بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە پێویستە سەرەتا بەکورتی باسی پێگە و ڕۆڵی ئایین بکەین لە خەباتی چینایەتیدا. ئایین لە کۆمەڵگای چینایەتیی ئەمڕۆدا، لە هەمان حاڵدا کە باوەڕی بەشێک لە جەماری کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش پێک دێنێت، ئامرازێکە لەدەست بورژوازی و دەوڵەتدا بۆ بەرەودوابردنی خەڵک و درێژەی دەسەڵاتی نیزامی سەرمایەداری. مەزھەب بە درێژایی مێژوو رنگدانەوەی بێ ھیوایی و بێ توانایی جەماوەری خەڵک بووە لەدەست و پەنجە نەرم کردنیان لەگەڵ کۆسپ و بەربەستەکانی سەر رێی ژیانیان. ئینسانێک کە دیلی موناسباتی نیزامی سەرمایەدارییە و بە تەنیایی ناتوانێ بارودۆخی ژیانی خۆی بگۆڕێ و لە بەرانبەر رەنج و ئازارێکدا کە خۆی و بنەماڵەکەی گیرۆدەین، ھیچی لەدەست نایەت، کاتێک کە خۆی لاواز و داماو دەبینێ بە ناچاری روو دەکاتە ئاسمان، بەو ھیوایەی کە ھێزێکی بەتواناتر لەخۆی دەرکەوێت و رزگاری بکات. کاتێک لە دنیای راستەقینەدا ھیچ ھیوایەک بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی نامێنێتەوە، ئاوات دەخوازێ بۆ گەیشتن بە ھیوا و ھومێدەکانی دوای مردن سەرلەنوێ زیندوبیتەوە، و بە ئاواتی گەیشتن بە رێفاە و خۆشبەختی لە دنیای خەیاڵی دوای مردندا، رەنج و ئازارەکانی دنیای راستەقینە تەحەمول دەکات.
سەرکوتی ئابووریی کرێکاران هەموو جۆرە سەرکوتێکی سیاسی و سووکایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دێنێت و بەرهەمی دێنێتەوە و ژیانی مەعنەوەی و ئەخلاقی جەماوەر بەرەو نابوودی دەبات. ئایین یەکێکە لە جۆرەکانی سەرکوتی مەعنەوەی کە لە هەموو شوێنێک بەسەر شانی جەماوەری خەڵکەوە قورسایی دەکات. مەزهەب بهوانهی وا كه تەواوی تەمەنیان لە ڕەنج و ئازاردان و لە نیاز و کەم و کوڕیدا دەژین فێردەکات کە تا کاتێک زیندون، تەسلیم و سەبوور بن و بە هیوای پاداشتەکانی بەهەشت لە ئارامشدا بن. مەزهەب جۆرێک موخەدر و سڕکەری مەعنەویە کە تێیدا کۆیلەکانی سەرمایە، دڵخوازانە لە ژیانێکی باشتر کە شایستەی ئینسان بێت، خۆ بەدوور دەگرن.
ڕزگار بوونی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش لە چنگ ئهو سهركوته دهروونیه، بە ڕۆشنگەری و لێکدانەوەی زانستی بابەتە جیهانیەکان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا مسۆگهر دهبێت، بەڵام ئەم ڕزگار بوونە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا تەنیا کاتێک ئیمکانی هەیە کە بارودۆخی مادیی ژیانی ئینسان گۆڕابێت و ئەو هێزە سروشتی و کۆمەڵایەتیەی کە ئینسان لە ترسیان پهنای بۆ مهزههب بردووه، هاتبێتە ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی چینی کرێكار و ئەفکاری ئینسانی پێشڕەو و پێشکەوتوو خوازەوە. بە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و لەناوچوونی نیزامی سەرمایەداری، ڕێگای ڕزگاری لە زیندانێک کە توانای ئاڵوگۆڕبەخشی ئینسان تێیدا بە بەند کێشراوە ئامادە دەبێت. کەوابوو ئەرکی ئێمە دابین کردنی پێداویستییەکانی شۆڕشی کرێکارییە. بێگومان ڕوون کردنەوەی زانستیی بابەتەکانی جیهانی ئەمڕۆ لەناو کرێکاران و سڕینەوەی پاشماوەکانی بیری مەزهەبی لەناو بیر و مێشکیاندا و نیشاندانی ئەم واقعییەتە کە مەزهەب زنجیری دیلیەتییەکی دیکەیە بە دەست و پێی کرێکارانەوە، بەشێک لە هەوڵ بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی شۆڕشی کرێکارییە.
