فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بێبەش بوون لە خوێندنی زیاتر لە یەک ملیۆن ژن لە ئەفغانستان
دوشەممە ۱۳-۰۴-۱۴۰۱   |  04-07-2022

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ لەدوای بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵەبانەوە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار ژن لە خوێندن بێبەشکراون.
میشێل باچێلێت، کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە پەراوێزی ٥٠یەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پەروەندەی مافی مرۆڤ، باسی لە بارودۆخی ژنانی ئەفغانستان کرد بەهۆی تاڵەبانەوە.
میشێل باچێلێت ئاماژەی بەوەکرد، کە تووندوتیژیی لە هەموو ناوچەکانی ئەفغانستان بەرامبەر بە ژنان پەرەی سەندووە، ئەو بڕیارانەی لەلایەن تاڵیبانەوە بەسەر ژناندا سەپێندراوە، بەتایبەت لە پۆشینی زۆرەملێی نیقاب و ڕێگرییکردن لە هاتووچۆیان، ڕێژەی نەخۆشیی دەروونی لەناو ژناندا زیادکردووە.
هەروەها، بەهۆی داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتەوە، زۆرێک لە ژنانی ئەفغانستان بێ کار بوون و ئەوانەشی خاوەن کاری خۆیان بوون، کارگە و شوێن کارەکانیان داخراون.
کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستەسەر ئەوەش، کە سەرباری بەڵێنی تاڵەبان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان ڕوو لە زیادبوون دەکات و هەتا ئەوکاتەی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی نەکرێن، ئایندەیەکی تاریک چاوەڕوانی ژنانی ئەفغانستان دەکات.