بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو و دوای دەستبەسەرکرانی ئەمیر سەیدی بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، سەرەڕای بارودۆخی ناجێگیری تەندروستیی خۆی و کۆچی دوایی باوکی، لە لایەن ئیدارەی زیندان و بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە کەڵک وەرگرتن لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو ئێستا بەهۆی نەخۆشییەوە لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە و سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە پێی کوتراوە کە بنەماڵەکەی دەتوانن بە دابینکردنی بارمتە مافی مەرەخەسیی بۆ وەرگرن، بەڵام بەردەوام لەگەڵ ڕێگریی بەرپرسانی زیندانی ورمێ ڕووبەڕوو بوونەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایه کە دوای کۆچی دوایی عەلی سەیدی، باوکی ئەمیر سەیدی، لە ڕێکەوتی ٢٣ی گوڵان، سەرەڕای دابینکردنی بڕیاری بارمتە، ئیدارەی زیندان ڕێگریی لە بەشداریکردنی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و چلەی باوکی کردووە. جێگای ئاماژەیە، ئەمیر سەیدی خەڵکی مەهاباد و تەمەن ٢٧ ساڵ، لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی پارەکە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دوکانەکەی لە باخی میکاییل دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابۆوە. شایانی باسە، ناوبراو دوای شەش مانگ دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ٤ ملیارد تمەنی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی ۳ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.