فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بێبنەمابوونی بەرنامەی داخوازییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی
پێنجشەممە ۱۹-۱۲-۱۴۰۰   |  10-03-2022

بێبنەمابوونی بەرنامەی داخوازییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی

ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییی ئێران بەرەیەکی ڕەنگاوڕەنگە کە لە هێزە کۆماریخوازەکان، لائیک و غەیرە لائیکەکان، ڕێکخراوەکانی جێبهەی میللی، بەشێک لە میللی مەزهەبییەکان، کۆنگۆرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شۆرای دیموکراسیخوازان، هێزەکانی ناو شۆرای مودیرییەتی گوزار و حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان و … پێکهاتووە. بەشێکی بەرین لەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنانە کە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات چاوی هیوایان لە زلهێزەکانی ڕۆژاوا بڕیوە، بە تەئکید لەسەر تێپەڕینی هێمنانە لە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەرجۆرە ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران دژایەتی دەکەن. ئەوان لە ترسی ئەوەیکە هاتنەبەرەوەی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران بۆ چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش دەرفەتی ڕاپەڕین بۆ گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەخوڵقێنێت، بەئامانجی دەستبەدەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەسەرەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بەمەبەستی ناڕەوانیشاندانی شۆڕش، لە هیچ هەوڵێک دەریغ ناکەن. پارت و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازیی ئێران کە لە جەرگەی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕی سیاسیی ئێران و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکاندا، چالاکی خۆیان بەرەپێش دەبەن، بەئامانجی بەلاڕێدابردنی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە، لیستێکی دوورودرێژیان لەو هەوڵە ڕەفاهییانەی کە دەبێت لە سبەینێی بەدەسەڵات گەیشتنیاندا ئەنجامی بدەن، لە بەرمانە و پلاتفۆرمی خۆیاندا گونجاندوویانە.

تەقریبەن هەموو ئەو هێز و لایەنانە بۆ پێکهێنانی ئاڵۆگۆڕی ئاشتیخوازانە لەناوکۆمەڵگادا باس لە خواستی ڕەفاهی، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ڕێکخراو و حیزب و بەرابەریی مافی ژن و پیاو دەکەن. بەڵام گونجاندنی خواستی ڕەفاهی، و تەئکید لەسەر ئازادیی سیاسی و بەرابەریی ژن وپیاو لەناو پلاتفۆرمی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران بە بێ ئاماژە بەو بەرنامە ئابوورییانەی کە دەتوانن زەمینەسازی وەدیهاتنی ئەم ئازادی و خواستە ڕەفاهییانە لەناو کۆمەڵگادا بن، بەڕوونی بێ پایە بوونی پلاتفۆرمی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییی ئێران نیشان دەدات.

لە نیزامی سەرمایەداری ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە بەپێی ئامارە ڕەسمی و غەیرە ڕەسمییەکان زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ملیۆنان منداڵ لە بەدخوراکی ڕەنج دەبەن و کالۆریی پێویست بە جەستەیان ناگات، لە کۆمەڵگایەکدا کە دیاردەی منداڵانی شەقام و بێکاریی ملیۆنی تەنیا نموونەیەکن لە کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵ نەدان بۆ دابینکردنی بەرابەریی ئابووری و پێکهێنانی پێداویستییە ماددییەکانی بەهرە وەرگرتن لەم ئازادییانە، خەڵک فریودانە و هیچی تر. لە ئێران گشت پێداویستییەکی ماددی و تێکنیکی و فەراغەتیی پێویست بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئازادییە سیاسییەکان لەدەستی خاوەنانی سەروەت دایە. کرێکارێک ئەگەر شانسی بێت و هێستا کارەکەی لەدەست نەدابێت، مەجبوورە لە بەیانییەوە تا شەو کار بکات و ئەگەریش بێکار بێت دەبێت ڕۆژانە بەشوێن کارەوە بێت. لەم باروودۆخەدا ئەم کرێکارە چون دەتوانێت لە ئازادیی سیاسی، ئازادیی ڕادەربڕین، بەڕێوەچوونی میتینگ و کۆبوونەوە، سوود وەرگرێت. تا کاتێک کە موناسباتی سەرمایەداری نادرێتە بەر هێرش و خاوەنداریەتیی تایبەت دەست نەخواردوو دەمێنێتەوە، تا کاتێک کە گشت پێداویستییەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و فەراغەتی پێویست لە دەستی سەرمایەداران دایە، کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا لە ئازادیی سیاسی و ئازادیی قەڵەم و چاپەمەنی هیچ سوودێک نابەن. لە کۆمەڵگایەکدا کە هەموو شتێک مۆری چینایەتیی پێوەیە، کرێکاران بە بێ هێرش بردنەسەر بەرژەوەندی سەرمایەداران، بە بێ هێنانەخوارەوەی سەعاتی کار، بە بێ پێکهێنانی فەراغەت و وەختی ئازاد ناتوانن باروودۆخی بەهرەمەندبوون لە ئازادییە سیاسییەکان دابین بکەن.

