وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی کە ٣٩٢ ڕۆژی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە و زیاتر لە سێ مانگە بە فەرمانی دادوەر سەڵەواتی لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە، لە لایەن لیژنەی ئینزباتیی زیندانی ئێڤینەوە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجێکرانی حوکمی ئێعدامی “ڕەزا ڕەسایی”، بەندکراوی سیاسیی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکەش لەو مافە بێبەش کراوەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ڕێکەوتی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ، وریشە مۆرادی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی سنە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی ژنی زیندانی ئێڤین لە لایەن لیژنەی ئینزباتیی ئەو بەندیخانەیەوە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش کراون. هەروەها ١٤ی گەلاوێژ دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی وریشە مۆرادی دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، بەهۆی ئامادەنەبوونی لە دادگا بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر “پەخشان عەزیزی” و “شەریفە محەممەدی” بۆ کاتێکی دیکە دوا خرا. هەروەها، دانیشتنی یەکەمی دادگای ئەو چالاکە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “بەغی” بەڕێوە چوو کە لەو دانیشتنەدا ئیزنی بەرگری بە وریشە و پارێزەرەکانی نەدرابوو.