ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی خاکەلێوە، هێزەکانی ڕژیم بە مەبەستی ڕفاندنی هاووڵاتییەک بە ناوی وەحید چاوەڕان، هەڵسووڕاوی مەدەنی و شاخەوانی خەڵکی شارۆچکەی “سەراوباغ” سەر بە شاری ئاودانان، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵ و بنەماڵەکەیان.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێرشی ئەو هێزانە بەبێ هیچ هۆکارێک بووە و بارودۆخێکی ترسێنەریان بەسەر ئەو بنەماڵەیەدا زاڵ کردووە و لە ئاکامدا نەیوانتووە وەحید بڕفێنن و ناوبراو خۆی بەدەستەوە نەداوە.
هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەمە سێیەمین جارە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنەماڵەیە و هەوڵی ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییەیان داوە، تەنانەت جارێکیان لە ڕۆژی ٢۶ی ڕێبەندانی پارەکە، گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە و ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و بەتایبەت دوو خوشکی ناوبراو بە جددی تووشی کێشە بوون و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
هەروەها جارێکی دیکەش ئەو هێزانە هێرشیان کردووەتە سەر مەڕوماڵاتی یاوەر چاوەڕان، باوکی وەحید چاوەڕان.