
سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۳۷ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە، تا ئێستا بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەک و بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی، لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە ڕاگیراوە و دادگاکەی بەردەوام لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە دوا دەخرێت.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو و دواتر هێزە ئەمنییەکان ماڵەکەیان پشکنیبوو. ناوبراو دوای لێپرسینەوە بە تۆمەتی ناڕوون بۆ زیندانی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە و تا ئێستا لە ئازادیی کاتی بێبەش بووە. جێگای ئاماژەیە، محەممەد سۆهرابی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”شدا دەستبەسەر کرابوو، پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، بە ١٦ مانگ زیندان و یەک ساڵ دوورخرانەوە مەحکووم کرابوو.