وەزارەتی بەرگری سوورییە ڕایگهیاندووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕێبەندان، سپای ئیسڕائیل هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر شاری دەمێشق، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، بەڵام ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێرشەکەی ئیسڕائیل لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بووە و ناوچەکانی “دیماس” و “مەشرووع دەمریان” لە دەمێشق بۆردوومان کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وەزارەتی بەرگری سوورییە بڵاویکردووەتەوە، لە رێگەی سیستەمی بەرگرییەوە بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیلیان داوەتەوە، کە چەند خاڵێکی لە دەوروبەری دەمێشق کردووەتە ئامانج.
هەروەها رایگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکانی ئیسرائیل تەنیا زیانی ماددیان هەبووە و چەند مووشەکێکیش خراونەتە خوارەوە. بەڵام روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکدا لە دیمەشق ژمارەیەک کەسانی بیانیان کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی ئامارێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سپای ئیسرائیل ١٠ جار هێرشیکردووەتە سەر سوورییە، کە حەوتیان هێرشی فڕۆکەی جەنگی بوون و سێ هێرشیش زەمینی بوون و ٢٨ ئامانجیان پێکاوە، لە نێویاندا جبەخانە و ژمارەیەک بنکە و بارەگا هەن، کە بەهۆی هێرشەکانەوە ٢٤ چەکدار کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون، لە نێویاندا شەش کوژراو، راوێژکارانی سەربازی سپای پاسدارانی کوماری ئیسلامی بوون و چواریشیان چەکداری حزبوڵڵای لوبنان بوون. هەروەها سێ چەکداری گرووپە میلیشیاکانی عێراق و ١٠ چەکداریش سەر بە گرووپە میلیشیاکانی کوماری ئیسلامی بوون، تەنیا ناوی یەکێك لە کوژراوەکان ئاشکرا نەکراوە.