بە گوێرەی هەواڵەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، برا و خوشکەکانی دکتۆر “ئازاد حسێن پووری” بە ناوەکانی “شەیما حسێن پووری، شیرین حسێن پووری، فەریبا حسێن پووری و شەهروز حسێن پووری و هەروەها زاواکەیان بەناوی ڕەحمان ئیسماعیلی، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە خراونەتە ژێر گوشار و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، دوو خوشکی ئازاد حسێن پووری بەناوەکانی “شەیما و فەریبا حسێن پووری”، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ دووەم جار بانگ کراون. شایانی باسە، ئەو دوو کەسە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینە و هەڕەشەیان لێکراوە. پێشتریش لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕدا، شیرین حسێن پووری، فەریبا حسێن پووری، شەهروز حسێن پووری و ڕەحمان ئیسماعیلی بانگکرابوون و بۆ چەند سەعاتێک لە ژێر لێپرسینەوەدابوون. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی کوشتنی لەم بنەماڵەی دادخوازە کردووە و تۆمەتباری کردوون بە هاوکاریکردنی “دژە شۆڕش”، “ڕێبەرایەتی کردنی ناڕەزایەتییەکان” و بەرپرسیارێتی کوشتنی چەند کەس لەئاخێزی “ژن ژیان ئازادی” لەو شارە. جێگای ئاماژەیە، ئیدارەی ئیتلاعات هۆشداری داوەتە ئەم بنەماڵە دادخوازە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێت لە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی یاد کرانەوەکانی گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتییەکان و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆ ببوێرن.