لەم دوایییانەدا کاروان شاهیپەروانە، فەریاد حەمزەشور، فەرزاد مەحموودپوور، شەهرام مەعرووف مەولا، ڕەزا ئیسلام دووست و دوو برا بەناوەکانی فەرزاد و فەرهاد تەهازادە لە دوایین کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ لە تۆمەتی “موحاربە” بێبەریکران.
دوایین دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ڕەزا ئیسلام دووست، فەرزاد تەهازادە، شەهرام مەعرووف مەولا، کاروان شاهیپەروانە، فەریاد حەمزەشور، فەرزاد مەحموودپوور ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەشەممە، لە دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوەچوو.
شایانی باسە کە، تەواوی کۆبوونەوەکانی لێپرسینەوە لەسەر تۆمەتەکانی ئەو بەندکراوانە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەچووە و ڕێگەیان نەداوە پارێزەرەکان حازر بن.
ئەو بەندکراوانە، پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە بە موحاربە تۆمەتبار کرابوون و لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا بەردەوام لەژیر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بوون. ئەو بەندکراوانە چەندین جار لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی “شانۆی لەسیدارە دران” داندرابوون.
ئەو شەش هاووڵاتییە، ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لە شاری شنۆ دەستبەسەرکران و دوای لێپرسینەوە بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە، بۆ زیندانی ورمێ گواسترانەوە.