فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەبۆنەی ١١ی خەرمانان چل و یەکەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
شەممە ۱۰-۰۶-۱۴۰۳   |  31-08-2024

یازدەی خەرمانان ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە. ٤١ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە کونگرەیەکی موئەسسدا دامەزرا و بەڕەسمی موجودیەتی خۆی ڕاگەیاند. لە ساڵرٶژی دامەزارنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا یاد و بیرەوەری فیداکاریی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانێک رێز لێدەگرین کە لە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، چ لە زیندان و لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەکان، یان لە بەردەم داری ئیعدام و لە بەرانبەر جوخەی ئیعدامی جمهوری ئیسلامیدا و چ لە سەنگەری شەڕی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەباتی چەکدارانە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە دا، بۆ ڕزگاری ئینسانەکان لە دەست ستەم و چەوسانەوە گیانیان فیدا کرد. هەروەها سڵاو و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵەی خۆڕاگر و سەربەرزی ئەم ئازیزانە.

دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە رۆژی یازدەی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ ئەگەرچی کاریکی دەسبەجی بۆ وەڵام دانەوە لە هەلومەرجێکی سیاسی ئەو دەورەیە لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە بوو کە کەوتە دەستوری کاریانەوە، بەڵام بە هیچ جۆڕێک کردەوەیەکی لەناکاو نەبوو و لە ژوورێکی داخراودا و بە دوور لەچاوی کۆمەڵگا و بزووتنەوە، زەمینەسازی و تەدارەکی بۆ نەبیندرابوو. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە درێژەی خەباتی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ لە دژی بیرورای وردەبورژوازی کە بزووتنەوەی چەپی ئێرانی خستبووە ژێر تەئسیری خۆی، پێک هات. مارکسیسمی شۆڕشگێر لەماوەی چەند ساڵ سوسیالیزمی وردەبورژوازی، پوپولیزمی مودەعی مارکسیزمی لە بونیادەکانی متودۆلۆژیک، ئابوری، سیاسی و ڕیکخراوەیی، دایە بەر رەخنە و جارێکی تر ئاڵای سەربەخۆیی کۆمۆنیزمی شەکاوە ڕاگرت. شکڵ گرتن و گەشەی بە خێرای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ لە ئێران ڕەنگدانەوەی سیاسی و ڕێکخراوەیی حوزوری بەرچاوی چینی کرێکاری ئیران لە مەیدانی ئینقلابدا بوو. چینێک کە بۆ بەرەو پێش چوون و ڕزگاری خۆی پێویستی بە تیئۆری شٶڕشگێرانە و سازمانی خۆی هەبوو. چینێک کە لە عەینی حاڵدا بە حوزوری خۆی لە مەیدانی خەباتی شۆڕشگێڕانەدا زەمینەی مادی و هەلومەرجێکی لەباری بۆ گۆڕینی ئەم تیئۆری شۆڕشگێرانەیە بە هێزێکی واقعی و کۆمەڵایەتی ئامادە کردبوو و هەروەها باروودۆخێکی گونجاوی بۆ بەهێزکردنی سیاسی و ڕێکخراوەیی سازمانە پێشڕەوەکانی خۆی خولقاندبوو. لە واقعدا حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەرهەمی حوزور و دەوری چینی کرێکار لە ئاڵوگۆڕەکانی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هەوڵ و تەقالای شٶڕشگێڕانی کۆمۆنیستە، کە نەتەنیا لە ڕیزەکانی کۆمەڵە و ئیتحادی موبارزانی کۆمۆنیست دا کە ئاڵای مارکسیزمی شۆڕشگێڕانەیان بەرز کردبوەوە و مەبانی فیکریەکەیان لە هەڵوێستە رەسمیەکانی خۆیاندا نوێنەرایەتی دەکرد، بەڵکوو لەناو سازمانەکانی پەیکار، ڕەزمەندەگان، وەحدەتی ئینقلابی، ڕەزمی ئینقلابی و چریکە فیداییەکانی خەڵک، بۆ هێنانە دەری مارکسیزم لە ژێر ئاواری بەلاڕیدابردنەکانی بورژوایی و وردەبورژوایی بە شیویەکی هەڵسووڕاوانە خەباتیان دەکرد.

ئەم حیزبە لە هەلومەرجێکدا پێک هات کە شۆڕشی ئێران کەوتبووە ژێر زەبری حکومەتی دژی شۆڕشی ئیسلامی و دوایین هەناسەکانی خۆی دەکێشا. سەرکوتە خوێناویەکان، دەستگیریە بەربڵاوەکان و ئیعدامە بەرینەکان، بەشێک لە سازمانە چەپەکانی بە کردەوە هەڵوەشاندبوەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە دەستی بەشێک لە هێزەکانی چەپی ئێران، وەڵامێکی شۆڕشگێڕانە و کارامە و لە ڕادەی خۆیدا، بەو بارودۆخە نابەسامانە بوو. لە حاڵێکدا حکومەتی جمهوری ئیسلامی لە هەموو شوێن هەڵوەشاندنەوەی سازمانە سیاسیەکانی تەبلیغ دەکرد، حیزبێکی سیاسی تازە و بە شوور و شەوق، بە ڕۆحیە و هومیدەوار لە حاڵی شکڵ گرتندا بوو. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەر لە سەرەتای پێک هاتنیەوە، لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران و لە شوێنە کرێکاریەکان تەشکیلات و هەڵسووڕاوانی کرێکاری لەگەڵ خۆی هێنا و ژومارەیەکی بە نیسبەت زۆر لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و کۆمۆنیستی ئێرانی لەگەڵ بوو. لە کوردستانیش پشتی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە بەستبوو کە بەرژەوەندێکی سیاسی و بەرنامەیەکی ڕۆشنی هەبوو. وجوودی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئاسۆیەکی تازەی بە رووی کۆمەڵەدا کردەوە. ڕەزمەندەگی و شور و شەوقی شٶڕشگێڕانەی لە ریزەکانی کۆمەڵەدا بردە سەرێ و ڕێگای نەدا پاشەکشەی چەکدارانەی بزووتنەوەی کوردستان ئاسۆی سیاسی پێشمەرگەکان لێڵ و تاریک بکات و یارمەتیدەری کۆەمەڵە بوو بۆ ئەوەی ئەو دەورانە سەخت و گرینگە بە باشی وەپشت سەر بنێ.

بەڵام لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەلومەرجێک کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی تێدا پێکهات یەکجار گۆڕاوە. چ لەئاستی ئێران و چ لەئاستی جیهاندا ئاڵوگۆڕی بەرین ڕوویداوە. ڕووخانی بەرەی شۆڕەوی و ئەو مۆدێلە سەرمایەدارییە دەوڵەتییەی کە بەناوی سۆسیالیسم پێناسەدەکرا، کۆتایی شەڕی سارد، هەڵکشان و داکشانی نیئولیبرالیسم، لاوازبوونی دەسەڵاتی ئابووری و نیزامیی ئەمریکا و هاتنە مەیدانی چین و بلۆکە ئابوورییە تازەکان، شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین و سەقامگیربوونی جیهانی چەندجەمسەری و هیتر، چەند نموونە لەو ئاڵوگۆڕانەن. لەلایەکی دیکەوە ئەولەوییەتی نیزامی کاپیتالیستی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج لە کورتترین ماوەدا، گۆی زەویی بەرەو نابوودی دەبات و کۆمەڵگای بەشەری بەرەوڕووی کارەساتێکی ژینگەیی کردووەتەوە. ئەگەرچی پێشکەوتنی خێرای تێکنۆلۆژی، ڕۆبات و زیرەکیی دەستکرد، زیاتر لە هەموو کاتێک ئیمکانی کەمکردنەوەی سەعاتی کار و بردنەسەری ئاستی فەراغەت و پشکوتنی تواناکانی مرۆڤی فەراهەم کردووە، بەڵام ئەم پێشکەوتنە مەزنانە بەخاتری پاوانخوازیی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بوونەتە ئامرازی پەرەپێدانی ترس و نیگەرانی لەناو کرێکاراندا.

لە ئاستی ئێرانیشدا هەلومەجی کاری ئێمە زۆر گۆڕدراوە و ئاڵوگۆرێ گەورەی تێدا پیك هاتوە. لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا جەمعیەتی ئێران بۆتە زیاتر لە دوو هێندە، جەمعیەتی کرێکارانی سەنعەتی بە چەندین قات زیادی کردوە و رەنگ دانەوەی ئەم ئاڵوگۆڕە، خۆی لە داخوازیەکان و بەرین بوونەوەی ئیعترازاتی کرێکار دا نیشان دەدات. لەماوەی سێ چوار ساڵی ڕابردوودا چنیی کرێکاری ئێران ساڵانە بەشێوەی مامناوەند دوو تا سێ هەزار ناڕەزایەتی و مانگرتنی تەجروبە کردووە. نەسلێک لە هەڵسووڕاوان و ڕابەرانی کرێکاری لە رەوتی خەباتی کرێکاریدا پەروەردە بوون و هاتوونەتە مەیدان کە توانایی و پوتانسیەلی خۆیان لە سازماندان و رابەری دەیان ئیعتراز و مانگرتنی کرێکاریدا نیشان داوە. ژنان بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی خۆڕاگری گەورە لە دژی یاساکانی دژە ژنی ئیسلامی و بە حوزوری بەرچاوی خۆیان لە بزووتنەوە ئیعترازیەکاندا نیشانان داوە کە پێیەکی ئەسڵی هەر ئاڵوگۆڕێکن لە داهاتوودا. ئاخێزە جەماوەری و سەرانسەرییەکان بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی کە بەناوی ڕەمزی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەستپێکرد، ئاڵوگۆڕێکی گەورەی لە وشیاریی کۆمەڵانی خەڵکدا پێکهێنا. قەیرانەکانی ژینگە و ئاکامەکانی، خەبات لە دژی ویران کردنی ژینگەی کردۆتە ئەمرێکی دەستبەجێ بۆ کۆمۆنیستەکان. مەسەلە کۆمەلایەتیەکانی ئێرانی ئەمڕۆ، بە بەراورد لەگەڵ سێ یان چوار دەیە لەمەوبەر بە تەواوی تازەن. شەپۆلی کۆچکردنی گوندنشینان بەرەو شارەکان و پەرەئەستاندنی شارنشینی و هاوکات زۆربوونی حاشیەنشینی، و سەرجەم ئەم ئاڵوگۆڕانە، ئێمە و بارودۆخی کار و هەڵسووڕانی ئەمڕۆی ئێمەی لەچاو ساڵانی سەرەتای چالاکیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، خستووەتە بارودۆخێکی بەتەواوی جیاوازەوە. ئەوانەی کە ئەم واقعیەتە بەرچاوە نابینن و نەخشەی هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە سەریاندایە، لە حەقیقەتدا بە ڕاگەیاندنی عەجز و بێ توانایی خۆیان لە تێگەیشتن لە بارودۆخی ئێستا و ئەرکە گەورەکانی ئەم دەورەیە، بە کردەوە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکانی هەژاری کۆمەڵگا لە مەیدانی خەباتەوە دەنێرنە قوربانگای سات و سەودا لەگەڵ حیزبە بورژوایەکان.

