مانگێک بەسەر دەسبەسەرکرانی هێرۆ قەدیمی، هەڵسووراوی مەدەنی خەڵکی سەقز تێدەپەڕێ.
پێشتر ئەم هەڵسووراوە مەدەنییە، نەشتەرگەریی پشتی کردووە و ئێستا لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنەدا، لە شوێنێکی نەگونجاودا ڕاگیراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، ٨ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بیانووی ڕادەستکردنی کەرەستەی قوتابییان “نوشت افزاری”، بەبێ هیچ هۆکارێک ڕژانە ماڵی ئەو هەڵسووراوە مەدەنییە و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.
هێرۆ قەدیمی پاش دەسبەسەرکران، ڕەوانەی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە کراوە و دادگا قەراری یەک مانگەی دەسبەسەرکرانی کاتیی بۆ دەر کردبوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە بواری منداڵان، ژنان و یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانەی کە پێداویستیی تایبەتییەیان هەیە، چالاکی دەکات.
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هەڵسووراوە مەدەنییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.