فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەی بەندکراوانی زیندانی ئێڤین خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسی و زەمانەتی ئەمنییەتی گیانیی گشت بەندکراوان بین
سێشەممە ۲۶-۰۷-۱۴۰۱   |  18-10-2022

لە حاڵێکدا کە زیاتر لە یەک مانگ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دژبە دەسەڵاتی ئیسلامی تێدەپەڕێت، ڕۆژی شەممە ٢٣ی  مانگی ڕەزبەر سەرەڕای حزووری بەرینی هێزی ئەمنی و گاردی ویژە، شارەکانی ئێران هەروا مەیدانی مانگرتن و ناڕەزایەتی خوێندکاران، و شەقامەکان مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی هێزە ئەمنییەکان و گاردی ویژە بوون. لەم ڕۆژەدا لە شارەکانی تاران، کەرەج، ڕەشت، یەزد، کرمان، مەشهەد، ئامۆل، ئەردەبیل، خورەم ئاباد، بەندەرعەباس، ئەراک، ئەهواز، هەمەدان، بۆکان، سەقز، مەهاباد، دیواندەرە، ورمێ، مەریوان، سنە و کرماشان و چەندین شاری دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو و لە شارەکانی کوردستان ناڕەزایەتییەکان تێکەڵ بە مانگرتن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی وەحشیانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بوو. لە جەرەیانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا کە تا شەو درێژەی بووە هێزە ئەمنییەکان بە چەکی جەنگی و گازی فرمێسکڕێژ بەرەو ناڕازییان تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە چەندین کەس برینداربوون و یان گیانیان لەدەست داوە. شەپۆلی دستگیرکردنەکانیش بەردەوام درێژەی بووە.

لە ئیدامەی ئەم ناڕەزایەتییانەدا دەوروبەری کاتژمێر ٩ی شەو هەواڵی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندی ٧ی زیندانی ئێڤین لە تاران، ئاگرکەوتنەوە و دەنگی تەقەی بەردەوام لە ناوەوەی زیندان و دەوروبەری، ئاژیری خەتەری زیندان و ئاژیری ئۆتۆمبێلی ئاگرکووژێنەوە، فەزای شاری تارانی زیاتر لە جاران بڵێسەدار کرد. بەپێی ڕاپۆرتی هێندێک لە میدیاکانی حکوومەت لە جەرەیانی کۆنتڕۆڵی ڕاپەڕینی بەندکراوان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی زیندان، کارگەی کارئافەرینیی زیندان ئاگری تێبەربووە. بەڵام خەڵکی خەباتکاری شاری تاران و بەتایبەت بنەماڵەی بەندکراوان کە هەتا ئێستا گەلێک جار درۆودەلەسە و شێوەکاری جەنایەتکارانەی حکوومەتی ئیسلامییان تەجروبە کردووە، نیگەران لە پیلانی ڕێژیم بۆ کوشتنی زیندانییانی سیاسی و دەسبەسەرکراوانی ئەم دوایانە، لە هەموو لایەکەوە بەرەو زیندانی ئێڤین ڕۆیشتن.

ئەگەرچی کارگێڕانی ڕێژیم ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ڕاپەڕینی زیندانیان کۆنتڕۆڵ کردووە و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام شایەتحاڵان باس لە ڕەوانەکردنی بەرینی هێزی گاردی ویژە و پۆلیس بەرەو زیندانی ئێڤین دەکەن. بەوتەی هەر ئەم شایەتحاڵانە بەشێک لە سەقفی زیندانی ئێڤین ڕووخاوە. هێزە ئەمنییەکان و گاردی ویژە لە ترسی حزووری بەرینی خەڵک، ڕێگاکانی بەرەو زیندانی ئێڤینیان بەست و بە تەقەکردن بەرەو خەڵک لە نزیک بوونەوەیان لە زیندان ڕێگریان کرد.

گومان لەوەدا نییە کە بەندکراوان بەرامبەر بە گوشاری دژەئینسانیی پاسەوانان و بەرپرسانی زیندان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین. دەنگی تەقەی بەردەوام لە ناوەوەی زیندان کە خەڵکی نیگەران کردووە، نیشانەی ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بەندکراوانی بێ دیفاعیش سەرکوتی خوێناوییان گرتووەتەبەر. بۆ زەمانەتی گیان و ئەمنییەتی بەندکراوان پێویستە موقاومەت و ناڕەزایەتی لە ناوەوەی زیندان بۆ دەرەوەی زیندان و بۆ سەر شەقامەکان بگوازرێتەوە. پێویستە بەرامبەری زیندانی ئێڤین و گشت زیندانی شارەکان ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی بنەماڵەی بەندکراوان و پشتیوانیی جەماوەری خەڵک لە بەندکراوان و بنەماڵەکانیان. پێویستە لەم کۆبوونەوانە و لە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامدا خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بین.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

 ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١

١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