
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤، “ڕێبوار مستەفازادە” تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵكی شاری مەهاباد و لە ڕاهێنەرانی تۆپی پێ ئەمشارە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانیش، هەژار ئەسەدپوور، تەمەن ٢٧ ساڵ و پێرسۆنێلی مانگی سووری مەهاباد لە شوێنی كارەكەی لە بنکەی فریاکەوتنی خێرای دارەلەک لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرا. هاوكات و هەر لەمشارە، كەیوان ئاشتاب، تەمەن ٢٩ ساڵ و پێرسۆنێلی ئورژانسی نەخۆشخانەی مەهاباد لە شوێنی كارەكەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراوە. شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییانە هەتا ئێستا لە هەر چەشنەی مافێکی یاسایی خۆیان وەک، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون. تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.