سەبارەت بە بەرابەریی ژنان و پیاوانیش، بەر لە هەموو شتێک پێویستە بەستێنە ئابوورییەکانی بەرابەری پێک بێت. بەرابەری کامڵی ژن و پیاو لەبواری کار، پێدانی حەقدەستی بەرابەر لەبری کاری هاوشێوە و بیمەی یەکسان پێویستە دابین بکرێت. ئەگەر دەوڵەت ئیمکاناتی پزیشکی و کۆمەڵایەتیی و چاوەدێریی تایبەت بۆ ڕێگری لە دووگیانبوون و پێداویستییەکانی چاوەدێری و پەروەردەی منداڵان دابین نەکات، تەنانەت ناکرێت باس لە ئازادیی منداڵ بەدنیا هێنانی ژنان بکرێت. هەموو ئەم هەوڵانە پێویستیان بە هەزینەی ئابوورییە، ئایا دەکرێت بەبێ هێرشکردنەسەر خاوەنداریەتیی تایبەت و هێنانەخوارەوەی ئاستی قازانجی سەرمایەداران کە ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بە پیرۆزی دەزانن، ئەم هەزینانە دابین بکرێن؟ نابەرابەریی مافی ژن و پیاو چ لەبواری موناسباتی کۆمەڵایەتی و چ لە بواری موناسباتی بنەماڵەیی، ڕیشەی لە نابەرابەریی ئابووری دایە. بۆ کۆتایی هێنان بە نابەرابەریی ماف، پێویستە بەستێنە ئابووری و مادییەکانی دابین بکرێن و بۆ ئامادەکردنی ئەم بەستێنە ئابوورییانەش هیچ ڕێگایەک بێجگەلە هێرشکردنە سەر موناسباتی سەرمایەداری بوونی نییە. پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان ناچار بکرێن کە هەزینەی ئابووریی  بەرابەریی مافی ژن و پیاو دابین بکەن. پێویستە ناچار بکرێن کە بەشێک لەو زێدەباییەی کە لەڕێگەی چەوساندنەوەی چینی کرێکارەوە بەدەستی دێنن بیکەنە خەرجی دابینکردنی بیمەی بێکاریی ژنانی ئامادەبەکار، و بەم شێوەیە بۆ زەمانەتکردنی بواری سەربەخۆیی ئابووریی ژنان بخرێتە گەڕ. پێویستە هەزینەی ڕەفاه و پێداویستیی پەروەردەکردنی تواناکان و هەزینەی ڕاهێنان و تەندرووتسیی بەخۆڕایی لە گەرووی سەرمایەداران دەرکێشرێت.

کاتێک مەعلووم دەبێت کە بەرنامە ئابوورییەکانی پارت و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران هیچ شتێک نییە بێجگەلە درێژەدانی بەرنامەی نێئۆلیبرالیسمی ئابووریی بە بەڕێوەبردنی غەیرە ئیسلامییەوە، بێبنەما بوونی هەموو هەوڵە ڕەفاهییەکانی ناو پلاتفۆرمەکەیان دەردەکەوێت و ئەوەش بەرچاوترین ناتەبایی پلاتفۆرمی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییی ئێرانە. ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێران ئەم ناتەباییە ئاشکرایەی ناو پلاتفۆرمەکەیان بە باوەڕی ناسراوی ئیدێئۆلۆگەکانی مۆدێلی ئابووریی بازاڕی ئازاد شی دەکەنەوە و دەڵێن کە لە چوارچێوەی سەرمایەداریی ڕەقابەتی ئازاددا، کەسەکان لە مەسیری بەدسەتهێنانی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا، بەرژەوەند و قازانجی گشتی بۆ بەهرەمەندبوون لە نێعمەتە ماددی و ئازادییەکان وەدی دێنن، کە هەڵبەت ئەوەش تەنیا خۆشباوەڕییە و هیچی تر. چونکە ڕەقابەتی ئازاد، کەسەکان ئازاد ناکات بەڵکوو لەڕاستیدا سەرمایە ئازاد دەکات. مادام کە لە ڕەوانگەی ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنەوە پەیوەندی سەرمایەداری دەست نەخواردوو دەمێنێتەوە و چوارچێوەی خاوەنداریەتیی تایبەت پیرۆز پێناسە دەکرێت، باس کردن لە خواستی ڕەفاهی و دابینکردنی ئازادیی تاکەکەسی و سیاسی تەنیا دەستەواژەیەکی بێناوەرۆکە. لەم موناسباتەدا کە بێکاریی ملیۆنی کرێکاران لەناو چنگی خۆیدا دەگوشێت، کرێکاران تەنانەت ئازاد نین کە خاوەنکاری خۆیان هەڵبژێرن.

بەرنامەی ئابووریی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێران پەیڕەوی هەمان مۆدێلی ئابووریی ئیۆلیبرالیسمە. ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییی بەدەسەڵات نەگەیشتووی ئێران، هەمان نوسخە و بەرنامەی دیکتەکراوی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارەیان بۆ ئابووریی ئێران هەڵپێچاوە. هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوازییەکان بۆ بەکردەوەدەرهێنانی ئەم بەرنامانەیان لە سفرەوە دەست پێناکەن. چونکە ئابووریی ئێران هەر لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ڕەفسەنجانییەوە بەپێی گەڵاڵانەی ناوەندە ماڵییە جیهانییەکان بەرنامەڕێژیی بۆ کراوە. دەوڵەتی خاتەمی و ئەحمەدی نەژاد و پاشان ڕووحانی و ڕەئیسیش هەر ئەم ستراتێژییە ئابوورییەیان درێژەداوە. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێرانیش بەدسەڵات بگات هەر ئەم بەرنامە ئابوورییانەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە هێندێک گۆڕانکاری و بە بەڕێوەبەرایەتیی غەیرە ئیسلامییەوە ئیدامە دەدات. عاقیبەت و داواهاتەکانی ئەم سیاسەتە ئابوورییە لە کەس شاراوە نییە. ئەم سیاسەتانە لە ئەندۆنێزی، فیلیپین، مسیر، تورکییە، ئارژانتین، بەڕازیل و مێکزیک و وڵاتانی ئەفریقایی بەڕێوەچوون و دواهاتێکیان بێجگەلە هەژاری و فەلاکەتی زیاتری کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش نەبووە.

خواستی ڕەفاهی و ئازادیخوازانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران تەنانەت لەو چوارچێوەیەی کە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیی ئێران، دەست و پا شکاو بەئامانجی بەلاڕێدابردنی خەباتی ئێستایان هێناویەتە گۆڕێ، تەنها لە توانای خەباتی چینی کرێکاری ڕێکخراو و خاوەن ئاسۆی ڕوونی سۆسیالیستی دایە. چینی کرێکار ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرێت هەموو ئەو داخوازییە ڕەفاهییانەی کە لە بەشی لانیکەمی بەرنامەی کۆمۆنیستەکاندا بەوردی باسی لێکراوە و لە بڕیارنامەکانی کرێکاران و ژنانی ئێران لە ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی و ٨ی مارسدا ڕاگەیەندراوە، بەکردەوە دەردێنێت. چینی کرێکار تا کاتێک کە دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە نەگرێت، لە هەر قۆناغێکدا بەپێی هێزێک کە هەیەتی ئەم خواستانە بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا دەسەپێنێت. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی ئێران کە چوارچێوەی خاوەندارییەتیی تایبەت بە پێرۆز دەزانن و دەیانهەوێ پا لەسەر شانی چینی کرێکار، سەرمایەداریی ئێران لە قەیرانی ئێستا بێننە دەر، ناتوانن هەڵگری خواستی ڕەفاهی و ئازادیخوازانەی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بن.