مەنشووری داخوازیی لانیکەمی بیست ڕێکخراوی سەربەخۆی سینفی و مەدەنی، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ١٤ی فێوریەی ٢٠٢٣ لە حاڵێکدا بڵاوکرایەوە کە پێنج مانگ لە دەستپێکی تەقینەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران دژبە قەتڵی حکوومەتی ژینا، توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و دژبە گوشاری بەرینی گرانی و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و دژبە بێ مافیی سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدەپەڕێ. ئەم بزووتنەوەیە ئەگەرچی لە ئیعتڕاز و شەڕ و تێکهەڵچوونی خەیابانی و پڕ تەڵەفاتی سێ مانگەی ئەوەڵ فاسلەی گرتووە، بەڵام بەشێوەی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینان و ناڕەزایەتیی جەماوەری بەردەوام بووە و ڕەوتی ڕادیکاڵیزەبوونی داخوازییەکانی خەڵک درێژەی بووە. سەرکوتی بەرین و کوشتار لە سیستان و بەلوچستان و کوردستان و هێرشی شیمیایی بەردەوام بۆسەر مەدرەسەکان نەتەنیا خەڵکی ئێرانی چاوترسێن نەکردووە، بەڵکوو هێزی هاوپشتی لەناو خەڵکدا بەهێزتر کردووە. لە هەموو شوێنێک لە کارخانە، لە زانکۆ، لە مەدرەسە و شەقام ترس لە سەرکوت جێگای خۆی داوە بە موقاومەت و خەبات لەدژی هێزی سەرکوتگەر و گشت دەەسەڵات. خۆڕاگری و بوێزی و فیداکاریی ژنان و پیاوانی لاو بەرانبەر بە هێزی سەرکوتگەر، ڕیزی هێزەکانی حکوومەتی شێواند. درێژەی گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، داڕمانی ئابووری و پەراوێزخرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەئاستی جیهانی و ناوچەیی و پەرەسەندنی کێشمەکێش لەناو سەرانی حکوومەت، هاوسەنگیی هێزی بە قازانجی ڕیزی خەباتی جەماوەری، بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان یەکجار گۆڕێ. ئەم پێگە لاوازەی کۆماری ئیسلامی و بێتوانایی و داماویی سەرانی ڕژیم بەرانبەر بەو قەیرانانەی کە سەرتاپێی ڕژیمیان داگرتووە، بوو بە زەمینەیەک بۆ جموجۆڵی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بۆ بەرێوەبردنی پڕۆژەی پێکهێنانی بەدیل لەسەر سەری خەڵکی ئێرانەوە.
لە وەها بارودۆخێکدا بسیت ڕێکخراوی سەربەخۆی سینفی و مەدەنی لە ئێران مەنشوورێکی داخوازیی لانیکەمیان بڵاوکردەوە. ڕێکخراو و ناوەندە سینفی و مەدەنییەکانی واژۆکاری ئەم مەنشوورە وێڕای دژایەتییان لەگەڵ شکڵ گرتنی هەرجۆرە دەەسەڵاتێک لەسەر سەری خەڵکەوە تەئکیدیان کرد لەسەر یەکگرتوویی و هاوپشتیی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و داخوازی و بەردەوامبوونی خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە بارودۆخی دژەئینسانی ئێستا. هەروەها وەدێهاتنی خواستە لانیکەمەکانیان بە یەکەمین ئاکامی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران، تاکە ڕێگای دامەزراندنی پێکهاتەی کۆمەڵگایەکی نوێ و مۆدێرن و ئینسانی لە ئێران پێناسە کرد و لە هەموو ئینسانێکی شەریف کە دڵیان بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕەهایی لێدەدات داوایان کرد کە لە کارخانەوە تا زانکۆ و مەدرەسە و مەحەلات تا ئاستی نێونەتەوەیی، ئاڵای ئەم داخوازییە لانیکەمانە، بەرز بکەنەوە.
داڕێژەرانی ئەم مەشوورە لە ڕاستیدا بەشێک لە چالاکان و ڕێبەران و ناوەندەکانی ئەو هێزە مەزنە چەپە کۆمەڵایەتییەیە کە هاتووەتە بەرەوە و ئاڵای ئەم داخوازییانەی هەڵکردووە. جیا لە هەر هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیەک کە لە ناوەرۆک و پڕۆسەی ئامادەکردنی مەنشووری داخوازیی لانیکەم هەمانبێت، ئەم مەنشوورە خواست و داخوازیی میحوەریی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران و لاوان و بزووتنەوەی کەمینە ژێر ستەمەکان، کە لەماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا بێ وڵام ماوەتەوە بەیان کردووە و زەمینەیەکی گونجاوتری بۆ پەیوەندی ئەم بزووتنەوانە فەراهەم کردووە. بێگومان ١٢ داخوازییەکەی ئەم مەنشوورە بەبێ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و هێرش کردنەسەر سەرمایەداری نایەنە دی. ئەم مەنشوورە هەوڵێکە لەپێناو پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەری و وڵامێکی بەهێزە بە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران کە دەیانهەوێ لەسەر سەری خەڵک و بە یارمەتیی هێزە ئیمپریالیستەکان پڕۆژەی ئاڵتێرناتیڤسازییان بەڕێوەبەرین.
بەلەبەرچاوگرتنی پێگەیەکی عەینی کە ئەم مەنشوورە لە ئەوزاعی سیاسیی ئێستای ئێراندا پەیدای کردووە، پێویستە هەموو هێزەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران، هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بەهەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ لەم مەنشوورە پشتیوانی بکەن. نابێ فەرامۆش بکرێت کە بەرەی سەرەکیی تەقویەتی ئەم مەنشوورە لە ناوەوەی ئێراندایە. ئەم مەنشوورە لە ناوەوەی ئێران پێویستە زیاتر گشتگیر بێت. بۆ گشتگیر کردنەوەشی پێویستە ئەم ڕووحیەیە تەقویەت بکەین کە داڕێژەرانی ئەم مەنشوورە لە ڕەخنەی دڵسۆزانە و مەسئوولانەی ئەو بەشە لە ڕێکخراو و ناوەند و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێشوازی بکەن کە هێستا ئەم مەنشوورەیان واژۆ نەکردووە.
بەرەیەکی دیکەی پشتیوانی لەم مەنشوورە دەرەوەی وڵاتە. بەتایبەت ئەوەیکە بزووتنەوەی ڕاست لەم بەرەیەدا سازماندراوتر عەمەل دەکات. بەخۆشییەوە لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەحزاب، ڕێکخراو و کەسایەتییە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێران بە دەرکردنی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر بۆ پشتیوانی لەم مەنشوورە، بە ئەنجامدانی وتووێژ و کۆبوونەوەی جۆراوجۆری تەلەڤیزیۆنی، بە بەڕێوەبردنی دەیان سوخەنڕانی و پانێل لە کڵاب هاوس ڕۆڵێکی کاریگەریان بووە لە پشتیوانیکردن لەم مەنشوورە. لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا، سازمان و ناوەندەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران و دەیان کەس لە چالاکانی کرێکاری، ژنان و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی داکۆکیکاری ئەم مەنشوورە لە حاڵی ئامادەکاری دان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک لە ڕۆژی ٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢٣ لە شاری کۆڵنی ئاڵمان. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە هەر لە سەرەتاوە لەم مەنشوورە پشتیوانیی کردووە، هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بانگهێشتی بەشداریکردن لەم کۆبوونەوەیە دەکات.