فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامی بانگ کران و لێپرسینەوە لە چالاکانی ژن لە شاری سنە
چوارشەممە ۲۶-۰۶-۱۴۰۴   |  17-09-2025

لە درێژەی گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن، هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چوار چالاکی مافی ژنان لە شاری سنە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە بانگ کران.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی سێشەممە ۲۵ی خەرمانانی ١٤٠٤، “سیمین چایچی”، شاعیر و نووسەر، “فاتمە زەندکەریمی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان، “مەرزیە مورادوەیسی” و “سووسەن ڕازانی”، لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراون و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاوکات لەگەڵ بانگکردنی ئەو چالاکانە، ژمارەیەک لە مامۆستایان و ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەی دادخوازان بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوەتەوە. شایانی باسە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنی و بەشێوەی هاوکات و ئامانجدار، پەیوەندیی بە ژمارەیەک لە چالاکانی ژن لەو شارە گرتووە و چەند کەسیانی بانگ کردووە. ئەو کردەوانە لەحاڵێکدا ئەنجام دراون کە هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هێزە ئەمنییەکان بە ئامادەبوونی بەرفراوان و گوشار لەسەر شارەکانی کوردستان، کەشی سەرکوتیان لەسەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی زیاتر کردووە و هەوڵیان داوە لە هەر چەشنە کۆبوونەوە و چالاکییەکی مەدەنی ڕێگری بکەن.