بەردەوامیی گوشارەکان و دەستبەسەرکردنی خەڵکی کوردستان؛ تەنیا لە هەفتەیەکدا ٣٥ کەس دەستبەسەرکراون
چوارشەممە ۰۱-۰۶-۱۴۰۲   |  23-08-2023
لە ماوەی کەمتر لە مانگێک پێش لە ساڵیادی دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، (١ مانگی ڕابردوو) گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکان بە بانگکردن و هەڕەشەکردن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لە ماوەی یەک حەفتەدا واتە لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ تا ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، لانیکەم ٣٥ هاووڵاتیی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون، چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێز و بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ناوەند و هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە.