فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسیی ئێران
دوشەممە ۳۰-۰۳-۱۴۰۱   |  20-06-2022

ئەمڕۆ ٣٠ی مانگی جۆزەردان، بەرابەر لەگەڵ ٢٠ی ژوئەن، ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە بەندکراوانی سیاسیی ئێرانە. ئەمساڵ ئەم ڕۆژە لە باروودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە لانیکم لە ڕۆژانی بەر لە ئەوەڵی مانگی مەی، ١١ی گوڵانەوە، ڕێژیم پەلامارێکی وەحشییانەی بۆسەر مامۆستایان، هەڵسووڕاوانی کرێکاری، کۆبوونەوەکانی ئەوەڵی مانگی مەی دەست پێکردووە و ئەم هێرشە وەحشییانەیە بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕاپەڕینی بێبەشان و ناڕازییانی ئابادان و ئەو شارانەی کە پشتیوانییان لە خەڵکی ئابادان دەکرد درێژەی بووە. کاتێک مامۆستایان لە بەرامبەر هەموو سەرکوتگەرییەکانی ڕێژیمدا بانگەوازیان کرد و ڕایانگەیاند کە “ئێمە دێین، شکۆدار دێین، هەموومان دێین، لە ئێران تۆفان بەڕێوەیە”، ڕێژیم ماشێنی سەرکوتی خۆی لە سەرتاسەری ئێران وەحەرەکەت خست و دەیان مامۆستای زیندانی کرد و ژمارەیەکی زۆریشی بریندار کرد.
ئەوەیکە ڕێژیم لەم چەند حەوتووی ڕابردوودا ئەنجامی دا، درێژەی هەمان سەرکوتگەریی وەحشییانەیە کە لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەکردەوەی دەرهێناوە. دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس لە دەیەی ٦٠ و کوشتاری بەرینیان، بەشێک لە مێژووی خوێناویی ئەم کۆمەڵگەیەیە. ئەگەر لەم ساڵانەدا ڕێژیم بەشەو و بەنهێنی ئەم نەسل کوژییەی ئەنجام دا دواتر هەموو ئەم جەنایاتەی دەرحەق بە خۆپیشاندەرانی ساڵی ٨٨ کە لە ناڕەزایەتی دژبە ساختەکاری هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم هاتبوونە سەر شەقامەکان، ئەنجام دایەوە. ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و جۆزەردانی ئەمساڵ کە کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی ڕێژیمەوە، خۆپیشاندانی جەماوەری بێبەش و برسیی کۆمەڵگە بوو کە هاتبوونە سەر شەقامەکان و نەفرەتی قووڵی سیاسی و چینایەتیی خۆیان دژبەم ڕێژیمە ڕاگەیاند.
نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە شوێنێکی غەیرە ئینسانی و قەتڵگا بوون. کێ دەتوانێ کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویی ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی فەرامۆش بکات. کێ دەتوانێ فەرامۆشی بکات کە کچانی لاویان شەوی بەر لە ئێعدام لە پاسداران، جەلادان و پاسەوانانی چەپەڵ و بەکرێگریراو مارە دەکرد. کێ دەتوانێ فەرامۆشی بکات کە تەنانەت لە باروودۆخی ئاساییشدا زیندانییانێک کە بە تاوانی قەتڵ، قاچاغ و باقیی تاوانە کۆمەڵایەتییەکانی تر زیندانی کرابوون، لە گیانی زیندانییانی سیاسییان بەردەدان. کێ دەتوانێ فەرامۆشی بکات کە بە بیانووی نەخۆشییەوە زیندانییانی سیاسییان دەکوشت. کێ دەتوانێ فەرامۆشی بکات کە ساڵی ڕابردوو ڕێژیم بە هەموو هەوڵێک کە دای ئەم حەقیقەتەی بۆ نەشاردرایەوە کە بەکتاش ئابتین، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی نووسەرانیان لە زینداندا کوشتووە. ئەم خوێنڕێژانە جەنایاتی ڕابردوویان بەردەوام درێژە پێدا. کوشتی محەممەد موختاری و محەممەدجەعفەر پوویەندە لە جەرەیانی قەتڵە زنجیرەییەکاندا، تەقەکردن بەرەو سینگی ناڕازییانی خەزەڵوەری ٩٨، بەردانەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی لە ڕێکەوتی ١٨ی مانگی بەفرانباری ٩٨ و کوشتنی ١٧٠ سەرنشینەکەی و گەلێک جەنایاتی بێ ئەژماری تر.
کاتێک لە مانگی گوڵانی نەوەد و هەشتدا سەرکوتگەران سێ ئەندامی ناوەندی نووسەران و چەند مانگ دواتر ئارەش گەنجی مونشیی ئەم ناوەندەیان بە زیندانی درێژماوە بە تۆمەتی “تەبلیغ دژبە نیزام” و “کۆبوونەوە و تەبانی لەدژی ئەمنییەتی وڵات” مەحکووم کرد، مەعلووم بوو کە سەرانی ڕێژیم چەندە لە قەڵەمی بەڵێندار و لە وشیاریی کۆمەڵگە دەترسن. ئێستا بە هێنانە گۆڕی پەروەندەی ئەمنییەتی دژبە دوو ئەندامی سەندیکایەکی فەڕانسە، ژمارەیەک لە مامۆستایان و دوو ڕێبەری سەندیکای واحیدیان زیندانی کردووە. لەوە گاڵتەجاڕتر ئەوەیە کە ئیدیعای ئەوەش دەکەن کە دوو مامۆستای فەڕانسەوی، ڕاپەڕینی هەژاران، ناڕەزایەتیی مامۆستایان و خانەنشینکراوانیان ڕێکخستووە. ڕەنگبێ ڕێژیم بتوانێ بە وەها سێناریۆگەلێکی سەرشۆڕانە دارودەستەی دواکەوتووی دەورووبەری خۆی فریو بدات، بەڵام بێگومان ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران ئەم تەرفەندانەی ڕێژیمیان لەبەرە و هیچ کات فریویان ناخۆن. مەگەر لەبیرمان چووەتەوە کە تەراحیی سووختەی ڕێژیم دژبە ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان چلۆن لەلایەن هەزاران کرێکاری حەوت تەپە و جەماوەری ملیۆنیی خەڵکەوە گاڵتەی پێکرا و هاوکات کەوتە بەر ڕق و تووڕەییەوە.
بیرەوەریی زیندانییانی سیاسی لە ئەشکەنجەگاکانی کۆماری ئیسلامی، لە ئەشکەنجەگەرانی وەک حاجی داوود، لە ڕاگرتنیان بە ڕۆژ و بە حەفتە لەناو تابووتدا، بەشێک لە بیری مێژوویی خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەی نیسبەت بە زیندان و زیندانی بوون پێکهێناوە. خەڵک بینییان کە چۆن لە کاتی گشتگیربوونی پەتای کۆرۆنادا ئازیزانیان لە زیندانەکاندا بوونە قوربانی. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەبوونی ئیمکاناتی تەندرووستی مافی هەموو زیندانییەکە. ئێستا زۆرێک لە زیندانییانی سیاسی بەدەست نەخۆشیی جۆراوجۆرەوە گرفتارن و ڕێژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە و دەرمان کردنیان ڕێگری دەکات.
واقعییەت ئەوەیە کە جەلادان و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە زیندانەکاندا هەموو کاتێک چاوەڕوانی دەرفەتێکی گونجاون تا بە بیانووی جۆراوجۆرەوە زیندانییانی سیاسی بکووژن. ڕێژیمێک کە بێشەرمانە ناڕازییانی بێبەشی سەر شەقام وەبەر گولـلە دەدات، ڕێژیمێک کە کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینکراوان چەند بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا ڕادەگرێت و کاتێکیش بەسەختی توانییان بژێوی خۆیان و بنەماڵەیان دابین بکەن و دەستیان دایە ناڕەزایەتی، دەیانخاتە زیندانەوە و لە ناو زیندانەکاندا، لە پشت دیوارە پان و بەرینەکاندا، بە دەستێکی ئاواڵەترەوە سیاسەتی کوشتار و سەرکوتی خۆی بەکردەوە دەردێنێت. تەنانەت ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی ڕاپۆرتێکی لەسەر زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەردێڕی “وێرانکردنی مرۆڤایەتی”یەوە بڵاوکردەوە. لەو نێوەدا هەڵبەت باروودۆخی زیندانەکانی ژنان خۆی لاپەڕەیەکی ترە لە وەحشیگەریی ڕێژیم. لێرە ئیتر جەلادان بۆ تێکشکاندنی موقاومەتی ژنان بە بێ هیچ ترسێک، دەست دەدەنە توندوتیژی و ئازاری جنسی. هەر خواست و هەر ناڕەزایەتییەک لەلایەن ژنانەوە لە یەکەمین هەنگاودا بەرەوڕووی ئازاری جنسی دەبێتەوە. بەم حاڵەشەوە ژمارەیەک لە ژنان، بە بوێرێکی بێوێنەوە، پەردەیان لەسەر ئەم جەنایاتە لاداوە. سەردەمانێک لەڕێگەی بیرەوەریی ژمارەیەک لە ڕزگاربووانی نەسل کوژییەکانی دەیەی ٦٠، لە بەرینایی ئەم کارەساتە ئاگادار بووینەوە. ئێستاش زیاتر لە هەمووان سپیدەی قولیان داکۆکیکاری بوێر و وشیاری کرێکارانی حەوت تەپە لە ماوەی کورتی مەرەخەسیدا ڕەوایاتی ناو زیندانی بووشێهر باس دەکات و دەنووسێت: “ساڵی ڕابردوو کاتێک کە بۆ ئەم زیندانە دوور خرامەوە، دەمزانی کە لەگەڵ چ جەحەنەمێکی فەرامۆشکراو بەرەوڕوو دەبمەوە، بەڵام بێرەحمی و بێبەزەیەتیی ناو ئەم زیندانە تەنانەت لە خەیاڵیشمدا نەدەگونجا. ژنانی زیندانیی ئەم بەندە بەتاوانی ژن بوون و زیندانی بوون، لەژێر وەحشیانەترین ئەشکەنجە و لە دژەئینسانیترین باروودۆخی مومکیندا ڕادەگیرێن”.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم وەحشیگەرییانە، واقعییەتی گرینگ ئەوەیە کە دەمێکە سەرکوت کارکردی ئەساسیی خۆی کە چاوترسێن کردن و تۆقاندنی کۆمەڵگەیە، لەدەست داوە. سەرانی جەنایەتکاری ڕێژیم دڵنیا بن کە لە یەکەمین هەنگاوی سەرکەوتندا، خەڵک دیواری زیندانەکان بەسەر سەرانی ڕێژیم و پاسەوانەکانیدا دەڕووخێنن.
https://alternative-shorai.tv