خوێندکارانی چەندین زانکۆی شارەکانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گوڵان، لە ناڕەزایەتیی بە ڕەوتی چوونەسەرەوەی ئێعدامەکان بەتایبەت ئێعدامی سێ هاووڵاتیی ناڕازی ئیسفەهانی، دەستیان دایە کۆبوونە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، خوێندکارانی کوڵێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی زەهرا، خوێندکارانی کولێژی زانستی بیرکاری و کۆمپیتێری زانکۆی خاڕەزمی، خوێندکارانی زانکۆی تاران و خوێندکارانی زانکۆی بێهشتی، بە شێوەی جیاجیا و لە ڕێگەی هەڵواسینی وێنەی “مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی و ساڵح هاشمی” و هەروەها هەڵواسینی تەنافێکی دار لە ڕێڕەوی کوڵێژەکەیان و خوێندنی سروود، لە ئاست ئێعدامی ئەم سێ بەندکراوە و هەروەها لە ناڕەزایەتیی بە چوونەسەرەوەی ڕەوتی ئێعدامەکان، دەستیاندایە کۆبوونەوە. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی شەممەش خوێندکارانی زانکۆی تەربییەت مۆدەرێس، زانکۆی تاران و زانکۆی زەنجان، بەم مەبەستە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردبوو.