بیلاتەکلیفی چارەنووسی بەهرام ئەدوایی بەدوای دەستبەسەر کرانی
پێنجشەممە ۲۰-۰۶-۱۴۰۴   |  11-09-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەهرام ئەدوایی، خەڵکی گوندی «سلێن»ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە چوار ڕۆژ لەمەوبەرەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەهرام ئەدوایی ڕۆژی یەکشەممە ۱۶ی خەرمانانی ١٤٠٤، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا دەستبەسەر کرابوو. ئەوە لەحاڵێکدایە کە یەک ڕۆژ پێشتر لە ڕێکەوتی ۱۵ی خەرمانان، کیوومەرس ئەدوایی و مستەفا ئەدوایی، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی سلێن دەستبەسەر کرابوون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.