بەردەوامی شەپۆلی دەستبەسەر کرانەکان لە شاری بۆکان
شەممە ۳۱-۰۳-۱۴۰۴   |  21-06-2025

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بێهرووز یەزدانپەنا تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بەکارهێنانی توندووتیژی دەستبەسەر و ڕاپێچی یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ورمێ کرا.
هەروەها، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ئیسماعیل ئیسماعیل پوور، تەمەن ٦٠ ساڵە و خەڵکی شاری بۆکان لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کرا. بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئیسماعیل پوور، ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکرانی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ گواستراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەست نییە.