بێبەش کردنی لوقمان عەلیزادە لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە زیندانی ئێڤین
یەکشەممە ۰۱-۰۷-۱۴۰۳   |  22-09-2024
لوقمان عەلیزادە، بەندکراوی عەقیدەتی و دانیشتووی گوندی “ساروقامیش”ی سەربە شاری بۆکان بەهۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و گوشاری دەروونییەوە تووشی نەخۆشی بووە و لە مافی چاودێری و چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لوقمان عەلیزادە لە زیندانی ئێڤین تووشی هەوکردنی توندی ڕیخۆڵە بووە و پێشتریش جارێک نەشتەرگەری بۆ کراوە و تا ئێستا بە تەواوی چاک نەبووەتەوە. هەروەها بە هۆی گوشاری ئەشکەنجەدان، تووشی نەخۆشی دڵ بووە و بە هۆی ڕێگریی بەرپرسانی زیندان و ناوەندی دادوەری لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بێبەش کراوە. جێگای ئاماژەیە، لوقمان عەلیزادە لە مانگی گوڵانی پارەکە، دوای چەند مانگ ئەشکەکران لە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم بۆ زیندانی ئێڤین گواسترابوویەوە.