بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە ئیسڕائیل
یەکشەممە ۰۸-۰۵-۱۴۰۲   |  30-07-2023
بەدەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئیسڕائیل شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ٧ی گەلاوێژ، بۆ جارێکی دیکە لە ناڕەزایەتیی بە بڕیاری دەوڵەت سەبارەت بە بەرەوپێش بردنی گەڵاڵەی چاکسازی لە دەسەڵاتی دادپەروەری، هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
خۆپیشاندەران لە شاری “حیڤا” تا دوورگەی ئیلات لە باشووری ئیسڕائیل، بە هەڵدانی ئاڵای ئەم وڵاتە کە بووەتە سەمبۆلی ئەم ناڕەزایەتییانە، هەوڵەکانی دەوڵەتی نێتانیاهوو لە ڕاستای گۆڕینی “سیستمی دادپەروەری و بەرتەسک کردنەوەی ئێختیاراتی دیوانی باڵا” یان مەحکووم کرد. ئەم خۆپیشاندانانە لە حاڵێکدا سی هەمین حەفتەی خۆی تێپەڕ دەکات کە بەشی یەکەمی ئەم گەڵاڵەیە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە پارلەمانی ئیسڕائیل “کەنێسێت” پەسەند کراوە.