ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی پووشپەڕ، حەسەن ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی بۆکان بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی”، سزای شەش مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە. ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردان، زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی ئاخێزی جەماوەریی شاری سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی گیانبەختکردووانی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کران کە یەکیکیان حەسەن ئەمینی بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گوازرایەوە. دواتر ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی، ٢٦ی جۆزەردان، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد بوو. محەممەد ئەمینی، برای حەسەن ئەمینی و دانیشتووی گەڕەکی تەقتەقان لە شاری سنە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی بەخت کرد.