فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامیی دۆسیەسازی و سەپاندنی سزای نایاسایی بە سەر مامۆستایان‌دا
هەینی ۳۱-۰۶-۱۴۰۲   |  22-09-2023

شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خەرمانان لە ڕاگەیەندراوێک‌دا، بەردەوامیی دۆسیەسازی بۆ مامۆستایان و داسەپاندنی سزاکانی وەک دەرکردن، خانەنشینی زۆرەملێ، دوورخستنەوە لە خزمەت، دوور خستنەوە لە گرووپ و…. بە دژی مامۆستایان مەحکووم کرد. 
ئەم شورایەی مامۆستایان لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆی‌دا بەرامبەر داسەپاندنی سزای خانەنشینیی زۆرەملێ بۆ مامۆستایان کاردانەوەی نیشان دا و هەروەها نووسیویەتی: “لە درێژەی دۆسیەسازییە نایاسایی و مەبەست‌دارەکان بۆ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆکان، هاوکاری بەتوانا، ڕۆشنبیر و خۆش ناوی کوردستان، مامۆستای فیزیکی قوتابخانەکانی سەقز، “شیلان یوسفی” بە پێشینەی ۲۳ ساڵ وانە وتنەوە، لە دوای دۆسیەسازی و سکاڵای حیراسەتی شار و پارێزگا، بە داسەپاندنی بڕیارێکی نایاسایی کە لە لایەن دەستەی یەکەمی سەرپێچییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کوردستان دەرکراوە، بە خانەنشینی زۆرەملێ و دوورخستنەوە لە دوو گرووپ مەحکووم کراوە.”
لە کۆتایی ئەم ڕاگەیەندراوەی شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران‌دا، وێڕای مەحکووم کردنی ئەم سزا نایاساییانە، داسەپاندنی سزا یەک لە دوای یەکەکانی وەک دەرکردن، خانەنشینی زۆرەملێ، دوورخستنەوە لە گرووپ، دوورخستنەوە لە خزمەت و… بە دژی مامۆستایان لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە بە هۆی کەشی سەربازی و ئەمنی” زانیوە کە دەستی بەسەر ئەم وەزارەتخانەدا گرتووە.