سەرەڕای تێپەربوونی دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەفا عائێلی تا ئێستا تەنیا پێوەندییەکی تلفۆنی کورتی لەگەڵ بنەمالەکەی گرتووە و بە بێ ئاماژەکردن بە شوێنی ڕاگیرانی، ڕایگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی بکەن.
ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانان، سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ هیچ هۆکارێک هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سەفا عائێلی و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تا ئێستا ڕوون نییە کە کام ناوەند سەفا عائێلی دەسبەسەر کردووە و بنەماڵەکەی سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەکیان نییە و نیگەرانن.