بەپێی نوێترین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی بێکاری لە شارەکانی کرماشان و گوندەکانی سنە، دوو هێندەی ئەو ڕێژەیە لە شار و گوندەکانی پارێزگاکانی دیکەی ئێرانە.
بەپێی ئەو داتا نوێیانەی ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردۆتەوە، رێژەی بێکاریی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە زستانی ١٤٠٢، گەیشتۆتە ٨ و ٦دەهۆمی لەسەد و بەپێی ئەو رێژەیەش، لە هەر ١٠٠ کەس کە بەدوای کاردا گەڕاون، تەنیا نۆ کەسیان کاریان دەست نەکەوتووە. بەپێی ئەم ئامارە، ڕێژەی بێکاریی لە ناوەندی شارەکان و گوندەکانی دەورووبەریان یەکسان نەبووە و بەشێوەی تێکڕا لە ناوەندی شارەکان ٩لەسەد و لە سنووری شارەکانیش ٧ و ١دەهۆمی لسەد تۆمارکراوە، ئەو رڕێژەیەش بۆ هەموو پارێزگاکان یەکسان نەبووە. هەرچەند بەراوردی ڕێژەی بێکاریی لە ٣١ پارێزگای ئێران دەریدەخات، ئەو ڕێژەیە لە ناوەندی شارەکانی ٢٧ پارێزگا، لە ڕێژەی بێکاریی دانیشتوانی گوندەکانی دەورووبەریان زیاتر بووە، بەڵام لە چوار پارێزگا کە یەکیان پارێزگای کوردستانە، ڕێژەی بێکاریی خەڵکی گوندەکان لە دانیشتوانی ناو شارەکان زیاتر بووە. داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، ڕێژەی بێکاریی لە گوندەکانی پارێزگای کوردستان، گەیشتۆتە ١٤ و ٩دەهۆمی لەسەد و سێیەمین پلەی بێکارییان لەنێوان ٣١ پارێزگایەدا پێ بڕاوە. بەرزترین ڕێژەی بێکاریی ناوەندی شارەکانی ئێران، لە ناوچە شار نشینەکانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە کە ١٨ و ٤دەهۆمی لەسەد بووە، واتە لەهەر ١٠٠ کەسی کرماشانی کە ویستویانە کار بکەن، ١٨ کەسیان بێکار ماونەتەوە.