فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانووبەرە لە ئێران
یەکشەممە ۰۹-۰۲-۱۴۰۳   |  28-04-2024

ڕۆژنامەی ”دنیای ئیقتساد” لە ڕاپۆرتێکدا پلەبەندیی هەڵاوسانی هەڵکشانی کرێی خانووی وڵاتەکەی لە مانگی نەورۆزی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو تاوتوێ کردووە و بەو ئەنجامە گەیشتووە کە هەڵاوسانی کرێی خانوو لە مانگی نەورۆزی ئەمساڵدا، ٤١ و ٨ دەهۆمی لەسەد بووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، خێرایی هەڵکشانی کرێی خانوو لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە ئەمساڵیشی گرتووەتەوە، پەیوەندیی بە کاریگەریی ڕێژەی هەڵکشانی ”هەڵاوسانی گشتی” لەسەر ”هەڵاوسانی کەرتی نیشتەجێبوون” هەیە، کەچی ئەمساڵ هەڵاوسانی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەڵاوسانی گشتیی زیاترە. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە بڕیارێکی پەرلەمانی وڵاتەکەی داوە کە تێیدا هاتووە، دەبێ کرێی خانوو لەسەر بنەمای ٥٠ بۆ سەدا ١٠٠ی هەڵاوسانی گشتیی دابنرێت و لەوە زیاتر نایاساییە.
ڕوونیشی کردووەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی ئاماری فەرمی ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی گشتی سەدا ٣٠ و ٩ دەهۆم تۆمار کراوە، کەچی ڕێژەی سەدا ٤١ و ٨ دەهۆم هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی یەکەی نیشتەجێبوون دەری دەخات نرخی خانوو ١ و ٣٥ دەهۆم لە ڕێژەی هەڵاوسانی گشتیی زیاتر هەڵکشاوە. ماڵپەڕی تیجارەت‌ نیوزیش لەسەر زاری پسپۆڕانی کەرتی نیشتەجێبوون ئاماژەی بە هۆکارەکانی گرانبوونی خانووبەرە لەو وڵاتە داوە و یەکەم هۆکاری بۆ دۆخی گەشەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا گەڕاندووەتەوە کە لە سەرووی سەدا ٤٠ پێشبینی کراوە.
هۆکارێکی دیکەیشی بۆ کەمیی دروست کردن و خستنەڕووی یەکەی نیشتەجێبوون گەڕاندووەتەوە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەڵێنی حکوومەت بۆ خستنەڕووی ٣٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ساڵدا جێبەجێ نەکراوە و کەم کراوەتەوە بۆ ٢٠٠ هەزار واحید.
 هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، خاوەنداریەتیی دامەزراوە حکوومەتییەکان و بانکەکان لەسەر ژمارەیەکی زۆری مڵکەکانی سەرانسەری ئێران بووەتە گرفتێکی گەورە و حکوومەتیش ناتوانێت دەست بەسەر زێدەڕۆیی ئەو مڵکانەدا بگرێت.