فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامیی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی قوتابیان؛ «کێشەمان چارەسەر نەبێ، هەموو ڕۆژێ کۆبوونەوە دەبێ»
چوارشەممە ۲۰-۰۳-۱۴۰۵   |  10-06-2026

لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی ئێران لە بەرزەخی «نە شەڕ و نە ئاشتی»دا گیری کردووە، کرێکاران، خانەنشینان و قوتابیان، سەرەڕای ماندوویەتی و شەکەتیی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، خەباتیان بۆ هێنانەدیی ویست و داواکارییەکانیان دەست پێ کردووەتەوە. لە سێ هەفتەی ڕابردوودا، بەشێکی زۆر لە قوتابیانی پۆلەکانی یانزدە و دوانزدە لە شارەکانی ئێران، بۆ هێنانەگۆڕی ویست و داواکارییەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان. لە تاران لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە و لە شارەکانی دیکەش لە بەردەم فەرمانگەکانی پەروەردە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنا. ئەم ناڕەزایەتییانە لە کۆتاییەکانی مانگی گوڵانەوە و لە کاردانەوە بە هەلومەرجی کۆنکوور، گۆڕینی یاسا و ڕێسا فێرکارییەکان، سەرلێشێواویی لە بڕیارە پەروەردەییەکان و سیاسەتە پەروەردەییەکانی دیکەی ڕژیم، لە تاران و چەندین شاری دیکەوە دەستی پێ کرد و بەرەبەرە بۆ زیاتر لە ٢٠ پارێزگای ئێران، لەوانە تاران، مەرکەزی، ئەسفەهان، خۆراسانی ڕەزەوی و باکوور و باشوور، ئازەربایجانی ڕۆژاوا، گیلان، مازەندەران، خوزستان، سیستان و بەلووچستان، یەزد، قەزوین، قوم، کۆهگیلوویە و بۆیرەحمەد، فارس و هتد، پەرەی سەندووە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی قوتابیان بۆ وەدیهێنانی داواکارییەکانیان، لەوانە هەژمارنەکردنی تێکڕای نمرەکانی پۆلی یانزدە لە کۆنکووردا، تا ئێستا لە لایەن دامودەزگاکانی حکوومەتەوە وەڵامی نەرێنییان پێ دراوەتەوە. وەزیری پەروەردەی ڕژیم لە وەڵامی ناڕەزایەتیی قوتابیاندا ڕایگەیاند کە دیاریکردنی ڕێساکانی کۆنکوور لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدا نییە و لەم بارەیەوە بەناو “شوورای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی” بڕیاردەرە. کۆمیسیۆنی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ئیسلامیش، بەرپرسیارێتیی بڕیاردان و وەڵامدانەوە سەبارەت بە ڕێساکانی کۆنکوور، دەخاتە ئەستۆی ئەو “شوورای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی”یە. ئەندامێکی ئەم کۆمیسیۆنە ڕوو لە قوتابیانی ناڕازی ئامۆژگاریی کردن کە: “دەست لە ناڕەزایەتی هەڵگرن و وانەکانیان بخوێنن، چونکە ناڕەزایەتی هیچ سوودێکی نییە”. لە بەرامبەردا، قوتابیانی ناڕازی داوای دەستلەکارکێشانەوەی حوسێن خوسرەوپەنا، سکرتێری “شوورای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی” و ئەندامانی دیکەی ئەم شوورایەیان کرد. چونکە ئەم ئاخوندە کۆنەپەرستە ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردان، لە جیاتی وەڵامدانەوە بە داواکاری و کێشەکانی قوتابیان، بە بێڕێزی و سووکایەتیپێکردن، قوتابیانی ناڕازیی بە “مافیای کۆنکوور” ناو برد و ئیدیعای کرد کە بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوی ئەم دواییەی “شوورای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی” سەبارەت بە کۆنکوور، ئەوان هەزاران میلیارد زیانیان بەرکەوتووە.

هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە گەندەڵی، دزی و مافیای ئابووری لە هەموو جومگەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. بەڵام لکاندنی تۆمەتی مافیا بە قوتابیانی ١٧-١٨ ساڵەوە لە لایەن سکرتێری “شوورای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی”ی ڕژیمی ئیسلامییەوە، نیشانەی ڕوانگە و ڕەفتاری سەرکوتگەرانەی ئەم دامەزراوە حکوومییەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناڕەزایەتیی قوتابیان ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٦ و ١٧ی جۆزەردان پەرەی زیاتری سەند و قوتابیانی شار و پارێزگاکانی دیکەش پەیوەستیان بوون. قوتابیان لە کۆبوونەوەکانیاندا بە بەرزکردنەوەی دروشمگەلێک وەکوو: «کێشەمان چارەسەر نەبێ، هەموو ڕۆژێ کۆبوونەوە دەبێ»، «خوێندکار دەمرێت – سەرشۆڕی قبووڵ ناکات»، «قوتابی هاوار بکە – مافی خۆت داوا بکە»، «بەڵێنی زۆرمان بیست – هیچ ئاکامێکمان نەدی»، «مەترسن مەترسن، ئێمە هەموومان پێکەوەین»، «مەرگ بۆ مەسئوولی بێ لیاقەت»، نیشانیان دا کە کێشەکانیان تەنیا لە ڕێساکانی کۆنکووردا کورت نابێتەوە و، ویست و داواکاریی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیکەشیان هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، قوتابیانی ناڕازی پێداگرن لەسەر ئەوەی تا وەدیهاتنی داواکارییەکانیان درێژە بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەم شەپۆلە، لەم ماوەیەدا لە ڕێگەی پەیوەندیگرتن و ناردنی پەیام بۆ قوتابیانی پۆلەکانی ١١ و ١٢ لە شارەکانی دیکە، داوایان لێ کردوون پەیوەست ببن بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و درێژەی پێ بدەن.

وەڵامی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش بە قوتابیان، بریتی بووە لە هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەکان، سەرکوت و بەستنەوەی ناڕەزایەتییەکانیان بە “دوژمنی دەرەکی”یەوە. هێزە سەرکوتگەر و بەکرێگیراوەکانی ئینتزامی و یگان ویژەی ڕژیم، لە بڕێک لە شارەکاندا هێرشیان کردووەتە سەر قوتابیان و تێکهەڵچوون دروست بووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکیان بریندار و دەستبەسەر کردووە.

پچڕانی بەردەوام و درێژخایەنی ئینتەرنێت و داخرانی لەسەریەکی خوێندنگاکان بەهۆی شەڕ و پیسبوونی هەوا و بۆنە و بیانووەکانی دیکەوە، توندترکردنی کەشوهەوای ئەمنی لە خوێندنگاکان، گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ڕێساکانی پەروەردە، نائەمنی لەناو کۆمەڵگە و نادیاربوونی چارەنووسی داهاتوویان، بەشێکی دیکەن لەو کێشانەی کە قوتابیان ڕۆژانە دەستەویەخەن لەگەڵی. لە لایەکی دیکەشەوە، تێچووی زۆری خوێندن و کاڵاییبوون و چینایەتیبوونی پەروەردە لە ئێران، هاوکات لەگەڵ هەژاری و دەستکورتیی توند، بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە بنەماڵەکان توانای دابینکردنی خەرجییە قورسەکانی خوێندنی منداڵەکانیان تەنانەت لە قۆناغی سەرەتاییشدا نەبێت. بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامی، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕەوتێکی ڕوو لە هەڵکشانی بەخۆیەوە بینیوە. لە ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی یەک ملیۆن قوتابی لە ئێران ناچار بە وازهێنان لە خوێندن بوون. لەم نێوەندەدا، قوتابیانی ناوچە بێبەش و پەراوێزخراوەکان و بنەماڵە کەم‌داهاتەکان، زیاتر لە کەسانی دیکە قوربانیی ئەم سیاسەتەن. سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی هەڵاواردنی ڕەگەزییەوە، ئاماری وازهێنان لە خوێندن لەناو کچاندا بەراورد بە کوڕان زۆر بەرزتر بووە. ئەم ناوەندە دان بەو ڕاستییەدا دەنێت کە هەژاریی ئابووری و هەڵاواردنی ڕەگەزی، لە گرنگترین هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندنی قوتابیانن لە ئێراندا.

لە چوار مانگی ڕابردوودا، هەبوونی بارودۆخی شەڕ لە ئێران، سەرەڕای پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و سیاسی، بووەتە هۆی کەمبوونەوە و دامرکاندنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگە. دەرەنجام و لێکەوتەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، بەرزبوونەوەی زیاتری هەڵاوسان، پەرەسەندنی بێکاری و گرانی، و کەمبوونەوەی توانای کڕین و بەتاڵتربوونی سفڕەی بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژە چەوساوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی بەدوادا هاتووە. لەم ماوەیەدا ڕژیمی ئیسلامی بە بیانووی شەڕ، هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم دۆخە کارەساتبارە دەخاتە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و دوژمنان، و دڕندانە سەرکوتی دەکات. ئێستا و بە تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئاگربەستێکی لەرزۆک و ناسەقامگیردا، ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، ژنان، خانەنشینان، مامۆستایان و قوتابیان، خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوتی پێش شەڕ. لە وەها هەلومەرجێکدا، وەدیهاتنی ویست و داواکارییەکان و چارەنووسی خەباتی قوتابیان و سەرکەوتنیان، گرێ دراوە بە خۆڕێکخستن و تێکۆشان بۆ هاوپشتی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ئێراندا.