هەموو ئەم ئاڵوگۆڕانە لەبارودۆخێکدایە کە چینی کرێکار بەتایبەت لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە. بەپێچەوانەی ئەو تەبلیغاتەی کە سەبارەت بە کەمڕەنگبوونەوەی چینی کرێکار و پڕڕەنگبوونی ڕۆڵی چینی مامناوەند دەکرێ، هیچکات چینی کرێکار بەقەد ئێستا دەسەڵاتی ئابووریی نەبووە و هیچکات بەئەندازەی ئێستا لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵاتیدا دەورونەخشی نەبووە. خەباتی ئەم چینە لە سەردەمی سەرمایەداریدا هەروا مۆتۆری ئاڵۆگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە مێژوو و کۆمەڵگادایە و ئەم ئەسڵە کە لە ناوەندی سەرەنجی مارکسدا بووە هەروا بەهێزەوە ئیعتباری مێژوویی و عەینیی خۆی پاراستووە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم قۆناغەدا پێویسستە ئەم ئاڵۆگۆڕانە و بابەتی سەرەکیی چالاکیی خۆی بەباشی بناسێت. ئەم حیزبە تەنها بە ئاوێتەبوون لەگەڵ بزووتنەوەی ئابووریی چینی کرێکار و بە پشت بەستن بە ڕۆڵی ڕێبەران و پێشڕەوان و بەشی وشیاری چینی کرێکارە کە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی لە ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاریدا بگێڕێت.

لە کوردستانیش ئەگەر لە زاویەی قازانج و بەرژەوەندی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژارەوە چاو لە مەسەلەکانی کۆمەڵگا بکەین، هەرچی زیاتر کردنی هەڵسوورانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک بەشێکی جیا نەکراوەی ئەم حیزبە پێویست و حەیاتیە. لە زەمانێکدا کە ناسیونالیزم بە یارمەتی هەموو پاشەکەوتەکانی فەرهەنگی و سیاسی و بەرنامەیی خۆی، تەفرەقە و جیایی لە نێو رێزەکانی کرێکارانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکان پەرە پێدەدات و ئێمە هەموو ڕۆژێک شاهیدی ئەو کارەساتانەین کە بەپێی بەرنامە و سیاسەتە ناسیونالیستیەکانیان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دونیا دەیخوڵقێنن، لیرەش لە کوردستان پشت بەستن بە حیزب و سازمانێکی سەرتاسەری و کۆمۆنیستی، بە شێوەئەکی کارامە یارمەتیدەری بەهێز کردنی هاوبەستەگی چینایەتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ باقی کرێکارانی بەشەکانی دیکەی ئێرانە. لە کاتێکدا حیزبە ناسیونالیستەکان لە کوردستان تێ دەکۆشن بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بکەنە هاوپەیمان و هێزی زەخیرەی ئوپوزیسیونی بورژوایی لە سەتحی سەرتاسەریدا، کۆمەڵە وەک سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تێدەکۆشێ پەیوەند و هاوبەستەگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە سەتحی سەرتاسەریدا بە هێز بکات. کۆمەڵە لەم ڕێگایەدا خەبات بۆ ڕوخانی شٶڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامی و هەڵسووڕانی سەرتاسەری بۆ شکڵ پێدان بە بەدیلی سوسیالیستی، هێز و توانا دەبەخشی و ئاسۆی سەرکەوتن و حاکمیەتی شوورایی دەخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان. لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بۆ جارێکی تر هەموو کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی وشیاری ئێران بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ئەم حیزبە و خەبات لەپێناو ئەم ئەرکە مێژوویی و پڕ لە شانازییە بانگەشە دەکەین.