لە درێژەی ڕەشبگیرییەکان لە شارەکانی کوردستان، هێزەکانی ڕژیم لە شاری سەرپێڵ زەهاو، دوو هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی “شاهۆ مۆرادی”، تەمەن ٢٦ ساڵ و “قەنبەر وەیسی” تەمەن ٣٤ ساڵ و هەروەها پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سەرپێڵ زەهاویان بەناوەکانی “محەممەد ئەلیاسی سەرزەلی” تەمەن ٣٢ ساڵ، “شاهۆ ئەحمەدی”، تەمەن ٢٩ ساڵ، “کیانووش ئەخگەر”، تەمەن ٣٢ ساڵ، “میلاد حەیدەری”، تەمەن ٢٦ ساڵ و “ئەمیر محەممەد ڕەنجبەر”، تەمەن ٣٤ ساڵ دەستبەسەر کراون.
بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییانە لە هێرشێکی توندوتیژانەی هێزێکی پێکهاتوو لە چەند ناوەندێکی جیاوازی ڕژیم دەستبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە میدیاکانی سەر بە ڕژیم، لە زاری ئەمیر فەیزی، داواکاری گشتیی شاری سەرپێڵی زەهاو، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەم لاوانە لە “ڕێبەرانی خۆپیشاندانەکان”ن. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاوڵاتییانە لەبەردەستدانییە.