فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامیی لەسێدارەدانی زیندانییان لەسەر بەستێنی هەلومەرجی شەڕ
سێشەممە ۰۴-۰۱-۱۴۰۵   |  24-03-2026

لە کۆماری ئیسلامیدا، لەسێدارەدان بەشێکە لە لۆژیکی ناوەکیی سەپاندنی دەسەڵات. ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی پێکهاتەیی بە میکانیزمە ئابووری، سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانەوە گرێ دراوە و لە خزمەت دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمێکی کۆنەپەرستانە و نایەکساندایە. لەم چوارچێوەیەدا، لەسێدارەدان شێوازێکی نهایی سەپاندنی دەسەڵاتە؛ ئەو ساتەوەختەی کە دەسەڵاتدارێتی بڕیار لەسەر مان یان نەمانی ژیانی کۆمەڵایەتیی تاکێک دەدات. ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی پەیوەستە بە ئامرازەکانی سەرکوت و زەبروزەنگەوە. لەم نێوەندەشدا، لەسێدارەدان پێگەیەکی تایبەتی هەیە و دەبێتە هۆی سڕینەوەی فیزیکیی ئەو کەسانەی کە یان لە پەراوێزی سیستەمی باودان، یان وەک هەڕەشە و هۆکار بۆ تێکدانی ئەو سیستەمە سەیر دەکرێن.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٤دا زیاتر لە ٢٤٠٠ کەس، کە دووانیان منداڵ بوون، لەسێدارە دراون. لە ڕۆژانی ڕابردوو و لەم هەلومەرجە جەنگییەدا، دەزگای قەزایی ڕژێمی ئیسلامی زیندانییانی سیاسی مەهدی قاسمی، ساڵح محەممەدی و سەعید داودی – کە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوو بوون و بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دوو پۆلیس بە چەکی سارد لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار و کوشتنیان حوکم درابوون – لە شاری قوم لە سێدارە دا. بەرپرسانی قەزایی ڕژێم بانگەشەی ئەوەیان کرد کە تاوانباران لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگادا دانيان بە تاوانەکانیاندا ناوە. بەڵام بنەماڵەی ئەو کەسانە ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو دانپێدانانە لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاردا وەرگیراون و هیچ جۆرە ئیعتیبار و ڕەوایەتییەکی یاساییان نییە. بەپێی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، تەنیا لە مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٤ و لەسەر بەستێنی هەلومەرجی شەڕ و پەرەسەندنی سەرکوتدا، هەواڵی ٦٩ حاڵەتی لەسێدارەدان بڵاو بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە لەسێدارەدانەکانیش لە بێدەنگیی میدیاییدا جێبەجێ دەکرێن.

ئەم لەسێدارەدانانە کە بە شێوەی مامناوەند زیاتر لە شەش حاڵەتە لە ڕۆژێکدا، نیشانی دەدات کە ئێمە لەگەڵ ڕەوتێکی سیستماتیک و بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ توندکردنەوەی سەرکوت بەرەوڕووین. لەم جۆرە هەلومەرجانەدا، «یاسا» زیاتر لەوەی ئامرازێک بێت بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێتە بەشێک لەو ئامرازە سەرکوتگەرەی کە ئەرکەکەی کۆنترۆڵکردن، جیاکردنەوە و لە کۆتاییشدا سڕینەوەی بەشێک لە حەشیمەتی کۆمەڵگایە. لە سیستەمی ئیسلامیدا، دەسەڵاتی دەوڵەت لە تێکەڵەیەک لە سەرمایەداریی ڕانتی و ئایدۆلۆژیای ئایینیدا ڕێکخراوە. لە پێکهاتەیەکی وەهادا، دەزگای قەزایی بەشێکە لە میکانیزمی پیادەکردنی دەسەڵات. لەم دەزگایەدا، لەسێدارەدان دوو کارکردی هەیە: سڕینەوەی ڕاستەوخۆ و دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە ئاستی کۆمەڵگادا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە دەبێت زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە گرێدراوی لەگەڵ ساتەوەختەکانی قووڵبوونەوەی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا شی بکرێتەوە. تا قەیرانی ڕەوایەتیی سیاسیی ڕژێم قووڵتر بێتەوە، پشتبەستنی دەوڵەت بە ئامرازەکانی زەبروزەنگ زیاتر دەبێت و لەسێدارەدان دەبێتە یەکێک لە ئامرازەکانی جێگیرکردنی کاتیی ئەم بارودۆخە.

زیادبوونی لەسێدارەدانەکان دەبێت لەسەر زەمینەی قەیرانە کەڵەکەبووەکان، قەیرانی جەنگ، توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری، داڕمانی ڕەوایەتی و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان شیکاریی بۆ بکرێت. لەم دۆخەدا، دەوڵەت لە ئامرازەکانی دروستکردنی ڕەزامەندیدا تووشی بنبەست دەبێت و بەرەو بەکارهێنانی ئامرازە سەرکوتگەرانەکان هەنگاو دەنێت. لەسێدارەدان لەم دۆخەدا، بەشێکە لە بەڕێوەبردنی سیاسیی قەیرانەکە. ئەم ئامرازە، هاوکات ئەرکی سڕینەوە و تۆقاندن لەئەستۆ دەگرێت. سەرەڕای ئەوەش، پشتبەستنی زیاتر بە توندوتیژی دەتوانێت ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی کەلێنە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان و لاوازبوونی زیاتری پایە لەرزۆکەکانی دەسەڵات.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بەرە بەرە بووەتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بەشێک لە کۆمەڵگا. ئەم داواکارییە، پێچەوانەی تێگەیشتنی باو، تەنیا لە سەردەمەکانی سەقامگیریدا نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو تەنانەت لە هەلومەرجی قووڵبوونەوەی قەیرانە ئەمنییەکان و کەشوهەوای شەڕیشدا بەردەوام بووە. پێداگری لەسەر ئەم خواستە لەم جۆرە بارودۆخانەدا، نیشاندەری ئەوەیە کە پرسی لەسێدارەدان ئیتر تەنیا لە چوارچێوەی یاساییدا قەتیس نابێت، بەڵکوو گەیشتووەتە ئاستێک لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی کە دەیبەستێتەوە بە ڕەخنەگرتن لە تەواوی میکانیزمەکانی دەسەڵاتدارێتییەوە. لەم ڕوانگەیەوە، خەبات دژی لەسێدارەدان، نەک داواکارییەکی کاتی، بەڵکوو بەشێکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ فۆرمە پێکهاتەییەکانی توندوتیژی کە بەدەر لە هەلومەرجە گۆڕاوە سیاسییەکان، بەرهەم دەهێنرێنەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم میکانیزمانەشدا، فۆرمەکانی بەرخۆدان تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا شکڵ دەگرن.

کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» کە بە بەشداریی زیندانییان لە زیندانە جیاوازەکاندا بەڕێوە دەچێت، نموونەیەکی بەرچاوە لەم دۆخە. گرنگیی ئەم چالاکییانە لەوەدایە کە لە ناو جەرگەی فەزایەکەوە سەرهەڵدەدەن کە خۆی چەقی چڕترین سەپاندنی دەسەڵاتە. ئەم هەڵوێستە نیشانی دەدات کە تەنانەت لە دۆخی ئەوپەڕی سەرکوتیشدا، ئیمکانی دروستبوونی هاوپشتی هەیە. بەڵام ئاستی کاریگەریی ئەم بەرخۆدانانە بەستراوەتەوە بە گرێدرانیان لەگەڵ ئاستە بەرفراوانە کۆمەڵایەتییەکەوە. بەبێ ئەم گرێدانە، ئەم کەمپەین و چالاکییانە هەر لە سنووری خۆیاندا دەمێننەوە؛ بەڵام ئەگەر پەیوەست ببن بە هۆشیاریی جەماوەرەوە، دەتوانن ببنە بەشێک لە تێگەیشتنی گشتی لە ئامرازەکانی دەسەڵات. کورتکردنەوەی پرسی لەسێدارەدان تەنیا بۆ ئاستی یاسایی یان ئەخلاقی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی زەمینە ماددی و چینایەتییەکان، دەبێتە هۆی سادەکردنەوەی پرسەکە. ئەم دیاردەیە لە پەیوەند لەگەڵ پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە و بەبێ گۆڕینی ئەم پێکهاتانە، فۆرمە جیاوازەکانی بەردەوام دەبن. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەخنەگرتن لە لەسێدارەدان پێویستی بە سەرنجدانە بەو بارودۆخەی کە هەم دەبێتە هۆی بەتاوانبارکردنی بەربڵاو و هەم ئەو کەسانە بەرهەم دەهێنێت کە دەبنە ئامانجی ئەم سزایە.

لەم هەلومەرجەدا کە لەژێر بۆردومان و کوشتار و وێرانکارییەکانی شەڕێکداین کە کۆماری ئیسلامی خۆی یەکێکە لە هەڵگیرسێنەرانی، ماشێنی لەسێدارەدان لە کار نەکەوتووە. بۆیە پێویستە خواستی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی ببنە خواستی هاوبەشی بزووتنەوەی کرێکاری و سەرجەم بزووتنەوە پێشڕەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان. ناڕەزایەتی دەربڕین دژی لەسێدارەدان و کوشتنی بەئەنقەستی دەوڵەتی، بەدەر لەوەی کە ئەم سزایە بۆ لەناوبردنی زیندانییانی سیاسی جێبەجێ دەکرێت یان بۆ زیندانییانی ئاسایی، ئەرکی سەرشانی هەموو ئەو مرۆڤانەیە کە مژدەی ئاسۆی ڕزگاری دەدەن لە سبەینێی ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا.