ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی گوڵان، ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی”ئۆنروا” ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەوە تاکوو ئێستا، نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ڕەفەح هەڵاتوون.
لەلایەکی دیکەوە، سپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس لە ڕەفەحەوە بەرەو ناوچەی مرۆیی ئەلمەواسی ڕۆیشتوون. شایانی باسە، دەوڵەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە فەرمانی بە دانیشتووانی شاری ڕەفەح کرد کە شارەکە چوڵ بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانییەتی. نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی دیکە ماوەی چەند هەفتەیەکە هۆشداری دەدەن لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر. جێگەی ئاماژەیە، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار فەلەستینی کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی غەززەن، پەنایان بۆ شاری ڕەفەح بردووە.