چوار ڕۆژ ئاگربەست کە ئێوارەی هەینی سێی مانگی سەرماوەز بە نێوبژیی دەوڵەتانی ئەمریکا، میسر و قەتەر و بە ڕەزایەتی دەوڵەتی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد، پشوویەکی کورتە کە لە چل و نۆهەمین ڕۆژی ئەم شەڕە خوێناوییەدا بە خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە دراوە. دەرفەتێک بۆ چوونی کاروانەکانی فریاگوزاری بۆ کەرتی غەززە و گواستنەوەی نەخۆش و بریندار لەو نەخۆشخانانەی کە بوونەتە وێرانە. هاوکات فورسەتێکە بۆ ئازادیی ژمارەیەک لە خەڵکی ئیسرائیل کە لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیراون و ژمارەیەک لە زیندانیانی فەلەستینی کە ساڵەهایە بە تاوانی خەبات دژی ئاپارتایدی ڕەگەزی و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ڕاگیرابوون. بۆ هەموو ئەوانەی وا تەنها وێنە دەستچنکراوەکانی بۆمبارانی خەڵکی غەززەیان دەبینی و بۆ هەموو ئەوانەی وا میدیاکای زلهێزەکانی ڕۆژئاوا شەو و ڕۆژ هەواڵی موهەندسی کراویان دەخستنە ئیختیارەوە، ئەم ئاگربەستە چوار ڕۆژەیە لانیکەم دەتوانێ بۆ ماوەیەکی کورت وێنەکانی ئەم تەوەحوشە بێسنوورە لەبەر دیدەیان لابەرێت. لە ساتەکانی بەر لە دەستپێکی ئاگربەستەکەدا، ئەرتەشی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری بە دانیشتووانی غەززە دا کە شەڕ کۆتایی نەهاتووە. بۆ ئەوەیکە لەناو ئاوارەکاندا تەوەهومی گەڕانەوە بۆ باکووری غەززە شکڵ نەگرێت ڕایگەیاند: „باکووری کەرتی غەززە ناوچەیەکی مەترسیداری جەنگییە و بەخاتری ئەمنیەتی ئێوە حەرەکەت بەرەو باکوور قەدەغەیە”.
بێگومان هەموو ئەوانەی مێژووی ئەم تراژێدیا خوێناوییەیان لەبەرچاوە کە هەموو جارێ ئەرتەشی داگیرکەری ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر وڵاتی فەلەستین و ژمارەیەکی زیاتری لێ ئاوارە کردوون. هەموو ئەوانەی وا چارەنووسی خوێناویی ئەم نەتەوەیە لەماوەی سەدەی ڕابردوو و بەربەریەتێک کە لەژێرناوی “بەرگری لە مافی مەوجوودیەتی ئیسرائیل” مروور دەکەنەوە. ئەم حەقیقەتە بەڕوونی دەبینن کە مرۆڤایەتی لە کۆتاییهێنان بەم تراژێدیایەدا چەندە بێتوانا بووە. ئێستا ئیتر بۆ هەموو ئەوانەی کە هیچ بەرژەوەندێکیان لەم شەڕە ماڵوێرانکەرەدا نییە، دەبێ ئاشکرا بووبێت کە نە دەوڵەتی داگیرکەر و هاوپەیمانانی و نە ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی لە نەوعی حەماس و پشتیوانە خوێنڕێژ و کۆنەپەرستەکانی لەوانە خامنەیی و ئەردۆغان نە دەتوانن و نە دەیانهەوێ ئەم شەڕە مێژووییە کۆتایی بێت. دەوڵەتی ئیسرائیل وەک قەڵا و پایەگای ستراتێژیکی ئەمریکا و دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی دیکەی ئورووپا لە ناوچەکە، گرینگیی لەوە زیاتر کە لە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرج لەم جەنایاتە واز بێنن. بەتایبەت بۆ ئیمپریالیسمی ئەمریکا دەوڵەتی دەستی ڕاستیی ئیسرائیل بە ئەرتەشێکی پەڕچەک و بەهێزەوە، ئامرازێکی کاریگەرە لەپێناو پاراستنی بەرژوەندەکانی لە ناوچەکە. هەربۆیە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرجی دەوڵەتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئاڵمان و فەڕانسە و ئیتالیا و … لە دەوڵەتی داگیرکەر لەژێرناوی “مافی بەرگری لە خۆ” پێویستە لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێ. دەوڵەتی ئیسرائیل ساڵەهایە بە ڕەفتاری لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و داگیرکردنی وڵاتەکەیان پەیماننامە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. هەربۆیە پێویستە ڕاشکاوانە بوترێ کە ئەوانەی وا بەبیانووی هێرشی جەنایەتکارانەی حەماس بەتەواو مانا پشتی ئیسرائیل دەگرن و چاویان بەسەر جەنایەت و کوشتاری خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە و لێواری ڕۆژئاوا بەستووە، لە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئیسرائیل کەمتر جەنایەتکار نین.
بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرست و ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی وەک حەماس درێژەی ئەم تراژێدیایە بەستێنێکی گونجاوە کە لێی تەغزییە دەکەن. دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە لەماوەی سەد و پێنج ساڵی ڕابردوودا لە کارتی فەلەستین بۆ موعامەلاتی قیزەونی خۆیان لەگەڵ ئیمپریالیستەکان و بەدژی جەماوەری خەڵک لەپێناو سیاسەتە دژەئینسانییەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە. کەوابوو نابێ ڕێگە بدرێت کە داکۆکیکارانی درۆینەی خەڵکی فەلەستین بەناوی ڕزگاریی ئەم خەڵکە سات و سەودا بکەن. نابێ حەماس بە نوێنەری خەڵکی فەلەستین بناسرێت. بە هەمان ئەندازەش گرینگە کە مانۆرەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی نێئۆعوسمانیی تورکییەش لەقاو بدرێت. پێویستە بە کاری وشیاریدەرانە بسەلمێندرێ کە چارەنووسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیەکەوە گرێ دراوە. هەر شەپۆلێکی شۆڕشگێڕانە لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستێنێکە بۆ وەڕێکەوتنی شەپۆلەکانی شۆڕش لە وڵاتانی دیکە. و هەر هێرشێکی هێزە ئیمپریالیستەکان یان بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتە ئیسلامییەکان بەستێنی پاشەکشەپێکردن بە شەپۆلی شۆڕش لەم ناوچەیە پێکدەهێتنێت. لەڕاستیدا سیاسەتی حەماس نەتەنها وڵامێک بە داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل نییە، بەڵکوو سیاسەتی کۆنەپەرستانە و پەرەپێدان بە توندوتیژی و دژەیەهوودی زەربە لە ئیعتباری بزووتنەوەی فەلەستین دەدات و خۆراکی تەبلیغاتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕەوتە دەستی ڕاستەکان لە ئیسرائیل دابین دەکات. بەر لە هەمووان، ئاراستە چەپ و شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکان هاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و داگیرکەرانەی دەوڵەتی ئیسرائیل، پێویستە سرووشتی کۆنەپەرستانەی سیاسەتەکانی حەماس بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە.
هەر ئەم ئاگربەستە چوار ڕۆژەیە و گۆڕینەوەی دیلەکان و بەندکراوان دەستکەوتی ناپایەداری بەرەی مەزنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سەرانسەری جیهانە کە لە دەستپێکی بۆمبارانەکانەوە بۆ ئاگربەستی دایم و دژبە جەنایاتی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری ئیسرائیل و بۆ پشتیوانی لە ئازادیی خەڵکی فەلەستین کەوتە ڕێ. ئەم حەرەکەتە جیهانییە هاوسەنگیی هێزی بەقازانجی بەرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین گۆڕیوە و پێویستە درێژەی بێت.
خەڵکی مافخوازی فەلەستین کە خاوەنی پێشینەی زیاتر لە حەفتا ساڵ خەبات دژی جینوساید و داگیرکاریی حکوومەتی ئیسرائیلن، بۆ کۆتایی هێنان بەم ژیانە کارەساتبارەیان بە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ هێزە پێشڕەوەکان و خەڵکی ئازادیخواز لە ئیسرائیل و سەرانسەری ناوچەکە و جیهان دژی ڕژیمی فاشیست و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و دژی ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی حەماس و جەهادی ئیسلامی پێویستە بێنە مەیدان. یەکگرتن و پشتیوانیی کرێکاران و خەڵکی فەلەستین لەگەڵ کرێکاران و هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە ئیسرائیل کە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیلن و پشتیوانی بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ ئازادیی فەلەستین لەئاستی جیهان و هۆگرایەتیی جیهانیی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین، ئەو هێزەیە کە دەتوانێ کۆتایی بە ڕەگەزپەرستی و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل بێنێت و مافی بنەڕەتیی نەتەوەی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بێنێتە دی. نە ڕەوتە ئیسلامییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی عەرەبی و خودی ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخواز و پێشکەوتووی فەلەستین پێکهاتوون و نە دەزگای گەندەڵی “فەتح” لە لێواری ڕۆژائاوای ڕووباری ئۆردۆن، ناتوانن داکۆکیکاری ڕزگاریی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی فەلەستین لە هەڵاواردن و بێمافی و داگیرکاری بن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە