاران بە دروشم و هەڵگرتنی پلاکاردی وەک “مەکرۆن کۆتایی کایەیە”، “لە مانگرتنداین تا خەنەنشینی”، “خەڵک سەردەکەون”، “مەرگ بۆ سەرمایە”، “خەڵک ڕووخاندنی دەسەڵاتیان دەوێ”، “چاوەڕوانی کۆتایی دنیاکەیانین” و هەروەها بە وتنەوەی سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار، پەیامی خەباتی ڕزگاریبەخشی کرێکارانی فەڕانسەیان گەیاندە گشت جیهان. کرێکاران و بێبەشانی فەڕانسە بەم مارشە مەزنەی چینی کرێکار جیهانیان بانگەشەی خەبات بۆ ڕزگاری کرد.

مەکرۆن لەحاڵێکدا بە دەورلێدانی پەرلەمان و بە حوکمێکی حکوومەتی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینیی بەسەر کرێکارانی فەڕانسەدا سەپاندووە و ئەو ئیدیعایە دەکات کە بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی بۆ پاراستنی ئیعتباری وڵاتەکەی لە بازاڕە ماڵییەکاندا زەروورییە کە بەپێی ئامارەکان، بەرهەمی کار لە فەڕانسە نزیکەی ٢٥ لەسەد لە مامناوەندی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا لەسەرترە. ئەمەش لەحاڵێکدایە کە نابەرابەریی داهات لە فەڕانسە زیاترە لە وڵاتانی وەک ئاڵمان و بێلژیک و هۆلەند. حکوومەتی مەکرۆن سەرەڕای ئەم ئامارانە و بوونی پرسی گرینگتر لەوانە کێشەی گرانی و تەوەرۆم و کەمبوونی حەقدەست و کێشەی بێکاری، دەستی دایە ئەم گۆڕانکارییە. مەکڕۆن کە بە سەرۆک کۆماری دەوڵەمەندان و دەوڵەتەکەی بە دیکتاتۆری بانکەکان ناسراوە، پێویستە بەو بەڵێنانەی کە بە خاوەنانی کۆمپانیا و بانک و سەرمایەداران داویەتی وەفادار بمێنێت. بۆ دەوڵەتەکەی ئەو، پاراستنی ئاستی ڕەقابەت و وەدەستهێنانی سەرمایە گرینگتر لە ئاستی ژیان و ڕەفاهی کرێکارانە. ئەم بەناو تەمەنی خانەنشینییە لەگەڵ دەیان گەڵاڵەی دژەکرێکاریی تر هاوکات لەگەڵ ئیمکانات و یارمەتیی فراوان بۆ شیرکەت و خاوەنانی سەرمایە و هێنانەخواری ماڵیات بە قازانجی ئەوان، بەرینایی تووڕەیی کرێکاران لە فەڕانسە لەئاست سیستمی دەسەڵاتدار بەباشی نیشان دەدات. لەخۆڕا نییە کە کرێکارێکی ناڕازی دەڵێ: “ئەوان لەسەر کورسیی زێڕین دانیشتوون و ئێمە لەسەر سەتڵی زبڵ”. ئەگەرچی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا دژبە هێرشی مەکرۆن بۆسەر مافی خانەنشینان دەستی پێکرد« بەڵام ئەم تووڕەیی و ناڕەزایەتییە دژبە گشت دەوڵەتە سەرمایەدارییەکەی ئەوە. دژبە لەخوارێبوونی حەقدەستە، دژبە خسووسی سازییە، دژبە بێکارکردن و بڕینی خزمەتگوزاریی دەوڵەتییە، دژبە گرانی و هێرشی هەموو ڕۆژێی دەوڵەت و سەرمایەداران بۆسەر ژیانی کرێکاران و لە یەک کەلامدا دژبە نەزمی کۆمەڵایەتیی مەوجودە کە مەکرۆن نوێنەرایەتیی دەکات.

ئاکامی ئەم ناڕەزایەتییانە هەرچییەک بێت، نیشانی دەدات کە جیهان شایەدی ڕووبەڕووبوونەوەی تازەی بزووتنەوەی کرێکاری دژبە سەرمایەداری دەبێت. لە فەڕانسە ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە و پشتیوانی بەرینی خەڵک، بەرینایی تووڕەیی کرێکارانی فەڕانسە دژبە چینی دەسەڵاتدار نیشان دەدات. قەیرانێکی قووڵ کە کۆمەڵگای فەڕانسە ئەم ڕۆژانە لەگەڵی ڕووبەڕوویە، قووڵایی قەیرانی سەرمایەداری نەتەنیا لەم وڵاتە بەڵکوو لە گشت جیهاندا نیشان دەدات. ناڕەزایەتیی کرێکاران و خوێندکاران لە فەڕانسە بێگومان لەسەر وشیاری بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران کاریگەرییەکی گەورەی داناوە و دەشیبێت. بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئورووپا ڕادیکاڵتر دەکات، و توێژی تازەی لاوان و خوێندکارانی خەباتکار و ڕادیکاڵ دێنێتە ناو ڕێزی خەباتەوە. لە جەرگەی وەها ناڕەزایەتییەکدایە کە کرێکارانی فەڕانسە بەوە دەگەن کە بۆ سەرکەوتن و پێشڕەوی ڕێگایەکیان نییە بێجگەلە ئەوەیکە ڕیزی خۆیان لە ڕیزی ڕێبەرانی ڕێفۆرمیستی یەکیەتیەکان جیا بکەنەوە و بۆ شکستی دەوڵەتی سەرمایەداری مەکرۆن، ڕێکخراوی چینایەتی جەماوەری بە ئاسۆی سۆسیالیستییەوە پێک بێنن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co