فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامی گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بەرپرسانی قوتابخانەی فێردەوس لە جوانڕۆ
چوارشەممە ۰۷-۰۸-۱۴۰۴   |  29-10-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، مێهری خوسرەویزادە، مامۆستای بەشی پەروەردەو بەرپرسی یارییدەر و ڕێنوێنیکەری خوێندکاران لە پێشکەشکردنی سروودی “بەتەنیا جێم مەهێڵن” و سروودی ئازادیخوازانەی “ڕێی خەبات” لە قوتابخانەی سەرەتایی فێردەوس لە شاری جوانڕۆ، دوای چەند قۆناغێک لە بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە لایان ئیدارەی ئیتلاعات ،جگە لە مافی وانەوتنەوە، لە مافی هەرچەشنە بەرزکردنەوەیەکی بەرپرسیارێتیی ئیداری بێبەش کراوە.
مێهری خوسرەویزادە و زەیتون کۆهزادی دوابەدوای خوێندنی سروودەکان ، پاش بانگهێشت کردن و لێپرسینەوەیە لە لایان ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆ، لەم دواییانەدا لە لایەن لقی یەکەمی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری جەوانڕۆ بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” تۆمەتبار کران. مێهری خوسرەویزادە، مامۆستای بەشی پەروەردەو بەرپرسی یارییدەر و ڕێنوێنیکەری قوتابیان لە پێشکەشکردنی سروودەکان، لە ساڵانی ڕابردووشدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە، سروودی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی وێڕای خوێندکاران پێشکەش کردووە. جێگای ئاماژەیە، پێشتریش “زەیتون کۆهزادی” بەڕێوبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەیی فێردەوس بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سروودی شۆڕشگێڕانەی “ڕەیی خبات” لە سۆشیال میدیا، لە ئەرکی بەڕێوبەرایەتی قوتابخانەکە دوورخرایەوە و وەک مامۆستا لە هەمان قوتابخانە وانە دەڵێتەوە. هەروەها بەرپرسانی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە، چوار میلیون تمەن لە پارەی مانگانەی ئەو مامۆستایە وەک سزای تەواوکەر، کەم دەکەنەوە.