دوای ئەم ڕوونکردنەوەیە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە باس لە مانای دروشمی “جیایی دین لە دەوڵەت” بکەین. هەروەک ئاماژەمان پێدا کۆمۆنیستەکان بەردەوام خوازیاری “جیایی دین لە دەوڵەت” بوون. ئامانجی ئێمە لە گەڵاڵەکردنی ئەم خواستە، کە مانای دیاریکراوی لە بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیست و بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتدارییەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان، بە وردی شی کراوەتەوە، بریتییە لەوەیکە نفووز و سوڵتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مەزهەب هەرچی زیاتر لاواز و پووچەڵ بکەینەوە و دەخاڵەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک هەرچی زیاتر سنووردار بکەینەوە و بەستێن و باروودۆخێکی لەبار و گونجاوتر بۆ خەباتی ئایدیۆلۆژیک دژبە جیهانبینیی مەزهەب دابین بکەین.
جیایی دین لە دەوڵەت بهمانای هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە ئیمتیاز و هەڵاواردنێکه لە پیشەی دەوڵەتی و حقوقی کەسەکان لەسەر حیسابی مەزهەب و پلەی مەزهەبی ئەوان و یان باوەڕمەندبوون و بێ باوەڕ بوونیان بە مەزهەب؛ بهمانای هەڵوەشاندەنەوەی دانی یارمەتی ماڵی و غەیرە ماڵی دەوڵەتی بە چالاکی و دامەزراوە مەزهەبیەکانه، بهمانای هەڵوەشانەوەی وانهی مەزهەبی لە ناو مەدرەسە و دامەزراوە ئاموزشیە دەوڵەتیەکاندایه؛ بهمانای ئهوهیه كه هیچ مەزهەبێک وەک مەزهەبی ڕەسمیی بە ڕسمیەت نهناسرێت، مەزهەب وەک ئەمرێکی تایبەتیی کەسەکان چاوی لێ بكرێت و سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ لە ئیختیار کردن و یان نەکردنی هەر مەزهەبێکدا ئازاد بن.
خواستی ” جیایی دین لە دەوڵەت” دروشمێکە کە وێڕای نیشاندانی دژایەتیمان لەگەڵ مەزهەب وەک ئەمرێکی دەوڵەتی، پێبهندبوونیشمان به ئەسڵی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیروباوهڕ، نیشان دهدات. واتە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چینی کرێکار چ وەک ئوپوزسیۆن و چ دوای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، بە توندی دژایەتیی لهگهڵ هەموو جۆرە گوشار و زوڵم و زۆر و پشكنینی بیروبۆچوون و هەڵاواردن و مەحدودیەتی یاسایی لەدژی کهسانی مەزهەبی دەکات و بۆ ڕەخنە و وەلانانی بیروبۆچوون و نەزەراتی مەزهەبی لە کۆمەڵگاشدا، هیچ شێوازێک بێجگە لە خەباتی نەزەری، رۆشنگەری و ئاموزش و قەناعەت پێهێنان، بە ڕێگه پێدراو نازانێت. ئێمە مەزهەب، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەویکە سەربەخۆ لە دەوڵەت بێت یان نەبێت، بە ئەفیوونی جەماوەر و ئامرازی دواکەوتوویی ئەوان دەزانین و ئەگەر خوازیاری جیایی مەزهەب لە دەوڵەتین ڕێک بەو هۆکارەیە کە دەمانهەوێ گشت شێوازێکی ڕەسمی و یاسایی پەرەپێدانی ئەم ئەفیوونە لەناو کۆمەڵگادا بە یەکجاری هەڵوەشێتەوە.
لەم ڕوەوە جیایی دین لە دەوڵەت و بوونی مەزهەب بە ئەمرێکی خسوسیی ئینسانەکان یەکێک لەو دروشم و داخوازیانەیە کە ئێمە کومونیستەکان خەباتی بۆ دەکەین، بەڵام بێجگە لە ئێمە بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژواییش سەرفی نەزەر لەوەی کە لە داهاتودا تا چ ئاستێک پێبهند دهمێننهوه، هەر ئەم دروشمە دەڵێنەوە.ب ەڵام ئەوەی کە هەڵوێستی ئێمە لە هەڵوێستی جەریاناتی بۆرژوایی جیا دەکاتەوە تەنیا سێکۆلاریسم و داخوازی جیایی دین لە دەوڵەت نییە، بەڵکوو لە هەمان حاڵدا روون کردنەوە و نیشان دانی دەور و نەخشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مەزهەبە لە خزمەت بە نیزامی چینایەتی سەرمایەداریدا.
ئێمە لە خەبات لەگەڵ مەزھەبدا هەرگیز بێ رێزی بە بیر و باوەڕی خەڵک ناکەین، کاری ئێمە رۆشنگەری و شیکردنەوەی بە حەوسەلەی راستییەکان و روونکردنەوەی بە بەڵگەی جیهانبینی کۆمۆنیستی لە بەرانبەر دیاردەی مەزھەب دایە. چالاکی و خەباتی ئێمە دژبە مەزهەب نەتەنیا نابێ ڕیزی هاوپشتیی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداران لاواز بکات بەڵکوو ئەم ڕیزە چینایەتییە پێویستە بەهێزتر بکات.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە