فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامیی هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراواکان بۆ سەر قوتابییان؛ ٧ قوتابخانەی دیکە کرانە ئامانج
سێشەممە ۱۲-۰۲-۱۴۰۲   |  02-05-2023

ڕۆژی دووشەممە، ١١ی گوڵان هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی “مێعراج” و “بێنتەلهودا” لە شاری سەقز و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.
هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە کیمیاییەدا هێزەکانی یەگان ویژەی ڕژیم هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەی دواناوەندیی “مێعراج” و قوتابییەکی ئەو قوتابخانەیە بەهۆی لێدانی باتۆمی ئەو هێزانە سەری شکاوە و بەسەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لەو شارە گواستراوەتەوە.

هەروەها هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی “عەفاف” و “سەجاد” لە شاری تاران و کۆمەڵێک قوتابیی ئەو قوتابخانەیەش ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.
لە ڕەوتی ئەو هێرشانەدا، قوتابخانەی “فاتمە”ی شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشان کراوەتە ئامانج و بەهۆی نەبوونی پێداویستیی دەرمانیی پێویست لەو شارە، لە شاری بیستوون ئەمبوڵانس و پێداویستیی دەرمانی بۆ هەرسین نێردراوە. لە کاتی ئەو هێرشەدا بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە دەرگای سەرەکی و هاتنە ژوورەوەی قوتابخانەکەیان بە ڕووی دایک و باوکی قوتابییان داخستووە و نەیانهێشتووە بچنە ژوورەوە.
هاوکات هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی “سارەڵڵا” لە گەڕەکی فەردیسی کەرەج و لە ئاکامی ئەو هێرشەشدا کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.
هەروەها قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی “جەعفەری” لە شاری کرماشان و لانیکەم ٤٠ قوتابیی ئەو قوتابخانەیە ژاراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەی محەممەدی کرماشانی لەو شارە گواستراونەتەوە کە بارودۆخی تەندروستیی چەند کەسێکیان ناجێگیرە.