ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خاکەلێوە، بە دەیان هەزار کەس لە شارەکانی فەڕانسە لەوانە پاریس، بۆ ١١مین ڕۆژی بەردەوام هاتنە سەر شەقامەکان و لە دژی چاکسازی لە سیستمی خانەنشینی، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
شایانی باسە، ئەم خۆپیشاندانە کە بە گەورەترین خۆپیشاندان لە ماوەی ڕۆژانی دابردوودا دێتە ئەژمار، گرژی لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ١١١ کەس لە لایەن هێزەکانی پۆلیس دەستبەسەر و ١٥٤ کەس لە هێزەکانی پۆلیسیش بریندار بوون. بەوتەی وەزارەتی ناوخۆی فەڕانسە، لەم خۆپیشاندانەدا ٥٧٠ هەزار کەس بەشداریان کردبوو. ئەمە لەحاڵێکدایە کە یەکێتییە کرێکارییەکان ڕایانگەیاندووە، لەم خۆپیشاندانە نزیکەی دوو ملیۆن کەس بەشداریان کردووە. پێویستە ئاماژە بکرێت، بەهۆی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی فەڕانسە بەردەوامە و خۆپیشاندەران داوا لە حکومەت دەکەن کە لە بریارەکەی پاشگەز بێتەوە.