
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، چوار هاووڵاتیی بە ناوەکانی “ڕەسووڵ پوورخزری”، “فایەق قادرزادە”، “فەردین نووری” و “فایەق ڕەشیدیان”، لە شارەکانی سەقز، مەهاباد و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە. بە هەژمارکردنی ئەو چوار حاڵەتە، ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لە ماوەی ئەم مانگەدا گەیشتووەتە ٧٠ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، فایق قادرزادە، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. هاوکات ڕەسووڵ پوورخزری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “سۆفیان”ی سەر بە شاری شنۆ کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “خووردەلووکی” سەر بە ناوچەی سەر شیوی سەقز بە ناوەکانی “فەردین نووری و فایەق ڕەشیدیان” لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بانە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. شایانی باسە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو چوار هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.